پەیامی سیاسەتمەداران لە بەرخۆدانی ئێلح

نوێنەری پارتە سیاسییەکان سەردانی بەرخۆدانی گەلی ئێلحیان کرد و پەیامی تێکۆشانی هاوبەشیان دا.

لە ئێلح چالاکییەکان دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی ئێلح بەردەوامە. گەل لە چوارڕیانی باسین لە ناوەندی ئێلح ئێشکگری دەگرن.

 هاوسەرۆکی و نوێنەرانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە)، پارتی سۆسیالیستی بندەستان، پارتی شۆڕشگێڕ، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان، پارتی ڕزگاریی سۆسیالیستی، پلاتفۆرمی پشتیوانی سۆسیالیست، ماڵەکانی گەل، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە)، پارتی مرۆڤ و ئازادی،  فیدراسیۆنی عەلەوییەکانی بێکتاشی، کۆمەڵەی کەلتووری پیر سوڵتان عەبدال، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی جەماوەری (کەسک) و سەندیکاکانی سەر بە کۆنفیدراسیۆنەکە. پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ)، پارتی بزووتنەوەی کرێکاران (ئیهەپە)، پلاتفۆرمی ئازادی کۆمەڵایەتی، فیدراسیۆنی مەجلیسە سۆسیالیستیییەکان، پارتی ڕەنج (ئەمەپە و هەدەپە) سەردانی گەلیان کرد و قسەیان کرد.

هەزاران کەس بەشداربوون، درووشمی "ئێلح هی ئێمەیە، شکۆی ئێمەیە" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین"یان بەرزکردەوە.

"تا کۆتایی تێدەکۆشین"

وتەبێژی هەدەکە، مەرال دەنیش بەشتاش ڕایگەیاند قەیوم قبووڵ ناکەن، دەسەڵات دەیەوێت لەڕێگەی فشار و ستەم و پۆلیسەوە ئیرادەی ئەم گەلە سەرکوت بکات، گوتی: "چەند جار شکستتان هێنا، گەل ئێوەی ناوێت. ئێوە دەسەڵاتی کودەتان".

سەرۆکی گشتی فیدراسیۆنی عەلەوییەکانی بەکتاشی موستەفا ئاسڵان گوتی: "ئێمە ڕووبەڕووی زیهنیەتێکی نکۆڵیکارین. دژی ئەم زیهنیەتی قەیومە بە تێکۆشانی گەل و باوەڕەکان پێکەوە تێکۆشانی دیموکراسی دەکەین".

"ئەم دەستبەسەراگرتنە قبووڵ ناکەین"

سەرۆکی ماڵەکانی گەل نەبیە مەردتورک ڕایگەیاند هەرچی بکەن ملیۆنان کەس پاشکەشە ناکەن و دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن، گوتی: "دژی فاشیزم پێکەوەین. ئەم دەستبەسەراگرتنە قبووڵ ناکەین".

سەرۆکی گشتی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، سینان جیفتورک گوتی: "ئەم تیرۆرە سیاسییە قبووڵ ناکەین. گەلەکەمان قەیوم قبووڵ ناکات و خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی دەکات".

"لە شەقامەکان بەرخۆدان دەکەین"

ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی ئەسەپە سەیفی ئۆک ڕایگەیاند گەل ٨ ساڵە دژی ستەمی قەیوم بەرخۆدان دەکات، دیسانەوە بەرخۆدان دەکات، گوتی: "ئێمە لەم شەقامانە بە بەرزکردنەوەی مەشخەڵی ئازادی سەردەکەوین".

ناڕەزایەتی دژی گۆشەگیری ئیمراڵی نیشاندرا

سەرۆکی گشتی ئەهەپە هاکان ئۆزتورک ڕایگەیاند ئێمە دیموکراسی تەواوەتی و خوشک و برایەتی تەواوەتی و یەکسانی تەواوەتیمان دەوێت، جەختی کردەوە پێویستە ئاشتی بێتە وڵات، گەلی کورد ئاشتی ببینێت، ئەمەش بە هەڵگرتنی گۆشەگیری دەبێت.

دواتر وتەی بەشێک لە پارت و ڕێکخراوەکانی تر پێشکەش کرا.

هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلح یەشیل ئیشک کە ئەرکەکەی دەستی بەسەردا گیراوە، سوپاسی بەشداری پارتە سیاسییەکانی کرد ، گوتی: "ئەمە سێیەم جارە قەیوم لەسەر شارەوانیی ئێلح دادەنرێت. وەک دەزانن، قەیوم تاڵان و ستەم و دوژمنایەتی زمان و ناسنامەی کوردە. قەیوم دزییە. هەرگیز بەرامبەر ئەم سیاسەتانە سەرمان نەوی نەکردووە و سەریش نەوی ناکەین. لە شەقامەکان بەرخۆدان دەکەین".