قەرەسوو: تورکیا لە دەرەوەی هاوسەنگییەکانە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە مستەفا قەرەسوو: تورکیا ناتوانێت ئاستەنگی بۆ ڕێگەی وزەی G-20 دروستکات. هێزی ئەم کارەی نیە، سەودای و ئاژەوگێڕییەکانی بەشی ئەمە ناکات. خراوەتە دەرەوەی هاوسەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەشی سێهەمی چاوپێکەوتنەکەی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسوو بەم شێوەیە:

ساڵێک بەسەر هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماسدا تێپەڕی و ئیسرائیل لە قڕکردنی گەلی فەلەستین بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە ٤٠ هەزار مرۆڤ کوژراون، کەچی ئیسرائیل ڕووی شەڕەکەی لە لوبنان کردووە و ئەمەش گرژییەکانی ناوچەکەی زیاترکردووە. شەڕی یەکساڵە چی پیشانداین و پێشهاتەکان چۆن دەبن؟

سەرکوتکردنی حەماس و لەناوبردنی حیزبوڵا وەک ئامانجی ئیسرائیل ماوەیەکەی زۆرە ئاشکرایە. ئیسرائیل خۆی بۆ ئەمە ئامادە دەکرد. کاتێک حەماس هێرشی سەر ئیسرائیلی کرد، زیاتر لە هەزار مەدەنی کوشت و سەدانیشی بەدیلگرت، ئیسرائیل ئەمەی بۆ ڕێکخستنی ئامانجەکانی بە دەرفەتێکی مێژووی زانی و بەکاریهێنا. تیمەکەی ئەردۆغان ئەم چالاکیەیەی بە حەماس کرد. بەمە ئامانجی ئەوەی هەبوو هەم ڕێگەی وزە کە بە ئیسرائیلدا تێپەڕدەبێت و هەمیش پەیمانی ئیبراهیمی لە نێوان عەرەب و ئیسرائیلدا ئاستەنگ بکات. بە هاندانی ئەردۆغان هێرشەکە کرا و لە جێبەجێکردنی پلانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای لەسەر ناوچەکەدا ڕۆڵی سیخوڕ و گێرەشێوێنی گێڕا. بەو پێیەی ئێستا کەسایەتی ئەردۆغان ناسراوە زۆرێک لە هێزەکان ئاژاوەی پێدروستەکەن و ئەردۆغان وەک سیخوڕ و ئاژاوەگێڕ بەکار دەهێنن. ئەردۆغان هەرچەندی هەڵوێست لە دژی ئیسرائیل پیشان بدات و ئەمریکا وەک هاوبەشی ئیسرائیل پیشان بدات، بە کردەوە سیخوڕ و داردەستی ئەمریکایە. ئەردۆغان سیاسەتمەدارێکی لەو جۆرەیە کە بە سیاسەتەکانی ئەو کەسەیە کە زیاتر لە هەمووان تورکیای خستووەتە مەترسیەوە.

ئەردۆغان بە گوێرەی خۆی بەناوی پاراستنی پێگەی جیۆپۆلەتیکی تورکیاوە هانی حەماسی دا بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. بەڵام بە سیاسەتەکانی و ئاژاوەسازییەکانی لە دژی هاوپەیمانەکانی، پێگەی جیۆپۆلەتیکی تورکیای لەناوبردووە. بەم شێوەیە ترسی لەدەستدانی پێگەی جیۆپۆلەتیکی کە سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵات و هێزی تورکیایە، تورکیای خستە ترسێکی گەورەوە. جێبەجێکردنی سیاسەتی پاراستنی پێگەی ناتەبایی، کە بە شانتاژ و هەڕەشە ئەنجام دەدرا، بێچارەیی تورکیای زیاتر کرد. ئەو سیاسەتانەی کە بۆ ماوەیەک سوودی کاتییان بە تورکیا بەخشی، ئێستا وایکردووە تورکیا بەبێ سیاسەت بمێنێتەوە

