بە دیمەن

'دەبێت تورکیا دەست بە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی بکات'

لوقمان حەسەن: سووتاندنی چەک بە واتای نوێبوونەوە وکۆتایی هێنان بە قۆناغێک دێت، وە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە، پەکەکە ئەرکی سەرشانی خۆیان ئەنجامدا ئێستا دەبێت تورکیا دەست بە هەنگاوەکان بکات.

لوقمان حەسەن

ڕۆژی ١١ـی تەمووزی ٢٠٢٥ لە ئەشکەوتی جاسەنە سەر بە شارۆچکەی دووکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ڕێورەسمێکی سیمبولیکدا گرووپێکی گەریلا بە ناوی گرووپی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ چەکەکانیان سوتاند، لە بارەی پرۆسەی ئاشتی و ئەو مەراسیمە لوقمان حەسەن شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی و هونەرمەند بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) قسەی کرد و وتی، ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ کردوویەتی شەقامی کوردی ئەهەژێنێت و گفتوگۆیەکی جددی دروست ئەکات لە نێوان کۆمەڵگەدا و ڕووحی زیندوویەتی کۆمەڵگە دەرەخات.

'هەنگاوی ئەم جارە جیاوازە'

لوقمان حەسەن شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی، لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پەکەکە کرد کە ئەمە یەکەم جار نیە بینێت و وتیشی کە تورکیا لە ترسی لەناوچونی خۆی دەستی درێژ کرد بۆ دەم پارتی و وتی: "هەڵبەت ئەمە یەکەم قۆناغ و یەکەم بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان نییە بۆ ئاشتی و ئەمە یەکەم ئاگربەستی هەڤاڵانی پەکەکە نییە بۆ پرۆسەیەک کە لە ڕێگای دیپلۆماسی، دیموکراتی، ئاشتییەوە مافە کلتووری، نەتەوایەتی و مافە یاساییەکانی گەلەکەمان بەدی بێت، بەڵکوو ئەمە ٩مین هەنگاوی هەڤاڵانە، بەڵام ئەم جارەیان جیاوازە لەگەڵ ڕابردوو و لەگەڵ قۆناغەکانی پێشوو، چونکە ئێستا بارودۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە، لەدوای شەڕی غەززە و کەوتنی بەشار ئەسەد و شەڕی ئیسرائیل و لوبنان و هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئێستا لە ناوچەکە بارودۆخێکی تەواو جیاواز هاتۆتە ئاراوە، ئەم مەترسییە ڕووی لە تورکیاش دەکات، دەوڵەتی تورکیا هەست بەو مەترسییە ئەکات کە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسیدا هەیە، ئەوان لە ئەنجامی تێگەیشتن و خوێندنەوەیان بۆ بارودۆخەکە ئەم جارە دەوڵەت باخچەلی دەستی درێژ کرد بۆ دەم پارتی".

'لە سەرەتاوە ویستی پەکەکە ئاشتی بووە'

لوقمان ئاماژە بەوەشکرد کاتێک کە پەکەکە دروست بووە بەمەبەستی ئاشتی و ئازادی دامەزراوە و وتی: "بەڕێز ئۆجالان هەر لە سەرەتاوە خۆی و هەڤاڵەکانی ئەم پارتەی بۆ ئەوە دامەزراند کە ئاشتی و ئازادی بۆ گەلی کورد بە دەست بێنن، بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بە دەست بێنن، بۆیە لە قۆناغی یەکەمەوە وتی "هێزی تیۆری و پراکتیکی ئەوم هەیە کە بتوانم قۆناغی شەڕ بگۆڕم بۆ قۆناغی سیاسی و یاسایی" پرۆسەکە لەمەوە دەستی پێ کرد، هەڵبەت هەموو پەیامەکانی بەڕێز ئۆجالان لای هەڤاڵانی قەندیل زۆر بە باشی خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و هەڤاڵان بە دەم بانگەوازییەکە بەڕێز ئۆجالانەوە هاتن کە کۆنگرە ببەستن وە کۆتایی بە پەکەکە بهێنن وەکو ناو و حزب و وەکو ڕێکخستنێکی سیاسی و چەکداری بۆ قۆناغێکی ئاشتی نوێ کە قۆناغی دیالۆگ و خەباتە بۆ ئاشتی گەلان وکۆمەڵگەی دیموکراتی".

