ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال ئاشکرا کرا
ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو ئاشکرا کرا. لە ئەنجامنامەکەدا دووپاتکرایەوە، کۆنفرانسەکە لە ئەنجامی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدراوە.
ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو ئاشکرا کرا. لە ئەنجامنامەکەدا دووپاتکرایەوە، کۆنفرانسەکە لە ئەنجامی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدراوە.
لە ١٧_١٨ـی تەمموز لە شەنگال بە درووشمی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، وەڵامی ٧٣ فەرمانە" کۆنفرانسێکی گرنگ و مێژوویی ئەنجامدرا. کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال کە بە پێشەنگایەتی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی شەنگال ئەنجامدرا، لە شەنگالەوە تا دەرەوەی شەنگال، میوانداری لە ١٥٠ نوێنەر و میوان کرد.
جگە لە پێشکەشکردنی ٩ بابەتی سەرەکی سەبارەت بە کولتوور، باوەڕ، مێژوو، جوگرافیا، خۆپاراستن، ژنۆلۆژی، پێشەنگایەتی گەنجان و بانگەوازی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، چەندین پەیامی تایبەتی ڤیدیۆیی و نووسراویش پێشکەش بە کۆنفرانسەکە کرا. بەتایبەت پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆنفرانسەکە، هێز و مۆڕاڵ و هیوای کۆنفرانسی بەرز کردەوە و بووە مایەی سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە. ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامی ئەم کۆنفرانسە مێژووییەی بۆ ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
لە ئەنجامنامەکەدا تیشکخراوەتە سەر پەراوێزخستن و فەرمانەکانی سەر گەلی ئێزدی لە مێژوودا، ئاماژەکراوە بە نزیکبوونەوە لە ساڵیادی فەرمان و خیانەتی مەزنی مێژوویی مرۆڤایەتی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، گوتراوە: "پێش ١١ ساڵ بینیمان و بڕیارماندا کە بۆ سەرکەوتنی بەرخۆدان و هەبوونمان پارێزراو بێت، دەبێت بە هەموو شێوەیەک خۆمان ڕێکخراو بکەین. تێکۆشان و بەرخۆدان و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییمان، پاش ١١ ساڵ ئەمڕۆش بە ئەرکی پێشەنگایەتی هەڵدەستێت. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد بۆ پاراستنی شەنگال و ئێزدییەکان، وە گەریلاکانی ئازادی ڕوویانکردە شەنگالی پیرۆز، لەو ڕۆژەوە، پێشکەوتن و گۆڕانکاریی مەزنمان بەدەستهێناوە. ئێزدییەکان کە هەزاران ساڵە بە فەلسەفە و باوەڕی ئێزدێتی بەرخۆدان دەکەن، ئەم جارە، خۆیان گەیاندە ئاستی ڕێکخراوبوونی سەربازی و سیاسی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی. حەقیقەتی هەزاران ساڵەی ئێمە، ئیتر بەرەو سیستەمێکی نوێ دەچێت. ئێمە بووینە خاوەن ئیرادە و هێز و گوتار. ئەم هێز و ئیرادەیە ئیتر کاریگەریی لەسەر عێراقیش دەکات".
بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
ئاماژە بەوە کراوە، ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد و ئەم بانگەوازەی وەک ڕێنێسانسی ئێزدییەکان ناساند، ئەم بانگەواز و هەڵسەنگاندنە بووە بناغەی کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال، دەڵێت: "کۆنفرانسەکەمان گۆڕا بۆ کۆنفرانسی پێکەوەژیانی گەلان؛ گەلانی عەرەب و زەردەشتی و کاکەیی و شیعە و سوننە، گەل و باوەڕ و کەلتوورەکان لەسەر زەمینەی کۆنفرانسەکە کۆبوونەوە. ئەم کۆبوونەوەیە، دیسانەوە ڕاستی و گرنگیی فیکری نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ نیشان دەدات".