فاکتەری سەرەکی کە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە تورکیای بەم جۆرە سیاسەتانە بێچارە کردووە، سیاسەتی قڕکردنی گەلی کوردە. بەم شێوەیە لە کورد نزیک دەبێتەوە، دەیەوێت هەمووان هەمان هەڵوێست نیشان بدەن و لە ئەنجامی ئەمەشدا کێشەی هەیە تەنانەت لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشدا. دەوڵەتی تورک زۆر سەرنجی لەسەر قڕکردنی گەلی کوردە. لە ئەنجامدا زۆرێک لە هێزەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانیاندا سود لەم لاوازییەی دەوڵەتی تورک وەردەگرن. لە بەرامبەر ئەو پشتیوانییەی دەوڵەتی تورک بۆ دژایەتی تەڤگەری ئازادی، تورکیایان لە زۆر بواردا خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. مەحاڵە تورکیایەک کە سەرنجی لەسەر قڕکردنی کورد بێت، لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کارەکتەر و ڕۆڵگێڕ بێت. تورکیا نەک بە تەنها سەرچاوە ئابوورییەکان ، بەڵکو سەرچاوە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیشی لە شەڕی دژی گەلی کورد بەکاردەهێنێت و کۆتایی بەو سەرچاوانە هێناوە. هەوڵ دەدات پێگەی جیۆپۆلەتیکی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی قڕکردنی گەلی کورد کە ئەمەش دۆخی تورکیا خراپتر دەکات. هەرچەندە هەلی جیۆپۆلەتیکی لەدەستداوە، بەڵام کێشەکانی تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وایکردووە تورکیا لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بخاتەوە. 

ئەمریکا بە تەواوی پشتیوانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەکات. ئەمە بەو مانایەش دێت کە ئیسرائیل کاریگەری لەسەر حەماس و حزبوڵا لە ناوچەکەدا دەبێت و کارتێکەری سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا زیاد دەکات. هەروەها ئێرانیش هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا لەدەست دەدات و لە شوێنی خۆیدا دەوەستێت. ئەمەش سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت. جگە لە عێراق هیچ کاریگەرییەکی سیاسی نابێت یان سنووردار دەبێت. حوسییەکان بۆ ماوەیەک لەژێر چاودێری ئێراندا درێژە بە سیاسەتەکانیان دەدەن، بەڵام وەک ئێستا هێرش ناکەنە سەر دەریای سوور و نە زۆریش کێشە بۆ سعودییەکان دروستدەکەن. بە کورتی لە سیاسەتەکانی پێش ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا گۆڕانکاری گەورە ڕوودەدات. تەنانەت ئەگەر هێرشی نێوان ئێران و ئیسرائلیش ڕووبدات لە ئەنجامی ئەوەدا سیاسەتە هەرێمێیەکانی ئێران لەسەر هێزەکانی دەرەوە سنوردار دەکرێت. ئەمەش کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئێرانیش دەبێت. بێگومان سەروەریی ئیسرائیل و سنووردارکردنی ئێران کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر ناکات. سیاسەتەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و دەوڵەت-نەتەوەییەکانی ناوچەکە ناتوانن چارەسەری کێشەکان بکەن. بۆیە قۆناغێک دەست پێدەکات کە دەوڵەت ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و  زیاتر گەل ڕۆڵی دەبێت. 

