سزای دارایی بەسەر ئەمینە شەنیاشاردا سەپێندرا

ئەمینە شەنیاشار بە پاساوی "سووکایەتیکردن" بە ئیبراهیم یڵدزی سەر بە ئاکەپە، سزای دارایی بەسەردا سەپێندرا.

رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨، کەسوکار و پاسەوانەکانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە لە ڕحا، لە ناوچەی پرسووس هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لەو هێرشەدا هاوسەر و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار کوژران. ئەمینە شەنیاشار و کوڕەکەی پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوزە لە بازنەی ڕحا، فەرید شانیاشار، کە بە برینداری لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاری بوو، لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ەوە لە بەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە ئێشکگری دادپەروەری کردووە. بنەماڵەی شەنیاشار لە ڕۆژی ٨٤٦ەمین دا ئێشکگرییەکەیان لە شاری ڕحاوە بۆ ئەنقەرە گواستەوە.

دانیشتنی یەکەمی دۆسیەی ئەمینە شەنیاشار بەڕێوەچوو، کە بەهۆی قسەکانی لە شاری ڕحا، لە ڕۆژی ٨٦ـەمی ئێشکگری دادپەروەریدا (٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١)، بە پاساوی "سووکایەتیکردن و بێڕێزی" بە سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆ و ئیبراهیم یڵدزی سەر بە ئاکەپە کرابووەوە، کە دواتر دۆسیەکان لە یەکتر جیاکرانەوە.

شەنیاشار بەهۆی ئەوەی لە ئەنقەرە نەشتەرگەری بۆ دەکرا، نەیتوانی بەشداری لە دانیشتنی ئەو دۆسیە بکات، کە بە پاساوی "سووکایەتیکردن" بە یڵدز کرابووەوە و لە لقی ٢ی دادگای تاوانەکانی شاری ڕحا بەڕێوەچوو. پارێزەرانی شەنیاشار بەشداری دانیشتنەکەیان کرد.

محەمەد عەلی ئەسڵان، یەکێک لە پارێزەرانی بنەماڵەی شەنیاشار ڕایگەیاند، "ئێمە ئەم لێپرسینەوانە وەک سیاسەتی تۆقاندن و چاوترسێنکردن بۆ کۆتاییهێنان بە ئێشکگری دادپەروەری دەبینین". هەروەها عایشە شەهریبان دەمیرەل، یەکێکی دیکە لە پارێزەرانی بنەماڵەکە و مەرال هاڵات، هاوسەرۆکی لقی ئۆهەده-ی ڕحا قسەیان کرد.

دادگا بە بڕی ٥ هەزار ٨٠٠ لیرە، سزای دارایی بەسەر ئەمینە شەنیاشاردا سەپاند.

ژ.ن