پارێزەران جارێکی دیکە بۆ رۆیشتن بۆ ئیمراڵی سەردانی بەرپرسانیان کرد
پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوەى بتوانن موەکیلەکەیان بە خێرایی لە ئیمراڵی ببینن سەردانی داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتیی زیندانی ئیمراڵیان کرد.
پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوەى بتوانن موەکیلەکەیان بە خێرایی لە ئیمراڵی ببینن سەردانی داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتیی زیندانی ئیمراڵیان کرد.
فایەق ئۆزگور ئەرۆل، ڕازییە ئۆزتورک، ڕێزان ساریجا و چەنگیز یورکلی پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ ئەوەى بڕۆن بۆ ئیمراڵی و چاویان بە موەکیلەکەیان بکەوێت سەردانی داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتیی زیندانی ئیمرالی کرد.
ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە پارێزەرانی نووسینگەی پارێزەرانی سەدە سەردانی داواکاری گشتیی بورسایان کردووە، بەمەبەستی ئەنجامدانی دیداری بەپەلە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
پارێزەران ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە هەشت مانگە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ڕێبەر ئۆجالانەوە دەستنەکەوتووە و داوا دەکەن، کۆتایی بەوە بهێندرێت کە هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕێبەر ئۆجالانەوە بەدەستناهێنن.
پارێزەران ئاشکرایانکردووە، دوای سەردانیکردنیان بۆ داواکاری گشتیی، بۆیان دەرکەوتووە دووسزای نوێ بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە، یەکێک لە سزاکانیش قەدەغەی دیدارە بۆ ماوەی شەش مانگ، کە لە ١٢ی ١٠ی ئەمساڵەوە بڕیاری لەسەردراوە، هاوکات مانگی ئابی ئەمساڵیش سزایەکی نوێی بەسەردا سەپێندراوە کە “بێبەشکردنییەتی” لە دیدار.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە، کە لە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەییەدا دیلکرا، لە زیندانی جۆری ئێف-ی ئاستبەرزی ئەمنیی ئیمرالی لە گۆشەگیرییەکی قورس و سەختدایە.
دوایینجار عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٥ی ئازاردا توانیی بە تەلەفۆن لەگەڵ براکەی قسە بکات، بەڵام ئەو پەیوەندی و قسەکردنەش لە دوای چەند خولەکێک و لەکاتی قسەکردندا لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتی تورکەوە پچڕێنرا.
پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوای ٨ ساڵ لە ٢ و ٢٢ی ئایار و ١٢ی حوزەیران و ١٨ی حوزەیران و ٧ی ئابی ٢٠١٩ توانییان چاویان بە موەکیلەکەیان بکەوێت. لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە هەموو داواکانی پارێزەران بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن وەڵام نەدراونەتەوە.
ف.ق