دیارە ئیسرائیل ناتوانێت هەمیشە پشت بە پشتیوانی دەرەکی و دەسەڵاتی سەربازی خۆی ببەستێت و سیاسەتێک لە ناوچەکەدا بەڕێوە ببات. بۆیە ئیسرائیلیش دەبێت سیاسەتەکانی خۆی بگۆڕێت. پێشتر بە ڕێکەوتننامەی ئیبراهیمی هەنگاوێکی بەم ئاراستەیە ناوە. ئیسرائیل دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی ناوچەیی و پەیوەندییەکی دیموکراسی لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا بوونی خۆی مسۆگەر بکات. بۆیە با جارێکی تر ئەوە بزانین کە چارەسەری کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین بەندە بە نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک کە هەر کۆمەڵگایەک ئیرادەی بەڕێوەبردنی خۆی لە دەستی خۆیدابێت کە چارەسەری هەمیشەیی کێشەکانە. جگە لەمەش هیچ چارەسەرێکی تر نییە. ئەگینا هەمیشە دوژمنایەتی و گرژی و شەڕ دەبێت. بەڵام ڕوونە کە چارەسەرێکیش زۆر پێویستە.

تورکیا ناتوانێت ئیسرائیل وەک ناسەقامگیر و بێ-متمانە پیشان بدات و ڕێڕەوی وزە ئاستەنگ بکات کە گروپی ٢٠ بڕیاری لەسەر داوە. تورکیا هێزێکی وای نییە کە دژی هێزە هەژمونیەکان ببێتەوە. ئاژاوەگێڕییەکانی ئیتر سوودیان نییە. تاکە ڕێگە بۆ ئاسایشی تورکیا پەیوەستە بە دیموکراتیکردن و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە. تورکیا کاتێک هەنگاوەکانی بەرەو دیموکراتیکردن بنێت، کاریگەریی سیاسی، ئابووری و کولتووری لەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.

لە دوای ئیسرائیلەوە، تورکیای فاشیستی ئەردۆغان زۆرترین شەڕی سازاندووە. وە بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی شەڕەکە بە فرمێسکی تیمساحییەوە دەڵێت بەداخەوەم بۆ فەڵەستین و ئەو شەڕەی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بەکارهێناوە. لە ئێستاشدا ئەردۆغانی فاشیست دەڵێت، 'ئیسرائیل چاوی لەسەر خاکەکەمانە' مەبەسی ئەردۆغان لە قسەیە چییە؟

تورکیا دەڵێ ئەگەر شەڕەکە هەڵگیرسێت، پێویستییان بە تورکیا دەبێتەوە و ڕێککەوتنی ئیبراهیمی هەڵدەوەشێتەوە و بەشێکی زۆری ڕێڕەوی وزە بە خاکی مندا تێدەپەڕێت. بەم هەڵوێستەوە جوڵایەوە. دەشڵێت ئەگەر شەڕێکی گەورە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕووبدات، ئێران لاواز دەبێت و ئیسرائیل پێویستی بە تورکیا دەبێت. هۆکاری دژایەتیکردنی ئیسرائیل، دۆستایەتی فەلەستین و دوژمنایەتی ئیسرائیل نییە؛ بەڵکو هەوڵدانە بۆ ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا گرنگی بدەن بە تورکیا. ئەمە هۆکارەکەیە. هەم هاوپەیمانی ئەمریکا دەبێت و هەم دوژمنی ئیسرائیل! شتێکی لەم شێوەیە مەحاڵە. پێی وایە زۆر پشتگوێخراوە و دەیەوێت گرنگی پێبدرێت. سیاسەت و قسەکانی تورکیا سەبارەت بە ئیسرائیل پێویستە بەم شێوەیە تێیبگەین.

