ناڕەزایەتییەکان دژی کودەتای قەیوم بەردەوامە: بە بەرخۆدان سەردەکەوین!
لە چەند شارێک چالاکییەکانی شەرمەزارکردن بەردەوامن. لە چالاکییەکاندا پێداگریی لەسەر بەرخۆدان نیشاندرا و داواکرا گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت.
لە چەند شارێک چالاکییەکانی شەرمەزارکردن بەردەوامن. لە چالاکییەکاندا پێداگریی لەسەر بەرخۆدان نیشاندرا و داواکرا گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت.
چالاکییەکان بۆ شەرمەزارکردنی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکانی مێردین و ئێلح و خەلفەتی و ئەسەنیورت بەردەوامە.
ئیستەنبوڵ
ڕێکخراوە یاساییەکان لەبەردەم دادگای چاگلایانی ئیستەنبوڵ ڕاگەیاندراویان خوێندوە، ئەندامی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) مزگین ئارگیش ڕایگەیاند دەسەڵات بە دانانی قەیوم لەسەر شارەوانیی کوردان دەیەوێت سیاسەت و ئیدارەی خۆجێی بەگوێرەی خۆی دیزاین بکات. بانگەوازی لە هەمووان کرد دژی قەیوم بوەستنەوە.
پارتی سۆسیالیستی بندەستان (ئەسەپە) ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە، بانگەوازی کرد بۆ تێکۆشان دژی قەیوم.
وان
تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و ڕێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپە لە وان، بۆ دانانی خێوەت لە گۆڕەپانی شارەکە، لە پارکی ئاشتی موسا عەنتەر کۆبوونەوە، بەڵام جەماوەر و پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکانی شارەوانی لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدران، بۆیە جەماوەر لەبەردەم پارکەکە چالاکیان ئەنجامدا.
جەماوەر درووشمیان بەرزکردەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر دانانی قەیوم نیشاندا. بەشێکی تر لە جەماوەر ویستیان بۆ هەمان مەبەست ڕووبکەنە گۆڕەپانی شار، لە شەقامی سیخکە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدران، جەماوەر دژی ئاستەنگی پۆلیس ناڕەزایەتیان دەربڕی، داوایان لە خەڵک کرد ناڕەزایەتی دژی قەیوم پیشان بدەن.
هاوسەرۆکی دەم پارتی وان، وەیسی دیلکەچی لە پارکی موسا عەنتەر ڕایگەیاند پێویستە دەستبەجێ لەگەڵ موخاتەبی پرسی کورد دانیشتن و دانوستان بکرێت، کۆتایی بە ڕژێمی قەیوم بێت.
پاشان چالاکیی دانیشتن ئەنجامدرا.
جولەمێرگ
ڕێکخستنی دەم پارتی جولەمێرگ لە ناوەندی شارەکە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست. هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە قادر شاهین ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، ڕایگەیاند لە قۆناغێکدا کە چاوەڕێ بوون پرسەکان بە دیالۆگ و دانوستان چارەسەر بکرێن، بەڵام داوێکیان بۆ دانرابوو، جەختی کردەوە لەبەردەم ڕژێمی قەیوم سەر نەوی ناکەن. پاشان چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا.
هەروەها پلاتفۆرمی ڕەنج و ئازادی لەبەردەم بینای شارەوانی کۆن ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و قەیومی شەرمەزار کرد. هاوسەرۆکی ئیهەدەی جولەمێرگ، موسا بۆر ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و دووپاتی کردەوە، تێکۆشان و بەرخۆدانیان دژی کودەتای قەیوم بێ پچڕان بەردەوام دەبێت.
ئەرزەڕۆم
ڕێکخستنی دەم پارتی ئەرزەڕۆم لە ناوچەی قەرەیازی ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و دانانی قەیومی شەرمەزار کرد، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەرزەڕۆم بارش کەمال ئۆغلو ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند دانانی قەیوم نیشانەی شکستی دەسەڵاتە و دژی ئیرادە و مافی هەڵبژاردنی گەلی کوردە.