ئولوچ: موسا ئورهان "باشترین رۆڵەی" دەوڵەتی تورکە

ساروهان ئولوچ سەرۆکی فڕاکسیۆنی هەدەپە لە بارەی ئازادکردنی موسا ئورهان سەربازە لاقەکەرەکەی سوپای دەوڵەتی تورک، وتی:"ناوبراو بە شێوەی "باشترین رۆڵەی" دەسەڵات و دەوڵەت بەردەوامە لە کارەکەیدا."

 ساروهان ئولوچ سەرۆکی فڕاکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە بارەی هەواڵی ئەو سەربازە تورکەی لە ئێلحی دەستدرێژی کردبووە سەر ژنێکی کورد و دواتر ئازاد کرا وتی:" موسا ئۆرهان "باشترین رۆڵەی" دەسەڵات و دەوڵەتی تورکە و ئێستا گەڕاوەتەوە سەر ئەرکەکەی". تیشکیشی خستە سەر قسەکانی ئەو سەربازە کە وتبووی، 'حەزەکەن لە هەموو شوێنێک داوام لەسەر تۆمار بکەن، من هیچم بەسەر نایەت'.

ئولوچ وتی:"بە راستی دەوڵەت و دەسەڵات ئەوانە دەپارێزێت. کێ دەپارێزێت؟ ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر کورد و ئەوانەی دەستدرێژی دەکەن، دەیانپارێزن. دەڵێن ئەگەر ئێوە کورد بن، هیچ داد و یەکسانیەک بۆ ئێوە بوونی نیە."

ئولوچ راشیگەیاند، کێ موسا ئورهان دەپارێزێت؟ بەم سیاسەتە و سزانەدان و پاراستنی تاوانباران، دەتانەوێت بگەن بە کوێ؟ وتیشی:"موسا ئورهان لەو تاوانەدا شەریک و هاوبەشی خۆی هەیە، ئەوانە کێن؟ چەند موسا ئورهان هەن کە بە سیاسەتی سزانەدان و پشتگیری دەسەڵات، پارێزراون؟ بۆچی دادگا خاوەنداریی لیدەکات؟"

ئولوچ لە بەردەوام قسەکانیدا وتی:"ئەوە ئاشکرا بوو کە لە دژی گەلی کورد نەک هێرشێکی تاکەکەسی، بەڵکو هێرشێکی سیستماتیک هەیە. ئەو وەکو "باشترین رۆڵەی" دەسەڵات و دەوڵەت بەردەوامە لە کارەکەیدا. دادگا موسا ئورهانی ئازاد کردووە، ئەمەش بارودۆخی دادگاکانی تورک دەخاتە روو."

ز.ش