لە ئیشکگرییەکەدا کە هێزەکانی ڕەنج، ئاشتی و دیموکراسی لە گەڕەکی بیۆغڵوی ئەستەنبوڵ لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ دەستیان پێکردبوو لە ٧٥ـەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوام بوو. لە چالاکییەکەدا دروشمی "جۆلەمێرگ هی ئێمەیە"، "بەرخۆدان بکە جۆلەمێرگ، ئەستەنبوڵ لەگەڵتدایە" بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، تورکی و عەرەبی بەرزکراوەتەوە و بەردەوام دروشمی "بژی بەرخۆدانی جۆلەمێرگ"، "ئێمە بە بەرخۆدان سەردەکەوین"، "هەموومان پێکەوە لە دژی فاشیزم" و "ژن، ژیان، ئازادی" دەوترانەوە.
یاڤوز قەهرەمان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئارناڤوتکۆ لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و وتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانی ئاشتی، پێویستە جارێکی دیکە سەرنج بخرێتە سەر گرنگی ئاشتی. بۆ ئەوەی ئاشتی بەدی بێت، پێویستە هەمووان بە بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە بکەن. سەرۆک کۆمار لە هەموو شوێنێکی جیهان ئاشتی دەوێت. ئەی بۆچی لە وڵاتەکەی خۆیدا ئاشتی ناوێت؟ کاتێک باس لە کورد دەکرێت، سیاسەتی کۆمەڵکوژی و ئینکار جێبەجێ دەکرێت. ئێمە ئیتر نامانەوێت دایکانمان بگرین. با پێکەوە ئاشتی بخوڵقێنین."
هەروەها محەممەد ئارنچ هاو وتەبێژی هەرێمی ١ی ئانیاکای-دەر، وتی: "گەلی کورد ساڵانێکە لەژێر زوڵم و ستەمدا دەژی. ئەم وڵاتە ئێستا پێویستی بە ئاشتی هەیە. دایکانی کورد و تورک پێکەوە دابنیشن و لەسەر ئەم پرسە قسە بکەن. دەبێت کۆتایی بە یاسای دوژمنکاری بهێندرێت و بناغەی ئاشتی دابنرێت."