ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان زیاتر دەبن

پێنی کورد و ناوەندی نەخیل و بەرەی ژنانی باشووری کوردستان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان و گوتیان: "چاپەمەنی ئازاد ناوەستێت. ئێمە بەرامبەر داگیرکەر و هاوکارەکانیان بێدەنگ نابین".

کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندی پێنی کورد دەربارەی هێرشی سەر خەباتکارانی چاپەمەنی ئازادی ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

گوتی: "لە بەردەوامیی هیرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر نووسەر، ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتیانی مەدەنیی، ئەمڕۆ ٢٣ی ئاب، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، سێ ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەتر لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی میدیایی خۆیاندا، کردە ئامانج. بەهۆی ئەو هێرشەوە هەر یەک لە ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا ٤٠ ساڵ، هێرۆ بەهادین ٢٧ ساڵ ژیانیان لەدەستدا و ڕۆژنامەنووس ڕێبین بەکری تەمەن ٣٠ ساڵیش بە سەختیی برینداربوو.ئەو هێرش، گوشار، دەستگیرکردن، داگیرکاریی و بە ئامانجگرتنەی هاوڵاتیانی مەدەنیی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و هیچ یاسایەکی جیهانیی ڕێگای پێنادات. ئێمە وەکوو ناوەندی پێنی کورد ئەو کردەوانە بە توندیی شەرمەزار دەکەین و هاوخەمیی بۆ هاوڕێیانمان لە کۆمپانیای چەتر ڕادەگەیەنین. هەروەها داوا لە هاوپیشەکانمان دەکەین لە سەرانسەری جیهان، کە لەبەرامبەر زوڵم و زۆردارییەدا ببنە دەنگی ئاشتیی و ئازادیی".

"تێکۆشانمان دژی دوژمن و هاوکارەکانیان بەردەوام دەبێت"

بەرەی ژنانی باشووری کوردستان گوتی: "دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک سەرەڕای پەلکێشییەکانی بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان و دەستدرێژیکردنە سەر سروشت و دارستانەکان و سوتاندنی رەزو و باخی هاوڵاتیان و چۆڵکردنی سەدان گوند بە زۆرە ملێ داگیرکردنی ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی باشوری کوردستان و هێنانی سوپایەکی زۆر بۆ ناوچەکانی بادینان و درووستکردنی چەندین سەربازگەی نوێ و دزینی سامانی سرووشتیی ئەو ناوچانە هەروەها بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکیی لەبەرامبەر بە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە.

 دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە بە داگیرکاری و هێرشە قڕکەرییەکانی دەدات لەسەر گەلەکەمان، بەڵام ڕۆژانە پارێزەرانی خاک و هاوڵاتیانی کوردستان (گەریلاکانی ئازادیی) گورزی کوشندە لە فاشیزم و داگیرکەران دەدەن، لەبەر ئەوە ئەم دەوڵەتە دوور لە هەموو بەهاو پرەنسیپێکی مرۆڤانە و ئەخلاقی بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو زیانانەی کە لە ناوچەکانی بەرخودان بەری دەکەوێت. هەروەها بۆ لاڕێدا بردنی سەرنجەکان و رایگشتی لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوەوەی وڵات لەسەر ناوچەکانی شەڕ، داگیرکاری و سوتاندن و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو هەموو هەوڵێک دەدات.

وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیی و بە  ترسنۆکانە هەڵدەستێ بە بۆردوومانکردنی شوێن و پێگەی کەسانی سڤیل، ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەنووسان، فاشیزمی تورک جاری یەکەم نییە کە هێرش بکەنە سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بەڵکو پێشتر لە شنگال و ڕۆژئاوای کوردستانیش بینیمان کە هێرشیان بۆ سەر ڕۆنامەنووسان ئەنجامدا و ڕۆژنامەنووسانیان شەهید کرد، هەروەها لە باکوری کوردستان هێرشی سەر ناوەندەکانی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەکەن و دەستگیریان دەکەن، ئەمڕۆش فاشیزمی تورکیا لە باشووری کوردستان بۆ جارێکی دیکە پۆلێک لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانی چاپەمەنی ئازادیی لە نزیک سەیدسادق بە ئامانج گرت، لەو هێرشەدا دوو ڕۆژنامەنووسی ژن تیایدا شەهیدبوون و ڕۆژنامەنووسێکی تریش برینداربوو.

ئێمە وەک بەرەی ژنانی باشووری کوردستان وێڕای ئیدانە و شەرمەزارکردنی ئەو کارە ترسنۆک و تیرۆرستییەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر ڕۆژنامەنووسان کە بە تۆڵەکردنەوەشی دەبینین لەبەرامبەر ئەو شکستەی ڕۆژانە ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لەسەر دەستی وڵاتپارێزان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، داوای هەڵوێستی جددی لە هەموو ئەو کەسانەی دەکەین کە لەچوارچێوەی هزری ئازاد و سەربەخۆ و وڵاتپارێزی خۆیان دەبیننەوە، هەروەها داوا دەکەین لەگەلەکەمان لە باشووری کوردستان چیتر بێدەنگ نەبن لەبەرامبەر ئەم کوشتار و داگیرکارییە کە تورکیا بە پاڵپشتی هێڵی خیانەت لە باشووری کوردستان بەڕێوەی دەبات".

"پێویستە بە ڕای نێودەوڵەتی ڕایبگەیەنین"

ناوەندی نەخیل بۆ مافی ئازادی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند پێویستە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان بگەیەنرێت بە ڕای گشتی، بانگەواز لە حکومەتی عێراق و ڕێکخراو و چالاکوانانی ئازادی چاپەمەنی دەکات تەنها بە شەرمەزارکردن و خۆپیشاندان نەوەستن، دەڵێت: "بانگەواز لە حکومەتی عێراق دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و ئاسایشی خەڵکی مەدەنی جێبەجێ بکات، ژینگەیەکی سەلامەت و گونجاو لە هەموو پارێزگاکان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی بخوڵقێنێت".