دەزانن ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر تورکیا. بە ئەجێندایەکی لەو شێوەیە هەوڵ دەدات بە هەردوو ئامانجەکەی بگات. هەوڵ دەدات وڵاتێکی وەک ئیسرائیل بخاتە ڕۆژەڤەوە و ئەمریکا و ئیسرائیل گرنگی پێبدەن لە کاتێکدا ئیسرائیل کاریگەری لەسەر ئەمریکا و ئەوروپا هەیە. لەدەستدانی پێگەی جیۆپۆلەتیکی خۆی وەک کێشەیەکی ئایدیۆلۆژی دەبینێت. چونکە دەترسێت کاتێک پێگەی جیۆپۆلەتیکی خۆی لەدەست دەدات، ئیسرائیل و ئەمریکا بە شێوەیەکی تر لە تورکیا بڕوانن. هەر بۆیە هەمیشە دژایەتی ئیسرائیل دەکات و هەمیشە باسی هەندێک شت لەسەر ئەمریکا دەکات و هەوڵدەدات هەڵوێستی نەرێنی ئەو هێزانە بەرامبەری بگۆڕێت. وە هەوڵدەدات له بواری سیاسی بایەخی پێ بدرێت. تا ئێستا ئەم سیاسەتەی بەڕێوەبردووە. ئێستاش دەڵێت ئەگەر ئەمە بکەم ئەنجامێکم دەست دەکەوێت. بەڵام دۆخەکە زۆر گۆڕاوە و جێگای مشتومڕە کە دەرئەنجامی ئەم سیاسەتەی چەند و چۆن دەبێت.

دووەم: کاتێک شەڕ لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت، هەوڵ دەدات دوژمنێکی دەرەکی بۆ خۆی دروست بکات و بەو کارەش ​​پشتیوانی سۆزی ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگە بەدەست بهێنێت. لەوانەیە ئۆپۆزسیۆن لەو مەرامەی تێگەیشتبێت، بەڵام دیارە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت. لە ڕاستیدا هەموو سیاسەتمەداران و دامودەزگاکانی دەوڵەت دەزانن کە ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر تورکیا. وەزیری دەرەوە و وەزیری ناوخۆش ئەمە دەزانن. بە هەرحاڵ ئەو وشانەی لە تەوراتدا باسکراون و باس لە خاکە لەدەستدراوەکان دەکەن، کردویانن بە بانگەشەی ئەگەرەکانی خۆیان. لە لایەکی تریشەوە دەڵێن ئەگەر ئیسرائیل شەڕەکە فراوانتر بکات، پەنابەرێکی زۆر دێنە تورکیا و ئەمەش کۆمەڵگە و هێزە سیاسییەکان دەترسێنێت. ئەم تەوراتە پێش ٥٠ ساڵ و پێش ٧٥ ساڵیش هەر هەبووە. تا ئێستا باشترین دۆستی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تورکیا بوو. وەک ئیسرائیلی دووەم دادەنرا. ئێستا قسەیەکی تەوراتیان هێناوە و دەڵێن تورکیا لە ئامانجی ئیسرائیلدایە. هەوڵ دەدەن بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە. بەم شێوەیە هەستی ئایینی کۆمەڵگا دەقۆزنەوە. هیچ مەترسییەکی ئیسرائیل لەسەر تورکیا لە ئارادا نیە، بەڵام ڕوونە سیاسەتەکانی ئاکەپە-مەهەپە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر تورکیا. لە ئەنجامی سیاسەتی ئاکەپە-مەهەپەدا، تورکیا چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بووەتە وڵاتێکی پڕکێشە و دوژمنایەتی بەرامبەر گەلی کورد وایکردووە تورکیا چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە لاواز بێت.

دەڵێن ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە و ئیسرائیلیش لەسەر بنەمای ئەمە هەندێک حیسابات لەبارەی تورکیاوە دەکات. هەموو سیاسەت و پەیوەندی و قسەکانیان لەسەر بنەمای بنەمای دوژمنایەتیکردنی گەلی کورد داڕێژراوەتەوە. هەرکەس  و لایەنێک پشتیوانی لە دواکانیان بۆ دووژمنایەتیکردنی کورد نەکات، ئەوا وەک دووژمنی تورکیای دادەنێن.

