ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت بچنە ئامەد دژی ڕێگرییەکانی پۆلیس بەرخۆدان دەکەن

هاوڵاتیان لە چاناکال و بالیکەسیر و ئەنقەرە و جولەمێرگ بۆ چوونە ئامەد کەوتنەڕێ، لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگریان لێ کرا. گەل دژی ڕێگرییەکانی پۆلیس دەستیان بە چالاکیی دانیشتن کرد.

گردبوونەوەی ئازادیی ئامەد

بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد سبەی لە ئامەد گردبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت. ٤٠ کەس بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەکە لە چاناکال و بالیکەسیرەوە کەوتنەڕێ. هاوڵاتیان کاتێک گەیشتنە ناوچەی کاراجابەی بۆرسا لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگریان لێ کرا و دەستیان بە چالاکی دانیشتن کرد.

ئەندامی مەجلیسی دەم پارتی فیکرەت چۆلاکۆلاری ڕایگەیاند ڕێگە لە هاتوچۆیان گیراوە، ناهێڵن بچنە بۆرسا، جەختی کردەوە تا کۆتایی هاتنی ڕێگرییەکە درێژە بە چالاکی دەدەن.

چالاکی دانیشتنی گەل بە بەرزکردنەوەی درووشم بەردەوامە.

جولەمێرگ

لە ناوچەی گەڤەری جولەمێرگ چەندین کەس بە درووشـمی "دژی پیلانگێڕی بەرخۆدان دەکەین، بۆ ئازادی لە ئامەد کۆدەبینەوە" بە ئۆتۆمبیلی تایبەت بەرەو ئامەد کەوتنەڕێ، سەدان پۆلیس هەموو ڕێگەکانی چوون بەرەو بینای دەم پارتیان گرت، گەل و ئەندامانی پارتەکە دژی ڕێگری پۆلیس ڕاگەیاندراویان خوێندەوە و چالاکیی دانیشتنیان ئەنجامدا.

هاوسەرۆکی دەم پارتی گەڤەر ئەرجان سەڤمەز گوتی: "سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان ئێمە و گەلەکەمان سبەی لە ئامەد دەبین. ئەوەی لێرە و لە ئامەد دەتوانین بڵێین هەڵگرتنی گۆشەگیری و کردنەوەی ڕێگەی ئاشتییە".  

پاش پێشکەشکردنی وتەکان، چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا، درووشمی "نا بۆ گۆشەگیری، بەڵێ بۆ ئاشتی" و "فشار ئێمە ناوەستێنێت" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" بەرزکرایەوە.

ئەنقەرە

چەندین کەس لە پارتی کورتولوش کۆبوونەوە، کاتێک بۆ گردبوونەوەی ئامد کەوتنەڕێ لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگریان لێ کرا. جەماوەر کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان بەست و چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

وتەبێژی ژنانی دەم پارتی ئەنقەرە، نەباهەت چاپلان ڕایگەیاند بەرامبەر فشار و زۆرداری سەر نەوی ناکەن، گوتی: "گردبوونەوەی سبەی دژی شەڕ و گۆشەگیری و ئاسیمیلاسۆن ئەنجام دەدرێت. بە شێوەیەکی نایاسایی ڕێگەی لێ دەگیرێت. بەرامبەر ئەم سیاسەتانەی شەڕی تایبەت ئیرادەی خۆمان دەپارێزین".

هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی مناڵانی دەم پارتی، ئیحسان سەیلان ڕێگریی پۆلیسی شەرمەزار کرد و گوتی: "دژی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان، دژی فشاری سەر ژنان و مناڵان ویستمان دەربکەوین و بڵێین ئاشتی. ئەم ڕێگرییە ئێمە ناوەستێنێت. درێژە بە تێکۆشان دەدەین". 

جەماوەر بە درووشمی "نا بۆ گۆشەگیری، ئاشتی لە ئێستەدا" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.