ئێران و میسر داوای کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیان کرد

عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لە کۆبوونەوەیان لە قاهیرە، داوای کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیان کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی میسر، هەردوو سەرۆک پێداگرییان لەسەر چەند بابەتێکی وەک "کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە" و "بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە و لوبنان" کردووە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە کە سیسی و عەراقچی سەرنجیان خستووتە سەر ئیسرائیل و ڕایانگەیاندووە کە لەسەر چەند بابەتێکی وەک کۆتاییهێنان بە تاوانکارییەکان لە غەززە و هێرشەکانی سەر لوبنان و یارمەتی گەیاندن بەو کەسانەی لەماڵ و حاڵی خۆیان بوونە و پێشی گرتن لە سیاسەتە شەڕخوازانەکانی ڕژێمی ئیسرائیل، ڕێککەوتوون.

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، ئێران لە ١ی تشرینی یەکەمدا ٢٠٠ مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش هەڕەشەی وڵامدانەوەی لە ئێران کرد.

هەروەها ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە زیاد کردووە. وەزیری دەرەوەی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ وڵاتانی سوریا، سعودیە، قەتەر، ئێران، عومان و ئوردن دیداری ئەنجامدا.

عەباس عەراقچی شەوی سێشەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان نۆئێل باروت و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرس دیداری ئەنجامدا. جێی وەبیرهێنانەوەیە وەزیری ئێران دوای میسر سەردانی تورکیا دەکات.