دایکانی ئاشتی بێسەروشوێن کران

سێ دایکی ئاشتی کە پاش هێرشی سەربازی بۆ سەر گوندی بلەخشێ دەستگیرکران، کاتێ بەڵگەی تۆمەتبارکردنیان ئامادە دەکرا و ٩ ڕۆژ بۆ دانیشتنەکەیان مابوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکانیان بێسەروشوێنکران بۆ زیندانێکی تر.

٢٢ ی حوزەیران بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سەربازی لە گوندی کەرجەوسی ئێلح، هاتوچۆ لە گوندەکە قەدەغەکرا و گەمارۆکە تا ٦ ی تەمموز بەردەوام بوو، پاش هێرشەکە لە هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و ١١ کەس دەستبەسەرکران. پاش سکاڵای داواکاریی گشتی کۆماری ئێلح ٩ کەس خرانە زیندان لەوانە دایکانی ئاشتی ئەمینە کایا (٥٤ ساڵ) و نەزعەت بۆلەک (٥٨ ساڵ) و سارە کایا (٥٩ ساڵ).

دەربارەی ئەم دایکانەی لە زیندانی جۆری M ی ئێلح بەڵگەی تۆمەتبارکردن ئامادە دەکرا. بەڵگەی تۆمەتبارکردنەکە بە پاساوی "هاوکاری ڕێکخستن" ئامادەکرا و لەلایەن دووەمین دادگای سزای قورسی ئێلحەوە پەسەندکرا. دانیشتنی یەکەم لە ٢٤ ی تشرینی یەکەم ئەنجام دەدرێت، بەڵام زانراوە هەرچەند کاتێکی کەم ماوە بۆ دانیشتنەکە، هەر سێ دایکەکە پێش دانیشتنەکە بێسەروشوێن کران بۆ زیندانی ژنانی ئەرزینگان. دەرکەوت بە هیچ جۆرێک بنەماڵە و پارێزەران ئاگاداری ئەمە نەبوون.