پێنی سیدنی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی کوردی بەتوندی شەرمەزار کرد

لقی سیدنی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی، پێن شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی کورد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی بەتوندی شەرمەزارکرد.

نوێنەرایەتی پێن‌ـی ئوسترالیا بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو ڕایگەیاند لە هێرشی دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٢ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە. ئاماژە بەوە کراوە، لە هێرشی ٢٣ ی ئاب لە ناوچەی سەید سادقی سلێمانی، کارمەندانی کۆمپانیای چەتر گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کوژراون و ٦ کارمەندی ڕاگەیاندن برینداربوون.

ئاماژە بەوە کراوە بەرپرسانی هەرێمی، دەوڵەتی تورک بە بەرپرسیاری هێرشەکە دەزانن، وە پاش دوو ڕۆژە وەزارەتی بەرگریی تورک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتۆتە ئەستۆ و بە ناڕاستەوخۆیی دانی بە کوشتنی دوو ڕۆژنامەنووسەکەدا ناوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکراوەتەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و چالاکوانان مێژوویەکی درێژی هەیە، ئازادی بیروڕا سەرکوت دەکرێت و ڕۆژنامەنووسان دەستگیر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن. شەهیدکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی بەتوندی شەرمەزار کرد و داوای کرد بەرپرسانی تاوانەکە سزا بدرێن.

ڕاگەیاندنە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، بەڕێوەبەری گشتی یونسکۆ ئۆدری ئازۆلای خەمگینی خۆی دەربڕی و داوای لێکۆڵینەوەی بەرفراوانی کرد.

یەکێتی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسانی بەریتانیا و فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێونەتەوەیی بانگەوازیان لە حکومەتی تورکیا و عێراق کرد لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (سی پی جی) و ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور (ڕەسەفە) شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسەکانیان شەرمەزار کرد و دووپاتیان کردەوە پێویستە لێپرسینەوە لە تورکیا بکرێت.