ڕۆژنامەنووسانی کورد لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق چالاکیان ئەنجامدا

خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد لەسەر بانگەوازی یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی ژن (ڕۆژین) لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق لە بروکسل کۆبوونەوە، هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان شەرمەزارکرد و داوای لێپرسینەوەیان کرد.

خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد بە چالاکییەک لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق لە بروکسل هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسانیان شەرمەزار کرد.

ڕۆژین و دەسپێشخەریی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاگەیاندراوێکیان بە چەند زمانێک خوێندەوە، بانگەوازیان لە حکومەتی عێراق کرد سەلامەتی و گیانی ڕۆژنامەنووسان بپارێن و بکوژی ڕۆژنامەنووسان سزابدرێن.

ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی بەلژیکا پشتگیری چالاکییەکە کرد بۆ ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە مانگی ئاب لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکران.

خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد لە وڵاتانی جیاوازی ئەوروپاوە بەشداری چالاکییەکەیان کرد و پانکارتی "ڕۆژنامەنووسی تاوان نییە! گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بە درۆنی تورک لە سلێمانی کوژران"یان هەڵگرت.

وێنەی ڕۆژنامەنووسە شەهیدەکان هەڵگیرا و ڕاگەیاندراوەکە بە زاراوەکانی کورمانجی و سۆرانی و زمانی عەرەبی و ئینگلیزی خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: " لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە بە هۆی فراوانبوونی سیاسەتی شەڕەوە، کۆمەڵگاکان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و وەرگرتنی هەواڵ هەیە, هاوتەریب لەگەڵ ئەوەش فشارەکانی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان لەسەر ڕاگەیاندنەکان زیاتر دەبن. بەپێی داتا و ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور، زۆرێک لە حکومەتەکانی وڵاتانی جیهان لە ڕێگەی سیاسەتەکانی فشار و گرتن، ڕاگرتن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسانەوە، ڕێگری لە مافی وەرگرتنی زانیاری کۆمەڵگا دەکەن.

دەوڵەتی تورکیش یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە فشار دەخاتە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەستگیریان دەکات و ڕێگری لە ئەنجامدانی کارەکانیان دەکات، لەو چوارچیوەیەشدا تاوانێکی نوێی بۆ تاوانەکانی دیکەی زیاد کرد. ڕۆژی 23ی ئاب، حکومەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕۆکێت، لە نزیک قەزای سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی کوردی سەر بە کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی کردە ئامانج. لە ئەنجامدا، ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، شەهید بوون و بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەش بەناوی ڕێبین بەکر بریندار بوو.

شایانی باسە ئەم هێرشە دوای رێککەوتنی "هاوکاری سەربازی و ئەمنی و دژە تیرۆر" ئەنجامدرا کە لە ١٥ی ئابی 2024، لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیاوە واژۆ کرابوو. ئەم هێرشە بۆ سەر خاکی عێراق ڕاستەوخۆ حکومەتی عێراق پابەند دەکات و دەیخاتە بەردەم بەرپرسیارییەوە. کەچی وێڕای ئەوەش، دوای هێرشەکە هیچ لێدوانێکی جددی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەدرا و هیچ ڕێوشوێنێک بەرامبەر بەو کەسانە نەگیرایەبەر کە بەرپرسیارن لەم هێرش و تیرۆرە، لەوەشدا بەرپرسیارێتییان ڕوون و ئاشکرایە. بەو پێیەی حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێک لە دژی هێرشەکان نانێت، ئەمە وەک بەڵگەی هاوکاری نێوان دەوڵەتی تورکیا- پەدەکە و عێراق نیشان دەدات. لەبەرامبەردا، چاوەڕوانی ڕۆژنامەنووسان، گەلی کوردستان و خەڵکی عێراق ئەوەیە کە حکومەتی عێراق هەنگاوێکی بەرچاو دژی تیرۆرەکە و هێرشەکە بنێت.

لە رابردووە تا ئێستا، هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان وەک فشار، ئەشکەنجە، گرتن و کۆمەڵکوژکردنیان هاوکات لەگەڵ ئەو قۆناغانەی کە سیاسەتی جەنگ زیادی کردووە، گیراوەتە بەر. بەهۆی سیاسەتی جەنگەوە، ڕۆژنامەنووسان لە زۆرێک لە ناوەندەکانی جیهان دەکرێنە ئامانج. ئەو ڕژێمانەی دەیانەوێت تاوانەکانیان بشارنەوە و ڕاستییەکان بشێوێنن، پەرە دەدەن بەسیاسەتی توندوتیژی دژ بە ڕۆژنامەنووسان. ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣ی IFJ  (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان) ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە. بەپێی داتاکانی IFJ لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٢٠ ڕۆژنامەنووس و میدیاکار لە جیهاندا کوژراون. لە ئاکامی ئەو سیاسەتانەدا، لە ٢٣ی گەلاوێژدا، دەسەڵاتی ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەر ڕۆژنامەنووسی کورد پەخشان عەزیزیدا سەپاند.
لە هەر شوێنێکی جیهان کە ڕۆژنامەنووسێک کوژرابێت، ڕوونە کە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان دەدرێت. بۆیە کوشتنی ڕۆژنامەنووس کوشتنی ڕاستی و شاردنەوەی تاوانەکانە. لە هەمان کاتدا هێرشکردنە سەر مافی خەڵکە بۆ وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری.
هەروەها ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەهۆی ئاشکراکردنی ئەو هاوپەیمانی و تاوانە چەپەڵانەی کە لە ناوچەکەدا بەرامبەر بە کورد هەن و دەکرێن، کرانە ئامانج و کوژران.
سیاسەتەکانی شەڕ و فراوانبوونی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان وێرای کوشتنی ڕۆژنامەوانان، دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکی سڤیل، چۆڵکردنی گوندەکان، سووتانی دارستانەکان و قەیرانی ئابووریی. بەئامانجگرنتنی ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنووسە کە ڕووماڵی ئەم ڕاستییە دەکەن، پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانانەیە.
وەک "ڕۆژین" و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کورد ڕایدەگەیەنین:  ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەموو مەترسی و هەڕەشەکان دەبنەوە بۆ سەر ژیانی خۆیان بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بە کۆمەڵگە ڕابگەیەنن. ڕوونە کە فشار، کوشتن و هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەستگیرکردنیان بەو ئەنجامە ناگات کە نەیارانی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری ڕاست دەیانەوێت. ئێمە دەمانەوێت لە بری بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان، کۆتایی بە سیاسەتی جەنگ بهێنرێت.
بانگەوازی ئێمە بۆ ڕای گشتیی ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسان بە تەنیا بەجێنەهێڵدرێن و خاوەنداری لە مافی وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری بکات.
هەروەها داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین، کە بزانن هەموو ڕۆژنامەنووسێکی کوژراو زمان و دەنگی ئەوانە، دەبێت خاوەنداری لە ڕۆژنامەنووسان بکەن.
بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا خەباتێکی یاسایی لە دژی دەوڵەتە تاوانکارەکان ئەنجام بدرێت، داوا لە میدیا جیهانییەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین تا بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر ڕۆژنامەنوسان بەجێبهێنن.
هاوکات بانگەواز لە حکومەتی عێراق و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین:
- سەلامەتی ژیانی ڕۆژنامەنووسان و هەلومەرجی گونجاو بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان مسۆگەر بکەن.
پێویستە مافی کۆمەڵگا بۆ وەرگرتنی زانیاری پارێزراو بێت.
 بکوژانی ڕۆژنامەنووسان سزا بدرێن