پەرلەمانتاری هەدەپە بۆ پەیمانی ئەستەنبوڵ رێپێوانیان ئەنجامدا

پەرلەمانتارانی هەدەپە لە ساڵیادی ئیمزاکردنی پەیمانی ئەستەنبوڵدا لەسەر رێگەی ئیتیقلالی تەقسیم رێپێوانیان ئەنجامدا و رایانگەیاند، "ئێمە دەست لە پەیمانی ئەستەنبوڵ هەڵناگرین."

لە ١٠مین ساڵیادی ئیمزاکردنی پەیمانی ئەستەنبوڵدا پەرلەمانتارانی هەدەپە سەرپیل کەمالبای، دلشاد جانباز، زولەیخا گولوم و ئویا ئەرسۆی لە تەقسیم رێپێوانیان ئەنجامدا و پۆلیس دەوری پەرلەمانتارانی گرت. لە رێپێوانەکەدا ژنان پانکارتی 'دەست لە پەیمانی ئەستەنبوڵ هەڵناگرین' و 'لە ٤ مانگی رابردوودا ١٠٦ ژن کوژراون'یان بڵاوکردەوە.

رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی گالاتاسارای کۆتایی هات و پەرلەمانتاران لەوێ قسەیان کرد. زولەیخا گولوم پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، پەیمانی ئەستەنبوڵ لە سایەی تێکۆشانی ژنان بەدەستهێنراوە و وتی، "پەیمانی ئەستەنبوڵ لەدژی توندوتیژی و دەوڵەتی پیاو، ژنان دەپارێزێت. بەرلەوەی توندوتیژی بکرێت، پەیمان دەیەوێت توندوتیژی لەناوببات. پێویستە ئەم پەیمانە بە تەئکید ئەنجامبدرێت. بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵات لەجێگەی ئەوەی پەیمانەکە ئەنجام بدات، دەیەوێت کۆتایی پێبهێنێت. ئێمە دەڵێین کە پەیمانی ئەستەنبوڵ موڵکی ئێمەیە و هیچ کاتێک دەستی لێهەڵناگرین. بۆ جێبەجێکردنی پەیمانەکە ئێمە هەموو کاتێک بەرخۆدان دەکەین."

ف.ق