سەبری ئۆک: دەبێت تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕی بەگوڕتر بکرێت- نوێکراوەتەوە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبری ئۆک رایگەیاند، کە پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجلان هێشتاش وەک شمشێری دامۆکلێس لەسەر کوردان رادەوەشێندرێت و وتی، دەبێت لە دژی ئەوە گوڕ بە تێکۆشان بدرێت.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سەبری ئۆک قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد. ئۆک داوای کرد پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە باکووری کوردستان و تورکیا بە چالاکی کاریگەرتر و رادیکاڵ شەرمەزار بکرێت و وتی: "دەبێت گەنجان، ژنان، لە ٧ ساڵەوە تا حەفتا ساڵ و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا لە دژی گۆشەگیری خاوەن هەڵوێست بن. دەبێت هێزە پیلانگێڕەکان لێپێچینەوەیان لێبکرێت و وەک رۆژئاوا و شەنگال دەبێت بەردەوام ٩ی تشرینی یەکەمیان لە بیردا بێت و لێپێچینەوە و حسابپرسینەوەیەکی بەو جۆرە بکرێت کە چیتر باسی نەکرێتەوە. دەبێت بزانرێت کە ئەوان تاوانبار و بەرپرسیارن. لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم ببێتە مایەی وشیاربوونەوە، سەرلەنوێ دامەزراندنەوە و گرنگترین شتیش ئەوەیە کە ببێتە پاڵنەری چالاکی رەها".

گفتوگۆکە لەگەڵ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبری ئۆک بەم جۆرەیە:

٣١ مانگە دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامنەدراوە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە. لە سیستمی جینۆسایدی ئیمرآڵیدا چی روودەدات؟ ئایا هیچ زانیارییەکتان بەدەست گەیشتووە؟

لە ئیمراڵی چی روودەدات، لەبارەی تەندروستی و سەلامەتی رێبەر ئاپۆ نزیکەی ٣ ساڵە نە پاڕێزان و نە بنەماڵە و نە وەک حزبیش هیچ زانیارییەکمان نییە. ئەوەش دەریدەخات ئەو هێزانەی کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان ئەنجامدا و سیستمی ئیمراڵییان دروست کرد، هێشتاش پێداگری لە پیلانگێڕیدا دەکەن. وەک زۆر جار رامانگەیاندووە، لە ئیمراڵی دیسپلین و سیستمێکی بەو جۆرە دامەزراوە کە هیچ شتێک لە خۆوە ئەنجام نادرێت. گروپ و مێشکێکی تایبەت هەیە سیستمی ئیمراڵی بەڕیوەدەبات. ئەرکی ئەو گروپە ئەوەیە کە جینۆسایدی کوردان لە ئیمراڵی بگەیەنێتە ئەنجام. لەم بوارەدا ئەوەی لە ئیمراڵی دەکرێت، نە یاسایە، بە تەواوەتی سیاسەتی جینۆسایدە. هەر لەخۆیدا ئامانج لە دروستکردنی سیستمی ئیمراڵی ئەوە بوو. واتە هیچ شرۆڤەیەکی دیکە هەڵناگرێت، کە رێبەر ئاپۆ نزیکەی ٣ ساڵە ناتوانێت لەگەڵ بنەماڵە و پاڕێزەرانی دیدار ئەنجام بدات.

لەژێر 'تۆمەتی دیسپلین' گاڵتە بە بەهاکان و باری دەرونی گەلی کورد، بە یاسا، دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن. مرۆڤێک کە بە تەنیا لە دوورگەیەک و ژوورێکدا زیندانی کرابێت، چۆن تاوانی دیسپلین ئەنجام دەدات. مرۆڤێک کە نامە نوسین و پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی لێقەدەغە کراوە و ناتوانێت لەگەڵ بنەماڵە و پاڕێزەرانی دیدار ئەنجام بدات، چۆن تاوانی دیسپلین دەکات. ئەو ئەنجامەی مرۆڤ پێیدەگات ئەمەیە: لە ئیمراڵی کردەوەیەکی هەمەلایەنە، کە هەڵگری زۆر رێبازی نائەخلاقییە لە ئارادایە؛ تێکۆشانێکی دژوار بەردەوامە، تێکۆشانێکی ئایدۆلۆژیک، دەرونی، ئیرادەیی و سیاسییە. ئەگەر مرۆڤ روونتر دەستنیشانی بکات، دەوڵەتی تورکی قڕکەر لە دژی گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادی سیاسەتی رووخاندن جێبەجێ دەکات. ویستی سەرەتا لە ئیمراڵی ئەوە بگەیەنێتە ئەنجام، بەڵام نەیتوانی. رێبەر ئاپۆ سەرباری هەموو گوشارە دژوارەکان، خۆڕاگری کرد و سیاسەتی رووخاندنی پوچەڵکردەوە. توڕەیی گەورەی دەوڵەتی تورکی قڕکەر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە. هەروەها دەبێت بزاندرێت کە دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی قین لەدڵ و رقاوییە. سولەیمان دەمیرەل لەبارەی رێبەر ئاپۆوە بەم جۆرە قسەی کردبوو، 'گەورەترین کەسە کە لە سێ سەدەی رابردوودا بووەتە بەڵا بۆ گیانی دەوڵەتی تورک'. کاتێک مرۆڤ ئەوە پێچەوانە بکاتەوە راستتر هەڵیبسەنگێنن، ئاشکرایە کە رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی ئایین، کولتور و گەلان لە تورکیا و کوردستان بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بژین، گەورەترین بەختی سێ سەدەی رابردووە. ئەگەر دەوڵەتێک کەسایەتیەکی وەک رێبەر ئاپۆ وەک گەورەترین مەترسی سێ سەدە دابنێت، هیچ شتێک نییە کە نەیکات. خۆی لە خۆیدا ئەوەی دەیکات بەو هۆکارەوەیە. بەڵام رێبەر ئاپۆ ئیتر کەسێک نیە؛ ملیۆنان کەسە، ژن و گەنجانی بەرخۆدێرە، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەنگی هەموو مرۆڤایەتی تێکۆشەرە.

لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی خاوەنداری لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت؛ ئەو خاوەندارییە گەورەیە، سەندیکاکان لە چوار لای جیهان کار و خەبات بەڕێوەدەبەن، لەپێناو رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگی ئازادی دەکەن. هەروەها لە زۆر وڵاتەوە بە بەشداری هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و ئەکادیمیەکان لە شاری لۆزانی سویسڕا لە ژێر ناوی "باڵیۆزخانەی جیهانێکی نوێ: کوردستان" لە مەراسیمێکی هونەری، کولتوری و سیاسیدا ئەندێشە و رامانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. دەبێت مرۆڤ ئەو خاوەندارییە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی چۆن هەڵبسەنگێنێت؟

راستە لەماوەکانی رابردوودا لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی خاوەنداری زۆر لە رێبەر ئاپۆ دەکرێت. بەتایبەتی سەندیکاکانی کرێکارانی بەریتانیا، ئیتاڵیا و فەرەنسا پێشەنگایەتیان بۆ ئەوە کرد. بەر لە چەند رۆژ سەندیکا نێونەتەوەییەکان لە بەرازیل کۆبوونەوە، لە کۆنگرەکەیاندا لەبارەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانەوە بڕیاریان دا. ئەو بڕیارە زۆر بەنرخ و واتادارە. هەروەها بەتایبەتی لە ئیتاڵیا، کۆنسێرت، کۆنفڕانس، رێپێوان و گردبوونەوە لەپێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالاندا ئەنجامدراون، کە ئەوانەش زۆر بەنرخن. لەم دواییەشدا لە سویسڕا پارادیگما و روانینەکانی رێبەر ئاپۆ گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. بەو بۆنەوە بەتایبەتی کۆنگرەی سەندیکا نێونەتەوەییەکان لە بەرازیل، ئەو هونەرمەندانەی لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ کۆنسێرت ساز دەکەن و هەموو ئەوانەی لەم دواییەدا لە سویسڕا لە مەراسیمی کولتوری، هونەری و سیاسیدا لە سویسڕا گفتوگۆیان لەسەر پاڕادایمی رێبەر ئاپۆ ئەنجامداوە، بە رێز و پێزانینەوە سڵاویان ئاراستە دەکەم. دەبێت مرۆڤ ئەوە بزانێت؛ ئەمڕۆ مرۆڤ بۆ ژیان چەندە پێویستی بە نان و ئاوە، لە هەموو کاتێکدا چەندە پێویستی بە دیموکراسی و ئازادی هەیە، بە تێکۆشان دەیهێنێتە ئاراوە. لەبەر ئەوەی مرۆڤایەتی دەیبینێت کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جیهانی بە جۆرێک لێکردووە کە مرۆڤ ناتوانێت تیادا بژی. ئەستەمە لە دژی ئەوە پەیجوری و لێگەرینێکی زانابوون، توڕەیی و تێکۆشان بوونی نەبێت. ئەگینا دەبێت مرۆڤ گومانی لە مرۆڤایەتی خۆی هەبێت. رێبەر ئاپۆ لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەدا کە ناونیشانی هەموو خراپەکارییەکانە، پاڕادیگمای ئازادی ژن، ئیکۆلۆژیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی پێش خستووە و بۆ رۆشنکردنە و زانابوونی مرۆڤ رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە. بە پاڕادیگمای مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە بەرەوپێشی برد، بووە وەڵامدەرەوە بۆ برسێتی ئایدۆلۆژیایی مرۆڤایەتی. لە راستیدا ئەوەندەی پارادیگما و روانگەکانی رێبەر ئاپۆ دەخوێندرێنەوە، گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، بڵاودەکرێنەوە و تێگەیشتنی لەبارەوە ساز دەبێت، خاوەن هێزێکی کارتێکردنە. بۆ ئەوەش هەر کەس کە خاوەنداری لە ئایدۆلۆژیا، روانین و فەلسەفەی رێبە ئاپۆ بکات، دەبێت سەبارەت بەوەوە  خەبات بکات و مرۆڤایەتی لەوە تێبگەیەنێت. ئێمە دەبێت وەک حەواریی و هاوەڵانی عیسا بەردەوام روانینەکانی رێبەر ئاپۆ بگەیەنینە مرۆڤەکان، کۆمەڵگاکان، کولتورەکان و بە تایبەتیش بیگەیەنینە ژنان و گەنجان کە لەپێناو ئازادیدا هەڵساونەتە سەرپێ. هیچ کەسێک نییە کە رێبەر ئاپۆی خوێندبێتەوە و دواتر کاریگەری لەسەر دانەنرابێت. بەر لە ئێستا هەڤاڵێک دەیگێڕایەوە؛ داوای لە راهیبێک کردبوو کە وتارێک لە بارەی رێبەر ئاپۆوە بنوسێت. راهیبەکە وتبووی، پەکەکە بزوتنەوەیەکی سۆسیالیستە، لە نەریتی کۆمۆنیستیە، هەر بۆیە بزوتنەوەکەمانی خۆش ناوێت. دواتر لەسەر پێداگری هەڤڵانمان وتی، کەواتە چەند کتێبی رێبەر ئاپۆ بهێنن، با بیانخوێنمەوە و دواتر بزانم چۆن دەبێت. راهیبەکە رایگەیاند کە دوای ئەوەی رێبەر ئاپۆی خوێندووەتەوە کاریگەری لەسەر دانراوە و ئەمە بە هەڤاڵان وتووە، "ئەو مرۆڤە لەم جیهانە گەورەترە. ئەم جیهانە جێگەی ئەو مرۆڤە گەورەیە نابێتەوە". هۆکارێکی گرنگە کە هەموو کەسانی دژە سەرمایەداری، دژە دەسەڵاتداری و ئەوانەی لایەنگری رەنج، ئازادی و کۆمەڵایەتیبوونن ئەوەندە خاونداری لە رێبەر ئاپۆ دەکەن، ئەوەیە کە خۆیان، ژیانی خۆیان، خەونەکانی خۆیان و ئایندەی خۆیان لە ئەندێشە و روانینەکانی رێبەر ئاپۆدا دەبیننەوە. هەربۆیەشە لە ئەفریقاوە تا ئەمریکای لاتین، لە هەموو لایەکی جیهانەوە ملیۆنان کەس خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ دەکەن. بە دەیان سەندیکا کە لە سەرتاسەری جیهان ملیۆنان ئەندامیان هەیە، مرۆڤی زانا، رۆشنبیر، ئەکادیمی، هونەرمەند خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ دەکەن و روانگەکانی پەسەند دەکەن. ئەوەش دەریدەخات کە رێبەر ئاپۆ بە ئایدۆۆژیا، پاڕادایم و ئەندێشەکانی خۆی ئیتر بووەتە موڵکی مرۆڤایەتی. هەربۆیە زیاتر خاوەنداری لێدەکرێت.