کاتێک دەڵێن چاوی ئیسرائیل لەسەر خاکەکانی ئێمەیە، کورد وەک ئامانج نیشان دەدەن. هەروەها پشتیوانی بۆ هێرشەکانی سەر ڕۆژاڤاش بەم شێوەیە زیاد دەکات. بەم شێوەیە گەر ڕۆژئاوا سەرکەوت بکات، ئەوا ئیتر چاوی ئیسرائیل لەسەر خاکی تورکیا نابێت! دەڵێن چاوی ئیسرائیل لەسەر خاکەکانی ئێمەیە و بۆ ئەوەی ڕێگری لەم کارە بکەین، پێویستە ڕۆژائاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیر بکەین و قڕکردنی گەلی کورد ئەنجام بدەین. ڕوونە ئەم بابەتە بۆ ئەو مەبەسەتە دەخەنە ڕۆژڤەوە.

تەیب ئەردۆغان وێڕای ئەوەی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەردەستەیی هەرچی خراپەکاری و دووژمنایەتیکردن لە دژی گەل و ژنان دەکات، کەچی لە وتارەکانیدا باسی دادپەروەری و مافی مرۆڤ و... دەکات. لە قسەکانی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەیویست بڵێت وانەیەک دەدەمە مرۆڤایەتی! پێویستە ئەم دۆخە چۆن هەڵسەنگێنرێت؟

ئەردۆغان دیماگۆجێکی (هەڵخەڵەتێنەر) تەواوە. وەک گۆبێڵز، وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر، پڕوپاگەندەکارەکە 'درۆزنێکی گەورەیە'. کەسایەتییەکی لەو جۆرەی هەیە کە نمایشی هەندێک تایبەت مەندی دەکات کە فڕی بە کەسێتی ئەوەوە نیە و بە خراپترین شت پێناسەی نەیارەکانی دەکات. لە مێژوودا هیچ سیاسەتمەدارێک نییە هێندەی ئەردۆغان ڕاستییەکان بشێوێنێت. دەتوانین بڵێین لەم ڕۆڵەدا زۆر لێزانە و لە هەموو کەسێک باشترە. بە کورتییەکەی وەستای هەڵخەڵەتاندن و دیماگۆجییەکە.

مانگێک لەمەوبەر لە کردنەوەی ساڵی نوێی دادوەریدا پەیوەست بە دادوەری قسەیکرد. باسی لە گرنگی دادپەروەری کرد. هەموو قسە و هەڵسەنگاندنە باشەکانی یەک بە یەک ڕیز دەکرد. بەڵام لە تەواوی دەسەڵاتدارییەکەیدا و بەتایبەت لەم ١٠ ساڵەی کۆتایییدا هەموو شتێکی پێچەوانە بە قسەکانی خۆی کردووە. تەنها یەک شتی ڕاستی وت ئەویش بونیادنان و دروستکردنی بناغەی دادوەری بوو. هەرخۆی دەوڵەت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بترسێنێت بناغەی دادوەری گەورە دروستدەکات. وەک سیاسەتێک بەڕێوەدەبرێت چەندین تاوانبارکردن دەئافرێنن یان بە شێوەیەکی ئاسان مرۆڤەکان تاوانبار دەکرێن. هەر بۆیە بناغەی دادوەری گەورە دروستدەکەن. هەرخۆی لەسەردەمی ئاکەپەدا زیندانی زۆر گەورە دروستکران.

لەم ١٠ ساڵەی کۆتاییدا لە ناو کۆمەڵگەی تورکیادا ئەوەندە نادادپەروەری زیادیکردووە کە لە مێژووی تورکیا هەرگیز هێندەی ئێستا بێباوەڕی بەرامبەر دادوەری دروست نەبووە. دادگاکان بەتەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتداریدایە. بەتایبەت لە گۆڕەپانی سیاسیدا نادادییەکی زۆر دروستبووە. هەرخۆی چەندین جار ئەردۆغان ڕێنەمای داوە بە دادگاکان. لە ڕێگەی وەزارەتی دادەوە ڕێنەماییەکان دەگەیەنێت کە چۆن چۆنی نزیکی تاوانەکان ببنەوە. پێشتر گولەنییەکان ئەمانەیان دەکرد و دواتر ڕاستەخۆ لە ژێر کۆنترۆڵێ ئاکەپەدایە. لە دوای ئەوەی مەهەپە کەوتە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە ئەویش لە دادگاکاندا کاریگەری دروست کرد.