'لەسەر ڕیشەی خۆمان، نوێبوونەوە و گۆڕانی پێویست ئەنجام دەدەین'
لە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆدا هاتبوو کە "ئیتر فەرمان لەسەر ئێزدییەکان کۆتایی هاتووە"، بۆیە ئیتر لەبری ناسینی وەک کۆمەڵگەی فەرمان و کۆمەڵکوژی، گەلی ئێزدی دەبێت بە پێشخستنی خەباتی ڕۆشنگەریی و زانستی ببێتە پێشەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وە بەگوێرەی گۆڕانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، دەبێت گەلی ئێزدیش بەگوێرەی ئەم گۆڕانکارییانە خۆیان ئامادەبکەن. دەڵێت: "ئێمە وەک گەلی ئێزدی باسی نوێبوونەوە و گۆڕان و گۆڕانکاری دەکەین. ئاشکرایە، ئەو گۆڕانکارییەی ئێمە باسی دەکەین، جیاوازە لەو گۆڕانکارییەی کە هێزە دەسەڵاتدارەکان باسی دەکەن. ئێمە لەسەر ڕیشەی خۆمان، لەسەر حەقیقەتی خۆمان، نوێبوونەوە و گۆڕانکاریی پێویست ئەنجام دەدەین و خۆمان بۆ سەردەمی نوێ ئامادە دەکەین. ئەم گۆڕانەی ئێمە وەک ڕێنێسانس ناوی دەبەین، بە واتای ژیانەوە و لەدایکبوونەوە دێت. ئێمە لە فیکر و فەلسەفە و باوەڕی هەزاران ساڵەمانەوە، لەسەر ڕیشەی خۆمان، بە فیکر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەگەین بە زانست. چونکە نوێبوونەوە و گۆڕان، پێویستی بە زانستە، بەتایبەت زانستی کۆمەڵایەتی".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵات هەردەم هەوڵیانداوە، کۆمەڵگەکان لە ڕیشەی خۆیان داببڕن، بەهاکانی کۆمەڵگەی ئەخلاقیی ئەم کۆمەڵگەیانە بە بەهای نامۆ بەم کۆمەڵگەیانە بگۆڕنەوە، ئەم شتە نامۆیانەش وەک ڕاستی کۆمەڵگە بخەنەڕوو، بەڵام پێویستە کۆمەڵگەی ئێزدی بەهاکانی خۆی لەو بەها نامۆیانە جیابکاتەوە کە هی ئەو نین. دەبێت وەک کۆمەڵگەی سرووشتی ڕووبکاتە بەهاکانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی.
'بناغەی بەها کۆمەڵایەتییەکانمان، ڕاستی ژنە'
لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە: "بناغەی بەها کۆمەڵایەتییەکانمان، ڕاستی ژنە. ژنان، نەک تەنها دایکایەتی بۆ منداڵەکان دەکەن، بەڵکو بوونەتە دایکی هەموو مرۆڤایەتی، کەچی ئێستە ژن لەژێر هێرشی سەختدان. لە هێرشی جەستەیی زیاتر، حەقیقەتی ژن لەژێر هێرشدایە. هەبوونی ژن پشتگوێ خراوە. ئەمەش واتە پشتگوێخستنی ژیان. ئەگەر بمانەوێت گۆڕانکاری بکەین، خۆمان نوێ بکەینەوە و ژیانێکی ئازاد بنیات بنێین. دەبێت بزانین بەبێ ژن، نە ژیان نە مانا بوونی نابێت. بۆیە نوێبوونەوەی کۆمەڵگەکەمان بە پێشەنگایەتی ژن دەبێت. ئەمەش بە پێشەنگایەتی زانستی ژنان، ژنۆلۆژی بەرەوپێش دەچێت".
هەڵسەنگاندنی فراوان کرا بۆ ڕاستی وڵات و وڵاتپارێزی
ڕاستی وڵات و وڵاتپارێزی لە کۆنفرانسەکەدا بەشێوەیەکی بەرفراوان هەڵسەنگاندنی بۆ کرا، ئێزدیخان وەک وڵاتێکی دابەشکرا ناسێنرا، شەنگال وەک بنکەی هەبوونی ئێزدییەکان ناوبرا. دووپاتکرایەوە، ئەرکی هەرە مەزن وڵاتپارێزی و خاوەنداری و پاراستنی خاک و سرووشتە. بەتایبەت گەڕانەوە بۆ شەنگال ئەم ئەرکێکی وڵاتپارێزییە، هەم کلیلی چارەسەری هەبوونی ئێزدییەکانە. ئاوارەیی و بەتایبەت چوونە ئەوروپا، دوورکەوتنەوەیە لە ڕیشە و کەلتوور و فەلسەفە و باوەڕی خۆ. گوترا: "وڵات بێ پاراستن نابێت. لەمڕۆشدا، پاراستن نەک تەنها بە ڕێباز و سیستەمی سەربازی، بەڵکو بە هێزی کۆمەڵگەی ڕێکخراو دەبێت. پاراستنی جەوهەریی، پاراستنی هەرە سەرەکییە... گەر زمان و باوەڕ و ڕیشە نەپارێزرێت، پاراستنی سەربازییش مانای نابێت".