دەبێت گەلی کورد و سیاسەتی نێونەتەوەیی چالاکیەکانی خاوەنداری لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چۆن هەڵبسەنگێنن؟ لەبەر ئەوە ئەو چالاکیانە بگەنە ئامانجەکانی دەبێت چی بکرێت؟

پێویستە پرسی کورد و دیالێکتیکەکەی باش درکی پێبکرێت. یاسای دیالێکتیکە؛ هەموو شتێک دژەکەی خۆی دەخوڵقێنێت. ئەوەی دەمەوێت لێرە دیاری بکەم ئەمەیە؛ رەنگە پرسێک هێندەی پرسی کورد ئاڵۆز، فرەلایەن و دژوار چارەسەر نەکرێت، چارەسەرکردنی پرسێکی بەم جۆرە پێویستی بە کەسایەتیەکی وەک رێبەر ئاپۆ هەبوو. خۆی رێبەر ئاپۆش لە بارەی پرسی کورد و چارەسەرکردنەکەی بەم جۆرە دەڵێت، "کاتێک بوێریم کرد کە لە سەر راستی کوردایەتی راوەستە بکەم، من بەردەوام کاریگەری ئەو راستیانەم هەست پێکرد. من ویستم لە رێگەی زانستەوە ئەوە بگێڕمەوە، کە من دەمگوت گونجاوترین شێوازی شرۆڤەکردنە. ئەوەش بەس نەبوو، من هەنگاوم بۆ ئاشتی نا. هەرچیم کرد ئەوەش نەبوو. هەموو ئەوانەش دەریانخست کە دۆخی ئەمڕۆیی راستی کۆمەڵایەتی کورد چەندە دژوارە و خراپە". لەو رێگەوە رێبەر ئاپۆ پێکنەهێنانی چارەسەری، دژوارییەکانی چارەسەری و ئەو جدییەتەی کە پێویستە هەبێت، نیشان دەدات. دەوڵەتی تورک باش ئەوە دەزانێت. بۆ ئەوەش کۆنسێپتی سڕینەوەی بەرفراوان لەسەر رێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەکات و بۆ ئەوەی ئەندێشە و دەنگی ئەو نەچێتە دەرەوە هەموو شتێک دەکات. کورد و سیاسەتی کورد بە راستیش زۆر سادەیە، دەبێت پێچەوانە دەوڵەتی تورکی قڕکەر بکات، دەبێت پێچەوانە ئەندێشەکانی ئەو لێی وردببێتەوە. گەر دەوڵەتی تورک رێبەر ئاپۆ وەک بەڵای سێ سەدەی رابردوو دەبینێت، دەبێت گەلی کورد و سیاسەتەکەی رێبەر ئاپۆ وەک دەستکەوتێکی مێژوویی گەورە ببینین.

دەبێت باش بزانرێت کە پرسی کورد وەک چارەسەری پرسەکانی دیکەی بە هەمان شێوە لە هیچ شوێنێکی جیهان چارەسەر ناکرێت. پرسی نائاسایی کورد تەنیا بە رێبەرێک لە لە سەرووی ئاستی ئاساییەوە بێت و لە هەموو پێوانە ئاسایی و ناوەندیەکان تێپەڕیبێت، چارەسەر دەبوو. رێبەر ئاپۆ رێبەرێکە کە بەو ناکۆکیەوە ئافرێندراوە.  لەبەر ئەوەش دەبێت کورد و سیاسەتی کورد بەر لە هەموو شتێک بپرسێت کە بە راستی رێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی چی دەکات، خاوەن چ جۆرە کەسایەتیەکە و بە بێ رێبەر ئاپۆ ژیانێکی دیموکراتیک، ئازاد و شکۆمەندانە دەستەبەر دەبێت یاخود نا. ئەگەر بە بێ رێبەر ئاپۆ ئەوە دەستەبەر نابێت، ئەو کاتە دەبێت لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ هەموو شتێک بوترێت. دەبێت گەلی کورد و سیاسەتی کورد لەوە دوورنەکەوێتەوە. وەک گەل و بزوتنەوە دەبێت ئێمە پرۆسەی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بە رۆحی سەفەربەریی تەواوەتی بەڕێوەببرێت. دەبێت ئێمە تێکۆشان لە ئاستی ئایدۆلۆژیک، رێکخستی، پرۆپاگاندە و بانگەشە بە گوڕتر بکەین.