ڕاستەخۆ دەستوەردانی دۆزە سیاسیەکان دەکەن. بە تایبەت لە کوردان و لە گۆڕەپانی سیاسی دیموکراتیکدا بە هەزاران کەسیان بە بانگەشەی چەکداری دەستگیکران. هەرخۆی لە بنەمادا لە دژی تیرۆ بەو شێوەیە دەریانخستووە کە هەموو کەسێک بە تیرۆر تاوانبار دەکەن و دەیخەنە زیندانەکانەوە. دۆزی سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا بەڵگەن لەسەر ئەوەی دادگا خراوەتە خزمەتی سیاسەتەوە. دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارێک دەدات. لەسەر ئەم بڕیارە تەیب ئەردۆغان دەستوەردان دەکات و دۆزێکی نوێ دەکاتەوە و زیندانییەکان وەک بارمتە بەکار دەهێنێت. ئەمانە بە تەنها نمونەیەکن. ئەوەی بەسەر ئۆپۆزسیۆن و لەپێش هەموویەوە بەسەر کورددا دەسەپێنرێت هەر ئەمەیە.

هەندێک دامەزراوە لە سەرانسەری جیهاندا لە هەندێک بابەتدا ڕیزبەندی وڵاتان دەکەن. تورکیا لە دادوەریدا لە ڕیزی کۆتاییدایە و لە گەندەڵیدا لە ڕێزی یەکەمدایە. لەو کاتەی ئەم ڕیزبەندییانە لە سودیاندا نابێت دەڵێن ئەمە مەرامێکی سیاسییە و قبوڵی ناکەن. هەندێکجار ئەم دامەزراوانە پەیوەیست بە کارەکەی ٥ ساڵی کۆتایی ئاکەپەوە هەڵسەنگاندنی ئەرێنی دەکەن، ئەو کاتە ئاکەپە وەک ئامرازێکی پروپاگەندەکردن بەکاری دەهێنێت.

بە تایبەت لەم ١٠ ساڵەی کۆتاییدا نادادپەروەری زیادی کردووە. تورکیا بووە بە وڵاتێکی نا دادپەروەر. بەڵام تەیب ئەردۆغان لە قسەکاندا بانگەشەی ئەوە دەکات گرنگی دەدات بە دادوەری. بەڕاستی ئەمە ڕووڕەشییە! یەکێک لە تایبەتمەندییە جوانەکانی مرۆڤبوون بەخشندەییە. بەڵام هیچ تایبەتمەندییەکی لەوجۆرە لە کەسێتی ئەردۆغاندا بوونی نیە. بە گوێرەی ئەردۆغان دادوەری تەنها بۆ ئەو و هاوکارەکانی بەردەستە. بۆ کەسانی دیکە، بەتایبەت بۆ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئەم مافە نیە. بە گوێرەی ئەردۆغان نابێت دادپەروەرییان بەرامبەر جێبەجێبکرێت. مافی ئەوەی پێداون کە مامەڵەیەکی نادادپەروەرانە بگێڕن. لە دامەزراوە دادوەرییەکاندا ژنێکی چاوبەستراو هەیە کە تەرازوویەکی بەدەستەوەیە. ئەمەش مانای ئەوەیە کاتێک دادپەروەری ئەسەپێنرێت سەیر ناکات کەسەکە کێیە. دادگاکانی ئەردۆغان پێش هەموو شتێک لەوە دەڕوانن کە کێ لە پێشیاندایە.