'دەبێت گەنجان ڕووبکەنە وڵات و کۆمەڵگەکەیان'
هەروەها دووپاتکراوەتەوە، گۆڕان بەبێ هێزی گەنجان نابێت، بۆیە دەبێت ئەو گەنجانەی چاویان لە ڕێگەی ئەوروپایە، دەبێت ڕووبکەنە وڵاتەکەیان و کۆمەڵگەکەیان. لە کۆنفرانسەکەدا، تیشکخرایە سەر کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوورییەکان، ئاماژە بەوە کرا، چارەسەرکردنیان پێویستی بە هۆشیاری و زانستە و ئارامگرتن و ڕەنجدانە؛ لەمەشدا ئەرکی هەرە گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی نووسەران و ڕۆشبیران و ڕیشسپییان و پیاوانی ئایینی و زانایان. ئەگەر زانستی کۆمەڵایەتی پێش نەکەوێت، کۆمەڵگە ناتوانێت بەرخۆدان بکات. بۆیە دەبێت زانا و کەسانی هۆشیاری کۆمەڵگە گرێدراوبن بە ئەخلاقی کۆمەڵگەوە، بەرامبەر کۆمەڵگە خۆیان بە بەرپرسیار ببینن، نەوەک بکەونە ژێر کاریگەریی جەلاد و هێزە دەسەڵاتدارەکان.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کۆبوونەوەی ئایین و باوەڕ و گەلانی هەرێمەکە لە کۆنفرانسەکە، سەرکەوتنی فیکری نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ نیشان دەدات. هەروەها کۆمەڵکوژیی سەر دروزەکان لە سوریا شەرمەزار دەکرێت، پشتگیری کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ دروزەکان نیشان دەدرێت. گوتراوە: "ئەم کۆمەڵکوژییە، دیسانەوە مەترسی سەر گەل و باوەڕەکانی هەرێمەکەی نیشان دایەوە. دیسان گرنگی پاراستنی جەوهەریی، بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و یەکێتیی گەلانی سەلماند. ئێمەش باشتر لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ تێگەیشتین.
ڕێبەر ئاپۆ بە گوتنی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وەڵامی ٧٣ فەرمانی سەر ئێزدییەکانە، بۆ ئەوانیش ڕێنێسانس دەستی پێ کردووە"، بانگەوازی لە کۆمەڵگەی ئێزدی و گەلی شەنگال کرد، بەشێوەیەکی چالاک بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بکەن. هەروەها بەم بانگەوازە ڕایگەیاند، کە دەبێت کۆمەڵگەی ئێزدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بپارێزن، لەسەر بناغەی ئیرادەی جەوهەری و ناسنامەی ڕەسەن، خۆیان بەڕێوەببەن و خۆیان ڕێکبخەن. ئەگەر پرۆسەی چارەسەری ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ سەربکەوێت و دەوڵەتی تورک ڕووبکاتە چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانە، ئەم پرۆسەیە بۆ شەنگال و کۆمەڵگەی ئێزدییش دەگۆڕێت بۆ پرۆسەی چارەسەری دیموکراتیک. دەبێتە زەمینەیەکی گرنگ بۆ چارەسەری دیموکراتیکی شەنگال لە عێراقدا. بۆیە پێویستە بە هەموو جۆرێک بەشداری لە پرۆسەکەی ڕێبەر ئاپۆ بکەین، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە خەباتی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی و سیاسی و دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی بەرەوپێش ببەین.
کۆنفرانسەکەمان بەگوێرەی ئەم گفتوگۆیانە، ئەم بڕیارانەی دا:
١_ یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی شەنگال، کار و خەباتە بۆ ناساندنی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ وەک جینۆساید.
٢_ لێکۆڵینەوە لە مێژوو و کەلتوور و باوەڕ و فەلسەفە و جوگرافیای ئێزدییەکان، ببێتە بواری سەرەکی ئەکادیمیاکە.
٣_ لە بەرەوپێشبردنی هەموو کار و خەباتەکانی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، دیدگا و ڕێبازی ژنۆلۆژی بەبنەما بگیرێت.
٤_ ئەکادیمیاکە لە ئایندەدا هەوڵبدات هەموو نووسەر و ڕۆشنبیر و ئەکادیمی و مێژوونووسان لەژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە.
٥_ کارەکانی وەک کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و هتد، لە شەنگال و عێراق زیاتر بکرێت.
٦_ لێکۆڵینەوە دەربارەی چیرۆک و گۆرانی و شیعر و فۆلکلۆری ئێزدییەکان.
٧_ بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ناساندنی فیکری نەتەوەی دیموکراتیک، لە ئاستی عێراقدا خەبات لەنێو هەموو باوەڕ و کۆمەڵگەکاندا بەرەوپێش ببرێت، خەباتی خوشک و برایەتی ئەنجام بدرێت. لەسەر بنەمای بەها سیاسی و ئەخلاقییەکان بەهێزتر بکرێن.
سڵاو و خۆشەویستی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، کە بەو فیکر و هیوایەی بە ئێمەی بەخشی، بووە سەرچاوەی بەستنی ئەم کۆنفرانسە".