گۆشەگیریی توندکراو لەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، پێینایە ٣١ مانگەوە. لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕێبەری گەلی کورد بەردەست نییە. هەموو داواکارییەکان کە بە مەبەستی دیدار لەلایەن بنەماڵە و پارێزەران پێشکەشی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی تورک کراون، ڕەتکراونەتەوە. لەوبارەیەوە عەلی فوئاد چەولیگ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی کوردانی ئەنادۆڵی ناوەڕاست (پکان) و مامۆستا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی کوردی ئەڵمانیا بۆ ئاژانسی فورات (ANF) ئێف قسەیان کرد.
"ڕێبەر ئاپۆ و کوردستان بوون بە یەک"
مامۆستا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی کوردی ئەڵمانیا، سەرنجی بۆ سیاسەتی گۆشەگیریی دەوڵەتی تورک ڕاکێشا و وتی: لە بنەڕەتدا ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان تەنیا کەسێک نییە. دەبێت وەک دامەزراوەیەک پێناسە بکرێت. رێبەرایەتی دامەزراوەیەکە. لەگەڵ کورد و کوردستان بووەتە یەک. دەوڵەتیش بەمە دەزانێت. هەندێک جار کاتێک پارێزەرەکانی دەیانوت 'ئێمە ئازادی تۆمان دەوێت’، ڕێبەر ئاپۆ دەیوت 'من ئازادم، ئەوەی ئازاد نییە ئێوەن'. واتای ئەوە چییە؟ بە واتایەیە 'خەمی من ئازادی گەلی کوردستانە'. بۆیە پێویستە گەلی کورد ئازادی خۆی لە ئازادی ئەودا ببینێت. پێویستە دەربڕین و قسەکان لەسەر ئەو بنەمایە بێت.
"ئازادی نە بەقسە، بەڵکوو بە چالاکی و کردار دەستەبەر دەبێت"
مامۆستا ئەحمەد جەختیشیکردەوە، پێویستە هەمووان بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان سەفەربەر بن و وتی: "ئەگەر ئێمەی کورد، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران خاوەنداری لێبکەین، ئازادی ئەو مسۆگەر دەبێت. ھەروەھا هەمووان بە گوێرەی خۆیان خاوەنداری لێبکەن. بێگومان ڕەنگە ھەڵوێستی هەرکەسێک جیاواز بێت، هەندێک بە چەکەکەی، هەندێک بە دەرفەتی ئابووری، هەندێک بە پێنووسەکەی، هەندێکیش بە هونەرەکەی؛ واتە ئەگەر هەمووان بەپێی لێھاتووی و توانای خۆیان بەرامبەر گۆشەگیری بوەستنەوە، گۆشەگیری تێکدەشکێنرێت و ئازادی ڕێبەرایەتی بەدی دێت. دەبێت ئازادی ڕێبەری گەلی کوردستان مسۆگەر بکرێت. دەبێت هەمووان ئەوەی لە توانایاندا بێت ئەنجامی بدەن. ئێمە دەستبەجێ ئازادی ڕێبەرایەتیمان دەوێت. تەنیا بە قسە ئازاد نابێت، ئەوە بە چالاکی و کردار بەدی دێت. پێویستە دۆزی خۆمان بگەیەنینە لای ھەموو دۆستانمان لە نەتەوەکانی دیکە و بە هونەر، کولتوور، ئەندێشە و پراکتیک ھاوپشتی زیاتری ئەوان بەدەستبھێنین، ئەو کات دەتوانم بڵێم ئازادی ڕێبەرایەتی نزیکە".
'ئەوەی گرنگە کاردانەوەی گەلی کوردە'
لای خۆیەوە عەلی فوئاد چەولیگ، بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی کوردانی ئەنادۆڵی ناوەڕاست (پکان) جەختی لە ڕۆڵی گەلی کورد لە هەڵگرتنی گۆشەگیری کرد و وتی: گۆشەگیری دژی مرۆڤایەتییە. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە نێو دەوڵەتی تورک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووداوی زۆر ڕوویاندا. بۆیە داگیرکەران دەترسن. ھەر بۆیە گۆشەگیری بەسەر ڕێبەرایەتی دەسەپێنن. ئەوەش مایەیی قبوڵکردن نییە. عەبدوڵا ئۆجەلان نەتەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا پارادایگمایەکی نوێی ئافراند. بۆیە داگیرکەران ئەم ڕۆڵە دەگێڕن، ئەوەی گرنگە کاردانەوەی گەلی کوردە.
'دەبێت دەنگمان زیاتر بەرز بکەینەوە'
عەلی فوئاد چەولیگ فیداکاری و قوربانیدانی گەلی کوردی لە بەرامبەر داگیرکەران بەبیرھێنایەوە و وتی: لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستا، پێویستە کاردانەوەکان لەدژی گۆشەگیری زیاتر بکرێن. بەبۆچوونی من کاردانەوەی گەلی کورد گرنگە. ئەو چالاکیانەی وەک کاردانەوە ئەنجام دەدرێن بەس نین. دەبێت دەنگمان بەرزتر بکەینەوە. گۆشەگیری یاسایی نییە. گەلەکەمان ساڵانێکە فیداکاری دەکات و قوربانی دەدات، ئەوە دەزانین. دەزانین کە ئەنجامی ئەو فیداکاریانەمان وەرگرتووە. ئەمڕۆ لە ڕۆژئاواوە بگرە تا هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا دەستکەوتمان هەیە. دەزانین کە گەلەکەمان ڕۆڵێکی گەورەی لە گەیشتن بەو دەستکەوتانە هەبووە. ھەربۆیە ئەگەر گەلەکەمان بەگوڕبوونی خۆی نیشان بدات دەتوانین ئەنجامەکەی ببینین. دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە کاردانەوەی گەلەکەمان زۆر گرنگ و پێویستە".
ژ.ن