ڕێپێوان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد لە دراگویگنان بەڕێوەچوو
بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دراگویگنان ڕێپێوانێک ئەنجام درا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەرمەزارکران.
بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دراگویگنان ڕێپێوانێک ئەنجام درا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەرمەزارکران.
لە شاری دراگویگنانی فەرەنسا لە دژی سیستەمی قڕکەری ئیمراڵی بە پێشەنگایەتی گەنجانی کوردستان لە فەرەنسا (جەکە-فە) ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو. لە چالاکیەکەدا هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشووری کوردستان و هێڵی خیانەتی پەدەکە شەرمەزارکران.
لە چالاکیەکەدا کە لە پێش پۆستەی دراگویگنانەوە دەستیپێکرد و تا بینای پارێزگای شارەکە بەردەوام بوو، پانکارتی "بەسە داگیرکاری تورک"، "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" و بە رزکردنەوەی ئاڵا بە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەردەوام بوو، بە بەرزییەوە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" وترایەوە.
لە چالاکیەکەدا خولەکێک بۆ شەهیدانی ڕێگەی تێکۆشانی ئازازدی ئەنجامدرا و دواتر ڕاگەیاندراوێک خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەناوی (جەکە-فەرەنسا)ەوە شاهین وان وتی: "تا ئازادبوونی ڕێبەر ئاپۆ وەک گەنجانی ئەوروپا لە تێکۆشانمان بەردەوام دەبێن."
هەر لە قسەکانیدا شاهین ئاماژەی بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر خاکی باشووری کوردستان کرد و بانگەوازی لە گەلی باشوور کرد لە دژی داگیرکارییەکان هەڵوێست وەرگرن.
لە کۆتاییدا ڕۆژنامەوان شاهین وان هەردوو ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاندنی ئازاد، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی یادکردوە و وتی: "بە خەباتییان بوون بە مەشخەڵی ئازایەتی و بەرخۆدان و تاریکییان ڕەواندەوە."
دوای خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکە، ڕێپێوانەکە بە وتنەوەی درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "شەهید نامرێ" کۆتایهات.