ڕێپێوانی ١ی ئەیلول لە ئامەد: بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی بەدوای سیاسەتمەدارانی بوێردا دەگەڕێت

چیدەم کلیچگون ئۆچار هاوسەرۆکی دەبەپە، لە میتینگ و ڕێپێوانی ١ی ئەیلول ڕۆژی جیهانی ئاشتی کە بەهەزاران کەس بەشدارییان تێدا کرد وتی: "بەڕێز ئۆجالان بەدوای سیاسەتمەدارانی بوێر بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە دەگەڕێت."

بە بۆنەی ١ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانی ئاشتی، ڕێپێوانێک بە پێشەنگایەتی هێزەکانی ڕەنج، دیموکراسی بەڕێوەچوو. بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) و چیدەم کلیچگون ئۆچار هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و نوێنەری ڕێکخراوە ناحکومییەکان و پارتە سیاسییەکانی شار، دەم پارتی، ئەندامانی پەرلەمان، دایکانی ئاشتی و بەهەزاران کەس بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد.

دایکانی ئاشتی، کە بە لەچکە سپییەکانیانەوە بەشداری ڕێپێوانەکەیان کرد، پانکارتێکیان بەدەستەوە بوو کە بە زمانی کوردی و تورکی لەسەری نووسرابوو "ئازادی و ئاشتی گۆشەگیر ناکرێت". بزووتنەوەی ژنانی ئازاد بە دروشمی "ژنان پێداگری لەسەر ئاشتی دەکەن" لە ڕێپێوانەکەدا بەشدارییان کرد.

لە ڕێپێوانەدا نووسراو پانکارتەکان بە پەیامی"بژی ئاشتی" هەڵکرا. لە میانی ڕێپێوانەکەدا جەماوەر دروشمی "بەرخۆدان ژیانە"، "بمرێ کۆیلایەتی، بژی ئاشتی"، "لە ناوەوە و دەرەوە گۆشەگیری بشکێنە" و "نا بۆ شەڕ، بەڵێ بۆ ئاشتی"یان وتەوە.

ئایفەر کۆچاک: ئەوە دەولەتە کە دەبێت بگۆڕدرێت

هاوسەرۆکی یەکێتی فەرمانبەرانی ئاسایی (کەسک) ئایفەر کوچاک لە ڕێپێوانەکەدا ڕایگەیاند، کرێکارانی هەژار، خەڵکی پەراوێزخراون و گەنجان پێکەوە بۆ ئاشتی سەرهەڵدانیان کرد. ئایفەر ئاماژەی بەوەشکرد، چارەنووسی خەڵکی هەژار و ستەملێکراو هەموو وەک یەکە: "بە هاودەنگیی و یەکێتی گەل ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت".

هەروەها عەداڵەت کایا ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی پەیامی عایشە گۆک کان چالاکوانی زیندانیکراو کە لە چوارچێوەی ١ی ئەیلوول، ڕۆژی جیهانی ئاشتی بۆ دایکانی ئاشتی ناردبوو خوێندەوە کە تێدا عایشە جەختی لەوە کردبووەوە کە: بەرخۆدانتان نیشانی دا کە شەڕخوازان ناتوانن تێکۆشانی کۆمەڵگا بۆ ئاشتی ناچار بە پاشەکشە بکەن."