'سووتاندنی چەک هێمای تایبەتی خۆی هەیە'

لوقمان حەسەن تیشکی خستەسەر سوتاندنی چەکەکان لە لایەن گەریلاوە و بە واتای دەستپێکی قۆنا‌غێکی تازە پێناسەی کرد و ڕایگەیاند: "بینیمان وەکو هەنگاوێکی سیمبولیک کۆمەڵێک گەریلا چەکەکانیان سووتان لەبەر چاوی هەموو جیهان و دەوڵەتانی هەرێمی وە لەبەر چاوی ناوخۆی کورد و گەلانی ناوچەکەدا، گەریلا بەشێوەیەکی زۆر بە دیسپلین بە بیروباوەڕەوە لە چیاوە هاتنە خوارەوە و چەکەکانیان لە شانی خۆیان کردەوەو لە ئەو شوێنەدا کە بینیمان چەکەکانیان سووتاند، هەڵبەت سووتاندنی چەک هێمای تایبەتی خۆی هەیە، سووتاندن بە واتای نوێبوونەوە وکۆتایی هێنان بە قۆناغێک وە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ، سوتانی چەک لە لایەن گەریلاوە بە واتای ئەوەی چۆن ئەو چەکەم لەشان کردووە وە چۆن ئەیسووتێنم من ڕێباز و ڕێگەچارەیەکی دیکە هەڵدەبژێرم وە ئەگەر دۆخێک بێتە پێشەوە هەر وەکو پێشوو ئەتوانم ئەو چەکە لە شان بکەمەوە و درێژە بە خەبات بدەم، پابەندبوونی هەڤاڵان بە پەیامی سەرۆک و ڕێبەرەکەیانەوە خۆی دەلالەتێکی سیاسی و فەلسەفی و ڕێکخستنی زۆر قووڵی هەیە جا هیوادارین خەڵک لەم پەیامە تێبگات و بزانێت سووتاندنی چەک بە واتای چی دێت".

'دەبێت تورکیا دەست بە هەنگاوەکان بکات'

سەبارەت بە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، لوقمان حەسەن شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی و هونەرمەند لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە کە سەرخستنی پرۆسەکە بە هەنگاوی دوولایەن سەردەکەوێت و وتی: "هەموو پرۆسەیەکی دیالۆگ هەڵبەت پرۆسەیەکی دان و ستاندنە واتە تۆ شتێک ئەبەخشیت و شتێک وەرەگریت، ئەوەی کە لەسەرشانی هەڤاڵانی قەندیل بوو ئەرکی خۆیان بە تەواوی جێبەجێ کرد، بەڵام هەنگاوەکانی تورکیا تائێستا دیار نین ئەبێت لەمەبەدواوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە هەنگاوەکان دەست پێبکەن، ئەو هەنگاوانە زۆرن ئەگەر بیانەوێ دەست پێبکەن، وە هیوادارین لەماوەیەکی نزیکدا هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لەلایەن تورکیاوە دەستپێبکات بۆئەوەی پرۆسەکە بە تەواوی بکەوێتە سەر ڕێچکە و ڕێگای خۆی، یەک لەوانە دانانی ئەنجومەنێکە بۆ پیکهێنانی کۆمسیۆنێک لەناو پەرلەمانی تورکیادا لە نوێنەرایەتی حزب و لایەنە سیاسی بەشداربووەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا بۆئەوەی بتوانن دەستکاری بنەما خراپەکانی ئەو دەستوورەی تورکیا بکەن، چونکە تورکیا بریتییە لە یەک ئاڵا یەک نەتەوەو یەک زمان، دەبێت ئەمە کۆتایی پێ بێت".