بۆ نمونەی کۆنگرەی سەندیکاکانی جیهان کە لەم دواییەدا لە بەرازیل ئەنجامدرا، بڕیاردرا کە بانگەواز بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بکات. وەک حزب لە راگەیەندراوەکەماندا ئەوەمان خستبووەڕوو، کە سڵاو لەو بڕیارە دەکەین. بەڵام دەبوایە تەنیا بەوەوە سنووردار نەبووایە. لەبەر ئەوەی زۆر گرنگە. پلاتفۆرمێک، کۆنگرەیەک کە خاوەنی ملیۆنان ئەندامە. دەبوایە راگەیاندنی ئێمە لەگەڵ ئەو سەندیکایانە دیداری ئەنجام بدایە و کەناڵەکان بەرنامەیان لەسەر سازبکردایە. بۆ ئەوەی ببوایە بە رۆژەڤێکی تایبەت دەبوایە خەبات بکرایە. هەروەها لە ئیتاڵیا و زۆر وڵاتی دیکەی ئەوروپا لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ کۆنفڕانس و کۆنسێرت سازکران. دەبوایە راگەیاندن دواتر گفتوگۆی لەسەر ئەو کۆنفڕانس و کۆنسێرتانە سازبکردایە و بەرنامەی سازبکردایە. ئاشکرایە کە دەبێت لەو بابەتانەدا زیاتر ئافرێنەر بین. لەبەر ئەوەی هەموو تێکۆشانێک بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بەلامانەوە هەم ژیانییە و هەمیش شکۆمەندانەترین تێکۆشانە. بۆ ئەوەش پێویستی بە رێکخستنبوون هەیە. لە رێکخراوە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بگرە تا گەل و دۆستانمان دەبێت ئێمە لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام لەناو وردبوونەوە و بەدواداچووندا بین. من لە ناخەوە بڕوام هەیە ئەگەر ئێمە بە تەواوەتی بەو ئامانجەوە پەیوەست بین، باش هەڵسەنگاندن بۆ کات بکەین، لە کووێ و چۆن سەرکەوتن بەدەست دێت بە باشی پلانی بۆ دابنێین، خۆمان بگەیەنینە هەموو کەس و بکەوینە ئامادەباشییەوە، بە پێرسپێکتیڤ و دیسپلینەوە بجوڵێینەوە، ئەو پرۆسەیە بە ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆوە تاجدار دەبێت. ئەگەر ئەوە پێکبێت، کاردانەوە و چالاکیەکان کە لە کوردستا و جیهان لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بەگوڕتر دەکرێن، بە دڵنیاییەوە ئامانجەکەیان دەپێکن.

لە سەروبەندی ٢٥ەمین ساڵەی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨داین. لەم ٢٦ەمین ساڵەی پیلانگێڕیدا دەبێت چی بکرێت؟

بەر لە هەموو شتێک من رێبەر ئاپۆ کە ٣١ مانگە زانیاریمان لەبارەیەوە نییە، بە رێزەوە سڵاوی لێدەکەم. لە کەسایەتی م. خالید ئۆرال، سەلامەت مەنتاش، ئاینور ئارتان، ئەحمەد یڵدرم و سەما یوجەدا کە لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەمەدا لە زیندانەکان لە گۆڕەپانەکانی دیکەی تێکۆشان بە دروشمی 'ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن' ئاگریان لە جەستەیان بەردا. لە کەسایەتی شەهیدانی زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و خواکورکدا کە لەم دژوارترین قۆناغەی تێکۆشانی ئازادی ٥٠ ساڵەی رابردوودا بە گیانی فیدایی خۆڕاگرییان کرد و شەهید بوون، سەرجەم شەهیدانی تێکۆشانمان بە رێز و پێزانینەوە بەبیر دەهێنمەوە، بەڵێن دەدەین کە بۆ یادی ئەوان ئێمە ئامانجەکانیان بگەیەنینە سەرکەوتن.

هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە ٢٥ ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەنجامیاندا، هەوڵی جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستەکار. رێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ئازادیی کوردستان لە پێگەیەکی کاریگەردا بوو کە دەبێت لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینرێت و لەبەر چاو بگیرێت. یاخود بە چارەسەری پرسی کورد بە پێشەنگایەتی پەکەکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتیک ببوایە، یاخود بە چ رێگەیەک دەبێت با ببێت رێگەیان بەوە نەدایە. پیلانگێڕی نێونەتەوەیی هەندێکیش لەبەر ئەو هۆکارە ئەنجامدرا. . زۆر کەس هەبوو کە والێکیان دەدایەوە کە دوای پیلانگێری پەکەکە پاکتاو دەبێت و پرسی کورد لەناو دەچێت. لە راستیدا زۆر لایەن و گروپ بە بەدواداچوون و هەوڵدان ویستیان قۆناغەکە خێراتر بکەن. بەڵام سەرنەکەوتن. لەبەر ئەوەی نەیانتوانی رێبەر ئاپۆ بێکاریگەر بکەن و پەکەکە پاکتاو بکەن، هەروەها رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی تەقینەوەیەکی هزری ئەنجامدا و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کە وشیاربوونەوەی مرۆڤایەتیە لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پێکهێنا، ئامادەی کرد. رێبەرایەتی لەبەر ئەوە وتی قۆناغی ئیمراڵی 'سێهەم لەدایکبوونەوەمە'. پەکەکەش بە تێکۆشانی خۆی گەیشتووەتە پێگەیەک کە کاریگەری لە بەرەوپێشچوون و هاوکێشەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و هەندێک جاریش لە دۆخی یەکلاکەرەوەدایە.

وەستایی و لێهاتویەکی دیکەی باڵادەستان نەهێشتنی یادەوەری مێژوویی گەلانە، لەبەر ئەوەی ئەوانەی مێژوو دروست ناکەن، بەڵام بەردەوام مێژوو دەنوسنەوە ئەوان بوون. لە رێگەی پیلانگێریی ٩ی تشرینی یەکەمەوە ویستیان هەموو ئەو شتانەی لەسەر ناوی کوردستان کوردستان هاتوونەئاراوە، کۆتایی پێبهێنن. ئەوانەی بڕوا و ئیرادە و ئامانجەکەیان بەشی ئەوەی نەکرد و بەگوێرەی ئەوە جوڵانەوە پەنایان بۆ رێگەی دیکە برد. بەڵام ئەوانەی کە بە هاوڕێیەتی دڵسۆزیەوە هەنگاویان دەنا، سەرباری قوربانیدانی زۆریش درێژەیان بە تێکۆشاندا. ئێستا هەم مێژوو دەنوسنەوە و هەمیش مێژوو ساز دەکەن. پێویستە کە ئەوە بزانرێت؛ تا رێبەر ئاپۆ ئازادی جەستەیی خۆی بەدەستنەهێنێت، بەردەوام پیلانگێڕیی و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد بەردەوام دەبێت. لەم رووەوە بە دڵنیاییەوە ٢٥ ساڵە لە گەڵ هێزە پیلانگێڕەکان لە هەموو ئاستێکدا لەناو تێکۆشانی دژوارداین. چی دەکەن با بیکەن، پەکەکە کە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە ئافرێنراوە و گەلی کورد کە وشیار بووەتەوە و خۆراگری دەکات هەرگیز راناوەستێندرێن. هەموو ئەو دژواریانە ژانی لەدایکبوونی ئازادین. پەکەکە و گەلی کورد بڕوایان بەوە هەیە. مێژووی ٩ی تشرینی یەکەم بە پێداگرییەوە لایەنی جیاواز بەخۆیەوە دەگرێت و بەبیری کوردانی دەهێنێتەوە.