بەیجان تاشکەران: تێکۆشانی یەکگرتووی گەلان سەردەکەوێ

بەیجان تەشکەران، جێگری گشتی سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی ستەملێکراوان (ESP) وتی: لە ڕۆژانێکی وەها کە ئیسرائیل ٤٠هەزار فەڵەستینی کۆمەڵکوژی کرد، ئێمە باسی ئاشتی دەکەین. ئێمە باسی ئاشتی لە سەردەمێکدا دەکەین کە داگیرکاری و کۆمەڵکوژی لە کوردستان بەسەرماندا سەپێنراوە. ئێمە باسی ئاشتی لە کاتێکدا دەکەین کە ڕۆژانە ژنان بەپاساوی جیاواز دەکوژرێن. ئێمە باسی ئاشتی دەکەین کاتێک سەرمایەداری شەڕ لە دژی چینی کرێکار ڕادەگەیەنێت. ئێمە لە کاتێکدا باس لە ئاشتی و ئازادی دەکەین کە چەوساندنەوە، ئازار و خەسارەکانی گەلەکەمان لەسەر دەستی ئیمپریالیست و بکوژانی ناتۆ ڕوودەدات. بۆیە ئێمە پێمان وایە تەنها بە  تێکۆشانی یەکگرتووانەی ستەملێکراوان ئازادی و ئاشتی دێتە ئاراوە. خوشک و برایەتی بەبێ یەکسانی ناکرێت. بەبێ ئازادی ئاشتی بەدی نایەت. ئەگەر بۆ ئازادی تێکۆشان نەکەین مانای ئەوەیە کۆیلایەتیمان قبوڵ کردووە، بەڵام نەمانکردووە. داوا لە هەموو لایەک دەکەین: ئەوانەی ستەم لە گەلانی تر دەکەن ناتوانن لە جیهانێکی دادپەروەردا بژین. بەڵام یەکسانی بە تێکۆشانی هاوبەش بەدی دێت. ئێمە هەوڵ دەدەین لەگەڵ هەموو لایەک لە تێکۆشانێکی هاوبەشدا بەشدار بین و دەنگی دایکانی کورد ببیستین. ئاشتی و ئازادی بەم شێوەیە بەدی دێت. ئێمە سەردەکەوین."

چیدەم ئوچار: کوشتنی ڕۆژنامەنووسان تاوانی جەنگە

هاوسەرۆکی دەبەپە، چیدەم کلیچگون ئۆچار، یادی دوو ڕۆژنامەنووسی کورد کە بە دەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی ژیانیان لەدەستدا بەبیر هێنایەوە و وتی: "ڕۆژنامەنووسانی کورد نیشانیاندا کە چۆن ڕاستییەکان دەنووسرێنەوە. جێگرەوەی ئەو ژنانە زۆرن کە بە کوشتنیان ناتوانن ڕێگرییان لێبکەن. هەموو هاوڕیەکانمان لە هەر کوێی دونیا بن، بۆ حەقیقەت بەردەوامن لە تێکۆشان. ئێوە بە شەر و هێرشەکانتان ناتوانن ڕاستییەکان بگۆڕن. کوشتنی ڕۆژنامەنووسان تاوانی جەنگە.

ئۆچار باسی لەوەشکرد کە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەگاتە ئەنجام و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "گەلی کورد بێدەنگ دانەنیشتن، بەڵکو تێکۆشانیان کرد. سەرەڕای ئەو هەموو دڕندەییەی کە لەگەڵیان کراوە داوای ئاشتی دەکەن. ئەگەرچی ئەوان تەحەمولی هیچ یەک لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکەن بەڵام تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ ئاشتی سەردەکەوێت.

بەڕێز ئۆجالان بەدوای سیاسەتمەدارانی بوێردایە'

لە کۆتاییدا چیدەم ئۆچار ئاماژەی بەوەدا کە هەژاری بەهۆی سیاسەتە شەرخوازانەکانەوە زۆر قووڵ بووەتەوە، خەڵک خۆیان دەکوژن و ڕایگەیاند کە لە ئێستا بەدواوە سیاسەتێکی لەو شێوەیە نامێنێت، ٢٥ ساڵە لە ئیمرالی گۆشەگیریتان سەپاندووە. ئەگەر دەتانەوێت سەیری وێنەی تورکیا بکەن، دەبێت سەیری ئیمرالی بکەن. بێ یاسایی لەوێیە. ئەوەی لە ئیمرالی داوای دەکرێت ئاشتییەکی شکۆمەندانەیە. بەرێز ئۆجالان بۆ بنیاتنانی ئاشتییەکی شکۆمەند و بەردەوام بەدوای سیاسەتمەدارانی بوێر و ئازادادا دەگەڕێت. ئێمە لێرەدا باس لە بەهاکانی گەلی کورد دەکەین، بەڵام حکومەت بە چەمکی "تیرۆر" هەوڵ دەدات کۆمەڵگا بێدەنگ بکات. ئێمە بێدەنگ نەبووین و بێدەنگ نابین. تا ئاشتییەکی شکۆمەندانە بەدی دەهێنین بەردەوام دەبین لە تێکۆشان."

گردبوونەوەکە دوای سەماکردن و هەڵپەڕین کۆتایی هات.