کۆمپانیانی میترۆپۆڵ کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی لێکۆڵینەوە و راپرسی لە تورکیادا، لەسەرەتای مانگی ئابدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی خۆی بڵاوکردەوە، کە بووە جێگەی گفتوگۆ لە نێو ڕای گشتییدا. کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە بەپێی ئەو لێکۆلێنەوەی ئەنجامیداوە دەرکەوتووە لە تەواوی تورکیادا کاریگەری ئایین لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی کەم بووەتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە ٥٠ پۆینت ٩ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە لەو باوەڕەدان کە کاریگەری ئایین لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی لە تورکیادا کەم بووەتەوە و لە داهاتوشدا بێ کاریگەرتر دەبێت.
لەوبارەیەوە پەرلەمانتاری بازنەی کۆجاعەلی دەم پارتی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ لەسەر ئەو بابەتە لە ڕێگەی ئاژانسەکەمانەوە هەڵسەنگاندنی کرد.
لەسەرەتای قسەکانیدا گەرگەرلیئۆغلۆ ئاماژەی بەوەدا نەک تەنها بەپێی ڕاپرسییەکەی میترۆپۆڵ، بەڵکو لە ڕوانگەی چاودێرانی سیاسی و چەندین ڕاپرسی دیکەیشەوە ئاماژە بەوەکراوە کە ئایین لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیی تورکیادا لاواز بووە و وتی: "دەسەڵاتداری کە وێنا، سیمبۆڵ و ئامانجە ئاینییەکانی پەرەپێدەدا، بەم شێوەیە گەیشت بە دەسەڵاتداری، لە تورکیادا زیانێکی زۆری بە ئایین گەیاند. چونکە بە بەکارهێنانی ئەو سیمبوڵە ئاینیانە خەنجەرێکی لە ڕۆحی ئایین دا و ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ کردەوە. هەموو ئەو بەها جوانانی کە پێویست بوو ئایین بیانپارێزێت، دەسەڵاتداری لە بەرژوەندی خۆی بەکاریهێنان و پێشێلی کردن. هەرەوەها لە ئێستادا جیهانێکی میکانیکی و ماتریالیستی هەیە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی دۆخی کاریگەی ئایین لاواز ببێت."
'کردنەوەی قوتابخانەی ئایینی و کۆرسی ئایینی زیانی لە ئایین داوە"
لە بەردەوامیدا گەرگەرلیئۆغلۆ باسی لەوەکرد هەندێک قوتابخانەی ئایینی، کۆرسی قورئان خوێندن دەکرێتەوە و وتی: "دەوترێت ئەم کارانە زیان ناگەیەنێت بە ئایین، بەڵام ئەم کاروبارانە زیانێکی زۆری داوە بە ئایین. چونکە ئەو قوتابخانانە لە لایەن دەسەڵاتدارییەوە بە دوور لە هەموو بەهایەکی ئایینی دەکرێنەوە، وا لە ئاینداران دەکات کە لە بڕواداری ئایینی ساردببنەوە."
' موسڵمانی ڕاستەقینە دەبێت لەدژی ئەم قێزەونییەی دەسەڵاتداری بوەستێتەوە'
لە کۆتاییدا گەرگەرلیئۆغلۆ بانگەوازی ئەوەیکرد پێویستە لە ڕێگەی ئەو کەسانەوە کە پەیڕەوکەری ڕاستەقینەی ئاینن ڕێگە لەبەر ئەو کارانە بگرن و وتی: "ئەوانەی خۆیان بە موسڵمانی بە ئەخلاقی ڕاستەقینە دەزانن، پێویستە لە بەرامبەر ئەم کاروبارە ئاینیانەی دەسەڵاتداری بوەستنەوە، چونکە جگە لەوان کەسی دیکە ناتوانێت ئەو کارە بکات. ئەمە ڕاستییەکە. موسڵمانی ڕاستەقینە دەبێت لەدژی ئەم قێزەونییەی دەسەڵاتداری تێکۆشانی گەورە بەڕێوەبەرێت."