لە دوای شارەوانییەکانی ئەسەنیورت، مێردین، ئێلح، خەلفەتی و دێرسم، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی میکس لە زۆر شاردا شەرمەزارکرا.
ئەدەنە
هێزەکانی ڕەنج و دیموکراسی ئەدەنە لە پارکی ئینۆنۆ چالاکیان کرد. جەماوەر پانکارتی "قەیوم کودەتایە لە دیموکراسی. نا بۆ کودەتا" و "بە بەرخۆدان لە دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە سەردەکەوین"یان هەڵگرت و دروشمی "لە دژی فاشیزم شان بە شان" و "بەربەست لەپێش گەل نا، لەبەردەم قەیوم دابنێن" و "ماف، یاسا، دادپەروەری" ، "بە فشار نامانترسێنن" و "بیرسەن ئۆرهان شەرەفمانە" بەرزکرایەوە.
سەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) ئەدەنە پارێزەر یەعقوب ئاتاش ناڕەزایەتی لە دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە پیشاندا. ڕاگەیاندراوێک لە لایەن سەرۆکی لقی توم بەل- سەن ی ئەدەنە محەمەد چەلیک خوێنرایەوە. چەلیک بانگەوازیکرد بۆ ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەل و گوتی: "کودەتای قەیوم بە واتای ڕاگرتنی دیموکراسییە. قەیوم زاڵم و دزییە. قەیوم بێ دەسەڵاتییە، دوژمنایەتی بەرانبەر گەلەکەی".
ئەنقەرە
هێزەکانی ڕەنج و دیموکراسی ماماک لە توزلوچایر دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی شەرمەزارکرد. هاوسەرۆکی شارەوانی دەم پارتی ئەنقەرە فاتین کانات، نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشداری چالاکییەکە بوون. لە چالاکییەکەدا پانکارتی "ئەوانەی دان بە ئیرادەماندا نانێن، ئێمەش دان بەوان نانێین"یان هەڵگرت و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.
بەڕێوەبەری دەم پارتی ماماک ساڵەح گونولتاش ئاماژەی بەوە کرد سیاسیەتی قەیوم دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەیە و گوتی: "هۆشیاریتان پێ دەدەین، واز لە فاشیزم بێنن".
دەنیزلی
ڕێکخراوی دەم پارتی دەنیزلی لەبەردەم بینای ناوچەی مەرکەزئەفەندی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا. لە ڕاگەیاندراوەکەدا پانکارتی "شارەوانی ئێمەیە، دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە قبوڵ ناکەین" هەڵگیرا و دروشمی "خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆمان دەکەین" و "قەیوم قبوڵ ناکەین" و "بژی ئاشتی،بمرێت فاشیزم" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "ئیرادەی گەل دەستی بەسەردا ناگیرێت" بەرزکرایەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی پاموکالە ئەسما ئەسڵان لە چالاکییەکەدا گوتی: "کێشەی سەرەکی کێشەی کوردە. لەبری ئەوەی بە ڕێگەی دیموکراسی و ئاشتییانە چارەسەری بکەن، هانا بۆ فشار و زۆرداری و نکۆڵیکردن و سیاسەتی قەیوم دەبەن. لێرەوە بانگەواز لە دەسەڵاتی سیاسی دەکەین کە دەبێت دەست لە سیاسەتی قەیوم هەڵبگرێت".