هەڵبەت بە رێکەوت نییە کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر-قڕکەر لە ٩ی تشرینی یەکەمدا هەڵمەتی داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی دەستپێکرد. پەیامەی کە دەخوازرا بدرێت ئەوەیە کە لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی کوردان بەردەوامە. ئەگەر ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەڵوێستێکی روونیان نیشان بدایە، ئەستەم بوو کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا دەستی بە داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی بکردایە. هێزە نێونەتەوەییەکان نەک هەر رێگرییان لە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر نەکرد، بە رووقایمیەوە پشتیوانیان لە دەوڵەتی تورک کرد و دوای ماوەیەکیش داوایان لێکرد کە زیاتر نەچێتە پێشەوە. بێگومان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەوەیان کرد. واتە ئەمریکا، روسیا و هێزەکانی دیکە کە بەشێک لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیین، لە داگیرکردنی عەفرین یاخود لە داگیرکردنی سەرێکانی و گرێ سپیدا رۆڵیان گێڕا و خۆیشیان پشتیوانیان لە کۆماری تورک کرد. بەوەش دەوڵەتی تورک کاتێک رێبەر ئاپۆ بە دیل گیرا پەیامی "وەک چۆن هێزە نێونەتەوەییەکان بۆ ئەوە پشتیوانیان لێکردین، ئێستاش هێزە نێونەتەوەییەکان لە دژی شۆڕشی رۆژئاوا پشتیوانیمان لێدەکەن". لەبەر ئەوەش پیلانگێڕیی بەردەوامە. وەک دەزانرێت لە شەنگال لەسەر گەلی ئێزدیمان پەیمانێک بە بەشداری پەدەکە، عێراق، نەتەوەیەکگرتووەکان و دەوڵەتی تورک سەپێندرا. مێژووی ئەو سەپاندنەش ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ە. هیچ یەک لەوانەش بە رێکەوت نییە. مەبەستیان ئەوەیە کە پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم وەک شمشێری دامۆکلێس لەسەر ملی کوردانە. لە راستیشدا ئەمەیە. کەواتە دەبێت گەلی کورد لە هەر چوار لای کوردستان، لە دەرەوەی وڵات و لە هەموو شوێنێک لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم گەورەترین بەرخودانی سەردەم نیشان بدات. نەک هەر کۆبوونەوە، کۆڕبەند و کۆنفڕانس، رێپێوان، گردبوونەوە و هتد.. دەبێت شێوەی چالاکی و ناڕەزایەتی رادیکاڵی کاریگەر پێشبخرێن. بە تایبەتیش لە باکووری کوردستان و تورکیا دەبێت پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم بەشێوەی جیاواز پێشوازی بکرێت. دەبێت گەنجان، ژنان لە هەموو پێکهاتەکان، لە حەوت ساڵەوە تا حەفتا ساڵ لەو رۆژەدا هەمووان پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی شەڕمەزار بکەن و هەڵوێست نیشان بدەن.

دەبێت بە جۆرێک لێپێچینەوە لە پیلانگێڕان بکرێت کە نەک هەر دووبارەکردنەوەی کردەوەکانیان لە رۆژئاوا و شەنگال، بەڵکوو جارێکی دیکە بیر لە ٩ی تشرینی یەکەم نەکەنەوە. دەبێت بزانن کە ئەوانە تاوانبارن و بەرپرسیارن. لەم واتایەدا دەبێت پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم ببێتە مایەی وشیاربوونەوە، خۆ بونیادنانەوە و لەهەموو شتێکیش گرنگتر ئەوەیە کە بەردەوام لە ناو چالاکیدا بن.

سیاسەتی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لەسەر بناغەی ترس و بەربەرییەت، وایکرد جڤاکی تورکیا نەتوانێت هەناسە بدات. ئەگەر قەیرانی ئابوری تورکیا لە وڵاتێکی تر بقەومێت، قیامەت هەڵدەسێت. بەڵام لە تورکیا هیچ دەنگێک نییە. بۆچی ڕەوشێکی وەها ڕوودەدات؟ پێگەی ئۆپۆزسیۆن و سۆسیالیست و دیموکراتەکانی تورکیا لەم بابەتەدا چۆن دەنرخێنن؟

