ئەمینە شەنیاشار: بەڵگەکانیان شاردەوە، یەڵدزی ئاکەپەیی بکوژە

چالاکی ئێشکگریی ئەمینە شەنیاشار لە پەرلەمان بەردەوامە، گوتی: "بەڵگەکانیان شاردەوە، خەلیل و بنەماڵەکەی بکوژن، دزن، هەمووان دەزانن".

١٤ ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە پیرسوس، هاوژین و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار لەلایەن پاسەوان و خزمەکانی پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە ئیبراهیم خەلیل یەڵدزەوە کوژران و کوڕێکی زیندانی کرا. چالاکیی ئێشکگریی دادپەروەری ئەمینە شەنیاشار لەبەردەم پەرلەمان ١٥ ڕۆژە بەردەوامە.

ئەمینە شەنیاشار و کوڕەکەی، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) فەرید شەنیاشار کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو، لەپێش دەرگای فراکسیۆنی دەم پارتی چالاکییەکەیان دەست پێ کرد. ئەمینە شەنیاشار بە کورسی جووڵاو هاتە شوێنی چالاکییەکە. پانکارتی "دادپەروەری" هەڵگرت و داوای دادپەروەری بۆ کوڕەکەی کرد.  

ئەمینە گوتی: "بەڵگەکانیان شاردەوە، کوڕەکەمیان خستە زیندان. بەمەش نەوەستان، خستیانە ژووری تاکەکەسی. خەلیل و بنەماڵەکەی بکوژن، دزن، هەمووان دەزانن، کوڕەکەم ئازاد بکەن".

پەرلەمانتاری جەهەپەی ئەنقەرە، ئۆکان کۆنورالپ سەردانی ئەمینە شەنیاشاری کرد.