"ئەگەر چارەسەر پرسی کوردتان دەوێت، دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە"

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، کەسکین بایندەر لە کۆنگرەی پارتەکەی لە سێرت، گوتی: "ئەگەر دەتانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکەن، دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە".

ڕێکخستنی پارتی دیموکراتیکی هەرێمەکان (دەبەپە) لە سێرت، بە بەشداری هاوسەرۆکی گشتی کەسکین بایندەر، یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی گرت. کۆنگرەکە لە بارەگای هەدەپە بەسترا. بە خولەکێک ڕێزگرتن لە قوربانیانی ئازادی و دیموکراسی دەستی پێ کرد.

"دەبێت خاوەندارێتی لە میراتی بەرخۆدان بکەین"

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە سێرت، سەباحەت ئەردۆگان ساریتاش، تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سەر کوردستان. ساریتاش ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەت لە چوار پارچەی کوردستان هێرش دەکاتە سەر کورد، گوتی: "ئامانجی ئەوان لەناوبردنی یەکێتی کوردە. دەبێت خاوەندارێتی لە میراتی بەرخۆدان بکەین و وەڵامیان بدەینەوە".

"پێویستە بەرخۆدانێکی مەزن بکەین"

دواتر هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، کەسکین بایندەر، ئاماژەی بەوە کرد، ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، داخوازی سەرەکی کوردانە، گوتی: " گەل دەڵێت ئەگەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن. پێویستە ئەم ڕاستییە ببینین و تێکۆشانمان بەگوێرەی ئەو ڕاستییە بێت. لە سایەی بەرخۆدانی مەزنی گەلی کورد، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانیش ئازاد دەبێت. ئێمە لە قۆناغێکی مێژووییداین. دەوڵەت دەیەوێت لە خاکی خۆمان، سروشتی خۆمان دوورمان بخاتەوە. پێویستە دژی ئەم سیستەمە کە هیچ پێوەرێک ناناسێت بوەستینەوە و بەرخۆدانێکی مەزن بکەین".

"دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە"

کەسکین بایندەر تیشکی خستەسەر ئەوەی، هەموو هەوڵێکی ئەردۆگان، ئامانج لێی دوژمنایەتی کوردە، هەموو هەنگاوێکی لەسەر ئەم بناغەیە دادەڕێژێت، سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد، گوتی: " ئەگەر ویستی چارەسەرکردنی کێشەی کوردیان هەیە، ئەوا با دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە. گەلی کورد ٥٠ ساڵە دژی ئەم سیستەمە تێکۆشان دەکات. داوای ئاشتی دەکات. تا مافەکانمان بەدەست نەهێنین، تێکۆشانمان دژی ئەم سیستەمە بەردەوام دەبێت".

بایندەر ئاماژەی کرد بە کوشتنی ئەندامی کەنەکە و پێشمەرگەکانی یەنەکە لە باشوری کوردستان و گوتی: "لە هەرکوێ کوردێک هەبێت، دەیکوژن. لە هەرکوێ کوردێک بکوژرێت، ئێمە خاوەندارێتی لە یادکردنەوە و تێکۆشانیان دەکەین".

موازێس بولگا و فەرهاد باشکورت وەک هاوسەرۆکانی دەبەپەی سێرت هەڵبژێردران.