ڕاستە تورک هەمیشە دەوڵەتپارێز بووە. زۆر هەن، وەک تورکەکان دەوڵەتێکیان بنیات ناوە، بەبێ دەوڵەت نەیانتوانیوە بژین. بەڵام ئۆپۆزسیۆنی مردووی ئێستای تورکیا و ڕوونکردنەوەی هەموو شتێک بە "دەوڵەت نەبێ نابێ" ڕاست نییە. سەرەتا پێویستە مرۆڤ ڕاستینەی ئاکەپە و کەسێتی تەیب ئەردۆگان بزانێت. لە ئەنجامی کردنەوەی ڕێگای هێڵی فەتحوڵا گولەن دوای کودەتاکەی ١٢ی ئەیلول. لەو کاتەوە سیاسەتی ئیسلامپارێزی ڕاستڕەو حوکمی سیاسەتی تورکیا دەکات. مرۆڤ دەتوانێ ئەمە ناوبنێ بە ئیسلامی سیاسی. بێگومان ئاکەپە و ئەردۆگان پرۆژە بوون. سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵی تەیب ئەردۆگان، دانانی وی وەک فیگەرێک لەپاش ئەربەکان و پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی مەزن، لەمانەوە ڕوون دەبێتەوە ئەردۆگان چ کەسێکە. هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمموز کە ئەردۆگان لەبارەییەوە گوتی "ئەوە بەخششی خودایە". سوپا و بیرۆکراسی و دەوڵەت و تەیب ئەردۆگانی یەکخست. ئیسلامپارێزە سیاسییەکان، کەمالیستە کلاسیکییەکان، ئۆراسیاپارێزەکان، لەگەڵ ئەردۆگان بوونە یەک و شمشێریان دژی پەکەکە و بەناو گولەنییەکان هەڵگرت. ئەوانەی زۆرترین سوودیان لەم کودەتایە وەرگرت، بریتین لە تەیب ئەردۆغان و ئاکەپە کە خۆیان خستە ناو دەوڵەتەوە، هەروەها ئاکەپە ڕاستینەی دەوڵەتی ئەمڕۆیە. هەموو ئامانجیان لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی و گەیشتن بە ئەنجامی ئەو قڕکردنە سیاسییە بوو کە لە ئیمراڵی دەستیان پێکرد. بەم پێیە، هەموو شتێک ڕەوا بوو. بەگوێرەی ئەمە، ئابووری و سیاسەتی تورکیا دیاری دەکرا. بەڵام هەر چییان کرد، سەرکەوتوو نەبوون. به پێچەوانەوه ئەمڕۆ تورکیا به ته واوی لەناوی ڕیتمێکدا گیری کردووە. متمانەی سیاسی و متمانەی وی لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی نزیکە لە سفر. لە ئابوریشدا برسێتی و هەژاری و بێکاری هەرگیز ئەوەندە بەرز نەبووەتەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ چارەسەرێک لەبەرامبەر حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەدا نییە و هەرچۆنێک بێت کێشەی هەیە، پێویستە خەڵک کاردانەوەی جڤاکی بەهێز ڕێکبخەن.

بەڵام بەهۆی ڕەوشی ئۆپۆزسیۆنەوە پێویستە بە ئاکەپە بگوترێ حەڵاڵت بێت. ئێمە پێمان وایە سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و گرفتانەی لە جیهاندا هەیە، هیچ وڵاتێک بەقەد تورکیا بێ کێشە و بە ئاسانی بەڕێوە ناچێت. چونکە ئۆپۆزیسیۆن نییە. تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد لە ڕەوشی بەرخۆدانی بەردەوامدان. هەروەها هێزە سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی تورکیا هێشتا ئەوەندە ڕێکخراو نەبوون تا بتوانن ئۆپۆزسیۆنێکی جڤاکی ڕادیکاڵ پەرەپێبدەن. بەڵام تاڕادەیەک هەلومەرج لەبەردەستە. بەدڵنیاییەوە پێویستە هێزە دیموکراتیک و چەپ و سۆسیالیستەکان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لەم قۆناغە پڕ لە دەرفەتەدا. لە هەموو دەرفەتێکدا لەگەڵ جڤاکدا تێکەڵاو بن و هەموو کێشەیەک بکەنە هۆکاری تێکۆشان. ئەگینا ئۆپۆزسیۆنێکی تر لە تورکیادا نییە. بێ گومان جەهەپە و پارتەکانی تری دەسەڵاتدار لەگەڵ حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەدا هاوبەشی تاوانن. چونکە تەیب ئەردۆگان و باخچەلی بە ئاسوودەیی و بێ کێشە تورکیا بەڕێوەدەبەن. ئۆپۆزسیۆنی جەهەپە و پارتەکانی تری دەسەڵاتدار لەگەڵ حکومەتن، واتە هاوکاری فاشیزمی ئاکەپە دەکەن.

چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ئوردن نرخی نان ٢٥ یان ٥٠ سەنت بەرزکرایەوە. گەلی ئوردن یەکسەر هەڵسانەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەم کارە و حکومەت ناچار بوو جارێکی تر نرخی نان کەم بکاتەوە. ڕاستە هەموو ڕۆژێک جڤاک لە تورکیا تووشی زیان دەبێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەش هیچ ئۆپۆزیسیۆنێک نییە کە بێتە دەرەوە و ناڕەزایی نیشان بدات. ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی جەهەپە هیچ کاردانەوەیەکی جڤاکی لە دژی گرانبوونی ڕۆژانە، بەرامبەر بە کرێکارانی دەرکراو، یان دژی برسێتی و هەژاری پەرە پێ نەداوە. تەنانەت دەیانگوت نابێت بچنە سەر شەقامەکان. بۆیە ئۆپۆزسیۆن لە تورکیادا نییە. ئۆپۆزسیۆنێک کە باسی کێشەی کورد نەکات و لە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی وئاکامەکەی بترسێت، ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەیە. ئەمە مەزنترین خێرە بۆ فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە. بەڵام بێگومان بەم شێوەیە بەردەوام نابێت. پێویستە بگوترێ لە قۆناغێکدا، لەلایەک سیاسەتی دیموکراتیکی کوردی و بزووتنەوەی دیموکراتیکی شۆڕشگێڕانە لە تورکیا پەرە بسێنێت، لەلایەکی تر، جڤاک بەرخۆدان بکات، ڕەنگە پێشهاتی گرنگ ڕووبدات.

هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە. بەرامبەر ئەم سیاسەتی قڕکردنەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کوردان، بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان، بەرخۆدانێکی مێژووییە. دژی ئەم هێرشانە، لە چوار پارچەی وڵات و ئەوروپا، هەڵوێستی کوردان و سیاسەتی یاسایی کوردان و پارتە کوردییەکان، چۆن دەنرخێنن؟

شەڕی ئێمە لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تەنیا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا نییە، بەڵکو لە هەموو پارچەکانی کوردستاندایە، لە هەر شوێنێک کورد لە ڕووی سیاسی و سەربازی و دەروونی و ئەخلاقیەوە هەبێت. ئەمە شەڕێکی تەواوەتییە. دەوڵەتی قڕکەری تورک لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا بەبێ وەستان بە هەموو هێزەوە هێرش دەکات. دیارە ئەم شەڕە بە پاڵپشتی ناتۆ و هێزە هەرێمییەکان و هاوکارە کوردەکان دەکرێت. هەموو یەدەگ و تواناکانی تورکیا و هێزی ئابووری و سیاسی لەم شەڕەدا خەرج دەکرێت. سوودی ئەندامبوون لە ناتۆ و پێگەی جیۆپۆڵەتیکی و جیۆستراتیژی خۆی بەکاردەهێنێت و بەبێ هیچ ڕێسا و پێوەرێکی مرۆیی و ئەخلاقی شەڕ دەکات و یاسای جەنگ دەخاتە ژێر پێ. بۆمبی گەرمی و چەکی کیمیایی دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەکاردەهێنێت. جێگای داخە کە جیهان و هێزە ئەوروپی و نێونەتەوەییەکان سەرەڕای ئەم تاوانە جەنگییە قورسانەی دەوڵەتی تورک، دەنگی خۆیان هەڵنابڕن.