لە ئێستادا لە تورکیا ئەو درووشمەی زیاتر بەرزدەکرێتەوە، ماف، یاسا و دادپەروەرییە. بووە بە پێویستییەکی سەرەکی تورکیا. دەڵێن دادپەروەری بناغەی دەوڵەتە، لە ئێستادا کە دادپەرەوەری تێکدراوە و لەباربراوە دەوڵەتیش داڕزاوە و تێکچووە.

لەهەمانکاتدا ئەردۆغان مرۆڤێکی بێ ویژدانە. هەرخۆی کاتێک دادپەرەوەی نەبێت، ویژادیش بوونی نابێت. لە یەکێتی ئەوروپادا باسی مافەکانی مرۆڤ و ویژدانی کرد. تورکیا لە پۆلینی مافەکانی مرۆڤدا لە ڕیزی هەرە کۆتاییدایە. ماوەی ٢٢ ساڵە ئەردۆغان لە حوکمڕانی ئەم وڵاتەدایە. ئایە لە جیهاندا کەسێکی دیکە هەیە کە لەدژی هێزێک یان کۆمەڵگەیەک شەڕبکات و بڵێت، "منداڵ بێت یانیش ژن بێت ئەوەی پێویست بکات من دەیکەم!" بە فەرمانی ناتانیاهۆ بە هەزاران ژن و منداڵ کوژران، بەڵام بە شێوەیەکی ڕەها و کراوە نەیگوت ژن بێت یان منداڵ بێت ئەوەی پێویست بکات دەیکەین! ئەردۆغان دەڵێت ناتانیاهۆ بۆردوومانی مزگەوت دەکات؛ بەڵام لەسەردەمی دەسەڵاتداری فاشیستی ئەردۆغاندا بە وتنی 'ئەندامانی پەکەکە لە مزگەوتەکاندان'، زیاتر لە ١٠ مزگەوت بۆردمانکران و تەختی ئەرزکرا.

لە ڕۆبۆسکی بە پرۆپاگەندەی ئەوەی پەکەکە لە ناویاندا هەیە، ئەردۆغان بڕیاری کوشتنی کۆمەڵێک مرۆڤی دا کە زۆرینەیان منداڵ بوون. کە لە ڕاسیتدا لەناو ئەو کۆمەڵەیەدا یەک جەنگاوەر و ئەندامی پەکەکەش بوونی نەبوو. لە ژێر ناوی ئەوەی فەرماندەیەکی پەکەکەیان لە ناودایە، ٣٤ کەس کوژران کە زۆرینەیان منداڵ بوون. لە ئێستاشدا ئیسرائیل دەڵێت ئەندامانی حەماس یان حیزبوڵایان لە ناودایە بۆردوومانی سەر ژن و منداڵ دەکات و دەیانکوژێت.

تەنانەت یەک کەسێک لە بکوژەکانی ژن و منداڵ لە تورکیادا دادگایی نەکراوە. سەرباز و پۆلیس سزا نادرێن. بە پاساوی ئەوەی ئەو پۆلیس و سەربازانە لە دژی تیرۆر شەڕدەکەن، سزا نادرێن. لە کاتی دەسەڵاتداری ئاکەپەدا هەزارن ڕووداوی لەم شێوەیە هەیە. لە کاتی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریدا، تەیب ئەردۆغان بە دەربڕینی 'یاسا لەبەرچاومەگرن'، یانی لە یاساکاندا خۆتان سنوردارمەکەن' بە شێوەیەکی شەخسی فەرمانی کۆمەڵکوژی دایە دەستی سەرباز و پۆلیسەوە. فەرمانی بە زیندوی بیانسوتێنن-ی دا.

