ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هەر جارە و بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەوێت. یەکێک لە بەڕێوەبەرانی یەنەکە، مەحمود سەنگاوی، دوێنێ ویستی بچێتە هەولێر، بەڵام ئاسایشی پەدەکە نەیهێشت کە بچێتە ناوەوە.
ئەو شتە یەکێتی زۆر بێزار کرد. پاڤێل تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی، ئەندامانی سەرکردایەتی و بەڕێوەبەرانی یەکێتی، ڕیشسپیانی هۆزەکانی چیمەن چەمچەماڵ، گەرمیان ناڕەزاییان دەربڕی لەدژی ئەو ڕێگرییکردنە لە مەحمود سەنگاوی.
یاریدەدەری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی، کۆسرەت ڕەسووڵ نامەیەکی بۆ سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی نووسیوە کە تێیدا ناڕەزایی خۆی لەدژی ئەو دۆخە دەربڕیوە.
لە دژی بینای پارتی لە سلێمانی هێرشی چەکداری کراوە
دوای ئەوەی بەهۆی ئەو ڕووداوەوە ئاڵۆزی تێوان یەکێتی و پارتی ڕوویدا، هێرشی چەکداری کرایە سەر بینای لقی ٤ی پارتی لە سلێمانی. دوای ئەوەی پێشمەرگەکانی پاسەوانی بیناکە وەڵامیان داوەتەوە، بۆ ماوەیەکی کەم شەڕ دروست بووە. هەتا بەرەبەیان لە هەندێک شوێنی سلێمانی دەنگی تەقە بیستراوە.
پارتی: یەکێتی بەرپرسیارە
پەدەکە لەبارەی ئەو بابەتەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و یەکێتی بە بەرپرسیاری هێرشەکە دەزانێت. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئاسایشی یەنەکە بەرپرسیاری هێرشکردنە سەر بارەگاکەیانن لە شاری سلێمانی و بەرپرسیارییەتی پاراستنیشی خستە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی. پەدەکە هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر شتێک بەسەر ئەرکدارەکانی بێت لەو سنوورە، هەولێریش وەڵام دەداتەوە.
یەنەکە: لێکۆلینەوە دەکەین
یەنەکە ڕایگەیاند کە لە ئۆتۆمبیلێکەوە دەستڕێژیی لە بارەگاکە کراوە و هەوڵەکانمان خستوەتەگەڕ و بەردەوام دەبین بۆ دەستگیرکردن و ناساندنی ئۆتۆمبیلەکە.
ک-ش