لە شارەکانی کوردستان و تورکیا پەیامی "ئێمە بەرخۆدان بکەین" دووپاتکرایەوە

لە چالاکییەکان دژ بە دەستبەسەردا گرتنی ئیرادەدا گوترا"١٠٠ساڵە نەیانتوانیوە گەلی کورد ملکەچ بکەن، هەوڵدەدەن ملکەچی بکەن، ئێمە ڕێگا بەمە نادەین".

لە شارەکانی کوردستان و تورکیا دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان شەرمەزارکرا.

ئامەد

تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان(دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئامەد، هاوسەرۆکانی شارەوانی و نوێنەرانی چەندین ڕێکخراو لە پارکی ڕۆژئاوا کۆبوونەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد ئەحمەد عەباس شاهین لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و وتی: "دەبێت ئێمە لە بەرخۆدان بەردەوام بین و دەست لە مافەکانی خۆمان هەڵنەگرین. قەیومیان داناوە و دەیانەوێت ژیانمان ئیستغلال بکەن. بینیمان کە قەیومەکان هەموو شتەکانی گەلیان بەسەر لایەنگرانی خۆیاندا دابەشکرد، هەر بۆیە ئێمە دەبێت لە بەرخۆدان بەردەوام بین. شەڕ سەختە، بەڵام ئاشتی سەختترە، ١٠٠ساڵە نەیانتوانیوە گەلی کورد ملکەچ بکەن، هەوڵدەدەن ملکەچی بکەن، ئێمە ڕێگا بەمە نادەین. ئەم گەلە ١٠٠ ساڵە یەک هەنگاو پاشەکشەی نەکردووە".

هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد دۆغان خاتوون ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە جگە لە خزمەتی گەل سیاسەتێکی دیکە جێبەجێ ناکەن و وتی: "  ئێمە سازش لە ئیرادەی خۆمان ناکەین، هیچ کەس ناتوانێت دەست بەسەر ئیرادەی ئێمەدا بگرێت. ئێمە لێرە دەمێنینەوە."

وان

ئەندامانی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی لە وان لەبەردەم ئایدن پەریهان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییان بەست.

لەسەر ناوی پلاتفۆرمەکە ڕەزوان عیمران ڕایگەیاند بەرپرسیارێتی سەرەکیمان پاراستنی ئیرادەی گەلە. دەبێت بەزوویی دەستهەڵبگرن لەم کودەتایە دژی ئیرادەی گەل.

ئەسکیشەهیر

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ئەسکیشەهیر ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

لەسەر ناوی جەماوەر سیمای کارت ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، ڕایگەیاند تا دەسەڵات لەم ڕێبازە بەردەوام زیاتر زیان دەکات و شکست دەهێنێت، جەختی کردەوە ئەم کودەتایە پرسی ئازادی و دیموکراسییە و گرێدراوە بە ٨٥ ملیۆن کەسەوە، ئەگەر ڕێگەی لێ نەگیرێت هەر تەنها لە شارە کوردییەکان سنووردار نابێت.

دیلۆک

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی دیلۆک لە پارکی یەشیل سو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست، پارت و ڕێکخراوەکان و چەندین کەس بەشداربوون.

لە چالاکییەکەدا دووپاتکرایەوە قەیوم دەستبەسەراگرتنی مافی هەڵبژاردنە و پەیامێکە بۆ هەمووان، ئەم ڕەوشە نایاساییە هەرگیز قبووڵ ناکرێت.

شەمزینان

لەبەردەم بینای دەم پارتی لە شەمزینانی جولەمێرگ کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەسترا.

هاوسەرۆکی دەم پارتی شەمزینان عەگید تەکین ڕایگەیاند تێکۆشان دژی داگیرکاری فراوانتر دەکەن.

درووشمی "فشار نامانترسێنێت" بەرزکرایەوە و چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا.

ئەنتاڵیا

ڕێکخستنی دەم پارتی ئەنتاڵیا لە گۆڕەپانی ئاتالۆس کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست.

بەڕێوەبەری دەم پارتی ئەنتاڵیا ئەڤین ئاکداغ ڕایگەیاند ناتوانن لەڕێی قەیومەوە ئیرادەی گەل دەست بەسەردا بگرن، پێشتر گەل کودەتای قەیومی ڕەتکردۆتەوە، گەل لە هەڵبژاردن وەڵامی ئەم سیاسەتەی دایەوە، دانانی قەیوم نیشانەی شکستی سیاسی ئاکەپە_مەهەپەیە.

پۆلیس هێرشی کردە سەر گەل و هاوڵاتییەکیان دەستبەسەرکرد.

هاتای

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی هاتای لە ناوچەی ئەنتاکیا و سامانداغ ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. شاندی جەهەپەش بەشداربوون.

هاوسەرۆکی دەم پارتی هاتای نەعیم ئۆزبەک ڕایگەیاند گەل بەرامبەر ئەم ستەمە سەر نەوی ناکات، وەک چۆن پێشتر دژی دەستبەسەراگرتنی ماف تێکۆشاون، لەمەودواش دژی ناهەقی تێدەکۆشن.

ئەزمیر

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی لە گۆڕەپانی بولەنت ئەجەوید چالاکی ئەنجامدا. پەرلەمانتاری دەم پارتی ئیبراهیم ئاکین، ڕایگەیاند حکومەت وانەی لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکان وەرنەگرت، تیشکی خستەسەر تێکۆشانی گەل دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە و بانگەوازی کرد بۆ تێکۆشانی هاوبەش.

مانیسا

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی مانیسا لە گۆڕەپانی مانۆلای کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست، چەندین کەس تێیدا بەشداربوون.

بەڕێوەبەرانی جەهەپە و دەم پارتی قسەیان کرد، دووپاتیان کردەوە دژی قەیومن و پێویستە دژی ئەمە تێکۆشانی هاوبەش بکرێت.

لەسەر ناوی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ئوفوق دۆروک دووپاتی کردەوە، قەیوم قبووڵ ناکەن.