دەوڵەتی تورک لە داگیرکردنی عەفرین، سەریکانێ و گرێ سپیدا بە هەزاران مەدەنی، ژن و منداڵی کوشت. ئەردۆغان فەرمانی ئەمەی دەکرد. چەند ڕۆژێک لەمەبەر لە منبج دوو برا کە هەردووکیان منداڵ بوون کوژران. هەروەها هەر لە بنەماڵەیەدا منداڵ و ئەندامانی دیکەیان برینداربوون. لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریان چەندین ڕووداوی لەم شێوەیە هەیە. هەروەها لە بۆردوومانکردنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیادا بە دەیان منداڵ و بە سەدان ژن و مەدەنی کوژراون. هەموو ئەمانە لە ژێر دەسەڵاتداری ئەردۆغاندا ئەنجام دەدرێت. زۆر زیاتر لەوەی ئیسرائیل دەیکات، بۆردوومانی گەریلا دەکرێت. درۆنی تورکی لە هەموو جێگەیەک مرۆڤ دەکوژێت. بە بێ ئەوەی جیاوازی بکات لە نێوان گەریلا و مەدەنیدا، مرۆڤەکان دەکوژێت.

لە رێگەی چەتەکانییەوە لە عەفرین مرۆڤ دەکوژێت. لە دوای داگیرکارییەکانی تورکیاوە بە سەدان هەزار کەس لە عەفرین، سەریکانێ و گرێ سپی ناچار بە ئاوارەی بوون و لە ژێر چادرەکاندا لە بارودۆخی زۆر نا لەباردا هەوڵی ژیانکردن دەدەن.

دەسەڵاتداری ئەردۆغان هاوکات دەسەڵاتداری دووژمنایەتی بەرامبەر ژنانە. ویڕای ئەم کارانەشی خۆی وەک بەرگریکار لە ژنان پیشان دەدات. لە تورکیای سەدەمی دەسەڵاتداری ئاکەپەدا تاوان و دووژمنایەتیکردنی ژنان لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە. تەواوی بزوتنەوەکانی ژن لە دژی سیاسەتی چەوسێنەری دەسەڵاتداری ئاکەپە لە تێکۆشاندان.

چونکە تێگەشتوون لەوەی دەسەڵاتداری ئاکەپە هەڵگری عەقڵێتی پیاوسالارانەی دژ بە ژنە. پیاو وەک پایەی بنەماڵەکان پیشان دەدات و لەدژی ئیرادەی ژنانە. ژنان وەک نوێنەری پیاوسالاری تەماشای ئەردۆغان دەکەن و ئەویش لە بەرامبەردا هەوڵدەدات خۆی وەک فیمینست پیشان بدات. ئاستی دیماگۆجی ئەردۆغان لەم ڕێبازەدا دەبینرێت.

لەسەردەمی دەسەڵاتداری ئاکەپەدا بێ سنور چەندین تاوان ئەنجام دران. کەچی باسی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ دەکات! ٢٥ ملیۆن کورد لە تورکیادا هەیە، کەچی دان بە زمان، کولتوور و ناسنامەیاندا نانرێت. بە هێز و ستەمکردنەوە هەوڵدەدن کوردان لە کولتووری خۆیان دابڕن و بیانەکەن بە تورک. ئایە ئەم ستەمە بێوژیدانییە، بێ ئەخلاقییە و نادادییە کە لەدژی کوردان بە سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەی دەبات، گەلی فەلەستین دەپارێزێ! خواستێتی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تەواوی داگیربکات و کوردان لەسەر خاکی خۆیان بە ئاوارەییی ببات و گۆڕانکاری دیمۆگرافی و قڕکردن ئەنجام بدات. کەچی لە نەتەوەیە یەکگرتووەکاندا وانەی مرڤایەتی بڵێتەوە! ئەردۆغان ئەوەندە زاڵمێکی بێشەرم، بێویژدان و بێ ئەخلاقە. گۆبەلزی وەزیری پروپاگەندەی هیتللەر نیشانەی هەموو جۆرە فاشێزمێک بوو، لە ئێستاشدا ئەردۆغان هەمان کار دەکات. بەڕاستی لە دووڕوی و بێشەرمیدا زۆر لێزان و سەرکەوتووە. گەر خەڵات بۆ ئەمە هەبێت، ئەوە شایەنی ئەردۆغانە!