'ئاسایشمان نییە'

ئەو زیندانیانەی گواستراونەتەوە بۆ زیندانى نوێى جۆری (L - 1) لە تورک ئۆغڵوی مەرەش رایانگەیاند، ئاسایشیان نییە و لە رێگەى بنەماڵەکانیانەوە داواى هاوکارییان کرد.

لە پاش ئەوەی گرتوخانە نوێیەکەی جۆری L-1 لە تورک ئۆغڵوی مەرەش کرایەوە دەستکراوە بە گواستنەوەى زیندانییە سیاسییەکان بۆ ئەو گرتوخانەیە.

لەمدواییانەدا ٦ زیندانیی گرتوخانەی جۆری T-3 ی تارسۆس گواستراونەتەوە بۆ گرتوخانەی تورک ئۆغڵو. زیندانیانی سیاسی ئەحمەد ناس، ئەرجان داشکەسەن، وەیسی ئاڵتان، شیفا ئەردۆغان، ڕدڤان کایا و سوئات ئۆکور، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٨ی پووشپەڕەوە ڕەوانەی گرتوخانەی جۆری  L-1 تورک ئۆغڵوی مەڕەش کران.

 زندانیان باسیان لەوە کردووە لە دوای گواستنەوەیان بۆ ئەو زیندانە رووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراونەتەوە و گوشارێکى زۆریان خراوەتەسەر.

 بنەماڵەى زیندانیی ئەحمەد ناس باسیان لەوەکرد، ٦ زیندانی بە ئۆتۆمبێلی جۆری رینگی سەربازی گواستراونەتەوە بۆ ئەو زیندانە و لە لە ڕێگادا لەلایەن جەندرمە ئەشکەنجەیەکی زۆر کراون.

بنەماڵەی ئەحمەد وتیشیان، ئەو زیندانییانە لە ڕێگادا ١٢ کاتژمێر ئەشکەنجە کراون و سوکایەتییان پێکراوە و هەمو ئەو شتانەی پێیان بوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەحمەد لە ڕێگەی بنەماڵەکەیەوە رایگەیاندووە: "لێرە رەفتار و ئەشکەنجەى دژ بە مرۆڤایەتیان بەرامبەرمان ئەنجامدا. هەر لە سەرەتای گەیشتنمان بۆ زیندانەکە پشکنین بە رووتی-یان بەسەرماندا سەپاند. بەڵام لەبەر ئەوەى ئێمە ڕازی نەبوین، ئەشکەنجە دراین و ویستان بە زۆر ئێمە ڕووت بکەنەوە. لە ئێستادا ژماردان بە شێوەى سەربازییان بەسەرماندا سەپاندووە. مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە. ئێمە داوا لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ و هەمو جەماوەر دەکەین لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا بێدەنگ نەبن."

ر.م