ئامانجی دەوڵەتی قڕکەری تورک جێبەجێکردنی پلانی پلیشاندنی خۆیەتی. توندکردنەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ هەر لەم ڕووەوەیە. جگە لە نەهێشتنی پەکەکە و گەریلاکانی ئازادی کوردستان بیر لە هیچ شتێک ناکاتەوە. دەیەوێت باوەڕی بە ئەنجامدانی ئەم کارە بکات و هەوڵدەدات جڤاک و هێزە نێونەتەوەییەکانیش قەناعەت پێ بکات. بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە دژی سوپای فاشیستی تورک کە چەکی کیمیاوی و هەموو جۆرە تەکنیکێک بەکاردەهێنێت، بەڕاستی ناوازەیە. سوپای داگیرکەری تورک کە دووەم هێزی گەورەی ناتۆیە، هەموو هێز و تواناکانی خۆی کۆکردەوە و هێرشی کرد، بەڵام نەیتوانی پاشەکشە بە گەریلاکانی ئازادی کوردستان بکات.

ماوەی سێ ساڵە شەڕێکی دژوار لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا و خواکوڕک و شوێنەکانی دیکەی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە. بەڵام سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا نەگەیشتووەتە ئەنجامی خوازراو. بەڵکو لە شوێنەکان گیر بووە. گەریلاکانی ئازادی کوردستان هێشتاش چالاکی ئەنجام دەدەن، بەرخۆدانیان بە ڕێبازێکی نوێ بەردەوامە. بەڵام مرۆڤ دەبێ ئەوەش بزانێت، ئەم بەرخۆدانە سەختترین و لە هەمان کاتدا شکۆدارترین بەرخۆدانی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی ئێمەیە. شەڕەکە سەراپاگیرە. ئابووری و سیاسی و دەروونیییە، هەمەلایەنەیە. پێویستە گەلەکەمان، ڕێکخراو و دامەزراوە وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕەکان بۆ شەڕی شۆڕشگێڕانەی دروستی گەل تێبکۆشن. هەموو پرسەکانی تێکۆشان بخرێتە ئەستۆی گەریلا نادادپەروەرییە و دروست نییە. لە ڕاستیدا ئەوەی دوژمن زۆرتر لێی دەترسێت شۆڕشی شەڕی گەلە. دەترسێت گەنجان و ژنانی کورد لە کوردستان و شارە گەورەکان ژیانیان لێ حەرام بکەن. پێویستە دەوڵەتی قڕکەر و ستەمکاری تورک نەوێرێت یاری بە کەرامەت و ئایندەی کورد بکات. لە شاری وان دەیان سەرباز و جەردەوان دەستدرێژییان کردۆتە سەر ژنێکی کورد. ژنان و گەنجانی کورد بە ئەشکەنجە و زۆرەملێ دەڕفێنرێن، ناچار دەکرێن سیخوڕی بکەن. لە هەموو شارێکی کوردستان نزیکەی هەموو ڕۆژێک منداڵێک لە ژێر تانک و زرێپۆش دەشێلرێت و دەکوژرێت. لەشفرۆشی و ماددەی هۆشبەر بە نهێنی وەک مەترسیدارترین شێوەی شەڕی تایبەت بانگەشەیان بۆ دەکرێت. ئەم هەموو بیانووانە دەهێننەوە چونکە کورد یاخی دەبێت. کورد پێویستە بیر لەوە بکاتەوە؛ منداڵێکتان هەیە لە شارەکانی تورکیا بە تانک کوژراوە؟ لە شوێنێکی تورکیا دەیان سەرباز و جەردەوان دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنێک؟ ئەمە لە کوردستان ڕوودەدات. یاری بە شەرەفی کورد دەکەن بۆ ئەوەی کورد هەست بە کەمی بکات. نابێت مرۆڤەکان بەرامبەر بەو کارانە خۆیان کەڕ بکەن. ئەو ڕۆژەی منداڵێکی کورد لە ژێر تانکێکدا لە شەرناخ گیانی لەدەستدا، پێویستە هەموو سیاسەتێکی دیموکراتیکی یاسایی و هەموو پەرلەمانتارەکان بچوونایەتە شەرناخ. ژنان، گەنجان، هەموو دامەزراوە دیموکراتیکە یاساییەکان حەقبوو هەستن و قیامەت هەڵگیرسێنن. ژنێک دەستدرێژی کرایەسەر، دەبوو سەرهەڵدان بکرایە. ئەوەی لەم ڕووەوە ڕۆڵی خۆی ڕاناگرێت، کاردانەوەی نییە، یای سەرهەڵدان ناکات؛ هەرکەسێک بێت لە ڕۆحی قۆناغەکە دابڕاوە و ئاگاداری مەترسی و دەرفەتەکان نییە. بەڕاستی قۆناغەکە زۆر گرنگە. نابێت کەس ئاسوودە و ئارام بێت. هیچ زانیارییەک لەسەر تەندروستی و سەلامەتی ڕێبەر ئاپۆ نییە، شەڕەکە زۆر دژوارە، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کورد ئاسوودە و ئارام بێت. پێویستە هەمیشە تێکۆشان و سەرهەڵدان هەبێت. سیاسەتی دیموکراتیکی یاسایی پێویستە هەموو ڕۆژێک تاوانەکانی سوپای داگیرکەری تورک ئاشکرا بکات و ناڕەزایەتی دەرببڕێت و لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی تێبکۆشێت.

گەلەکەمان لە ئەوروپا، هەم بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، چ بۆ بەرخۆدانی گەریلا لە چیاکانی کوردستان و لە دژی شەڕی تایبەت دژی کورد، پەرە بە تێکۆشانی خۆی بدات، کورد دەبێ خۆی بگەیەنێتە هەموو لایەنە ناڕێکخراوەکان و ڕێکخستنی خۆی پەرە پێ بدات، هاوڕێیەتییەکی باش لەگەڵ گەلانی تر دروست بکات و لە بازنە جڤاکییەکان یەکبگرن.

 لە عەفرینەوە تا باشوری کوردستان، ئەو هێزەی ڕەوایەتی دەبەخشێتە فشار و هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک پەدەکەیە. چۆن نرخاندن بۆ ئەم ڕەوشەی پەدەکە دەکەن؟ لە کاتێکدا ڕاستییەکی وەهای پەدەکە هەیە و حیزب و ڕێکخستنە کوردییەکان هەڵوێست نیشان نەدەن، ئیتر کورد چۆن یەکێتی نەتەوەیی خۆی بنیات دەنێت؟

پەندەکە کوردییەکە دەڵێت: "دار کرمی لە خۆی نەبێت، هەزار ساڵ ئەژی"، لە هەموو جڤاکەکاندا کەسانێک هەن لە ناسنامەی خۆیان دوور دەکەونەوە، بەرژەوەندیی خۆیان لە سەرووی ناسنامەی نەتەوەییەوە دەبینن و دەبنە هاوکار. بەڵام ئەمە لای کورد زۆر ڕوونە. مەبەستی پەندە مێژووییەکەش هەر ئەمەیە. ئێستاش هەروایە. ئێمە لە هەموو شوێنێک دژی دەوڵەتی قڕکەری تورک شەڕ دەکەین. عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی لەلایەن دەوڵەتی قڕکەری تورکەوە داگیرکراون. دەیان بنکەی سەربازی سوپای تورک لە باشوری کوردستان هەن. باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژانە بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردومان دەکرێن. سروشت و مرۆڤی کوردستان لەناودەبرێن. لە دژی هێزێکی قڕکەر لەم جۆرە، ئاشکرایە دەبێت هەڵوێستی هەر تەڤگەرێکی کوردی چۆن بێت. بەڵام هەڵوێستی پەدەکە بەرەو بەهێزکردنی پەیوەندییە لەگەڵ دەوڵەتی تورکی قڕکەر. بەدڵنیاییەوە، دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک لە دادگا نێونەتەوەییەکان لەسەر ئەو تاوانانەی لە عەفرین ئەنجامیداوە، بە تاوانی جەنگ لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت. بەڵام بەهۆی هاوهەڵوێستی هەندێک لایەنی کوردی لەگەڵ پەدەکە کە پاساو بۆ داگیرکاری و قڕکردن له عه فرین دەهێننەوە، ئەم ئومێدە لاواز دەکات. دۆخی باشوری کوردستانیش هەر بەو شێوەیە. بەهۆی هەڵوێستی پەدەکەوە نەبوایە، بە دڵنیاییەوە سوپای تورک بەرامبەر گەریلاکانەوە شکستی دەهێنا. پەدەکە ڕێخۆشکەرە بۆ ئاسوودەبوون و هەناسەدانی دوژمن.  کوردستانییەکان دەبێ ڕاستییەکان ببینن و بزانن. هەموو ڕۆژێک کچ و کوڕی کورد لە چیاکان کوردستان بە فڕۆکەی جەنگی شەهید دەبن. چۆن پەیوەندی لەگەڵ هێزێکی دوژمنی کوردی وەها دەبەسترێت و پشتیوانی لێ دەکرێت؟ سەرەتا گەلەکەمان لە باشوری کوردستان، پێویستە هەموو گەلەکەمان باش لەمە ئاگاداربن و بیزانن. پێویستە کەسێتییەکان و گەل و پارت و گروپەکانی کورد ئەمە ببینن و هەڵوێستیان هەبێت. ئەگەر نا دوژمن ئامانجی زۆر دەپێکێت.

کاتێک باس لە پرسی یەکێتیی نەتەوەیی ڕاستەقینەی کورد دەکرێت، هیچ گەلێک بە ئەندازەی کورد بەسەر گەل و جوگرافیادا دابەش نەبووە. بۆیە کورد لە هەموو کەس زیاتر پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە. ئەم سیاسەتە لەسەر کوردستان پێشتر ناوی لێنراوە "پەرتکە و زاڵبە". ئەم سیاسەتە بەردەوامە. سەیری جیهان بکەن، ئەمریکا وڵاتێکی فیدراڵییە، وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت. یەکێتی ئەوروپا هەیە. یەکێتی ئەفریقا هەیە. یەکێتیی عەرەبی هەیە. جڤاتی دەوڵەتانی سەربەخۆ لە ڕووسیا بوونی هەیە. تەنیا کورد کە زۆرترین پارچە و دابەشبوونە، دوورە لەو یەکێتییە. یەکێتی نەتەوەیی زۆر پێویستە. یەکێتیی نەتەوەیی لە هەموو پارچەکانی کوردستان، کە هەموو لایەن و گروپەکان تێیدا یەکبگرن، پێویستە گەورەترین خەون و خەیاڵی کوردان بێت. بەڵام وا دیارە لە ڕەوشی ئێستادا یەکێتییەکی لەو شێوەیە قورسە. بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەبێت هەمووان لەسەر هێڵی وڵاتپارێزی کۆببنەوە، گرتنەبەری هەنگاوی پێویست لەسەر ئەو بنەمایە ڕاستترین و شیاوترینە. ئێمەی وەک پارت هەمیشە بە فیداکاری و بەرفراوانترین ڕوانگە لەم بوارەدا کارمان کردووە. لەمەودوا سەرنجمان لەسەر بنەمای یەکێتیی نەتەوەیی بەردەوام دەبێت. تێکۆشانی خۆمان لە هەموو بوارەکاندا چڕتر دەکەینەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد.

هـ . ب