ئۆپراسیۆنى پاکتاوی سیاسی: بەلانیکەمەوە ٤٩ کەس دەستگیرکران

دەوڵەتى تورکیا لە ئۆپراسیۆنى پاکتاوی سیاسی لە دژی هەدەپە، بەلانیکەمەوە ٤٩ کەسی دەستگیرکرد.

دەوڵەتى تورکیا لە بەردەوامیى ئۆپراسیۆنى پاکتاوی سیاسیدا لە یەک کاتدا لە ٦ شار دا دەستیکرد بە دەستگیرکردن ئەندامان و بەڕێوەبەران و لایەنگرانى هەدەپە و بەلانیکەمەوە ٤٩ کەسی دەستگیرکرد.

ئێلح

سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵان. لە دواى پشکنینى ماڵەکان، نیزامەدین تۆگوچ هاوسەرۆکى هەدەپە لە ئێلح و ٧ کەسی تریان دەستگیرکرد. ئەو ٨ کەسە دەستگیرکراوەیان گواستووەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی ئێلح.

رحا

سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە گەڕەکی باغلەرباشیى ناوچەیى خەلیلیەی رحا پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵان و محەمەد کلچ بەڕێوەبەری رێکخستنەکانى هەدەپەی شاری رحای دەستگیرکرد. پۆلیس دەستیان گرت بەسەر کۆمپیوتەر و تەلەفونەکانى ئەندامانى ئەو ماڵانەدا کە هەڵیانکوتاوەتە سەری.

لە گەڕەکی کارائۆتلاک-یش جەندرمە هەڵیکوتایە سەر ماڵی گەنجێک بە ناوی رەسوڵ شەکەر. ئەو گەنجەیان بە پاساوی بڵاوکردنەوەى بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستگیرکرد.

ئەنقەرە

سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەدهەم ساریسولوک، کە لە بەرخۆدانى گەزیدا کوژرابوو. پۆلیس ناو ماڵەکەى دابەیەکدا و رایانگەیاندووە، موستەفا ساریسولوک دەستگیر دەکەن، کە لە ئێستادا لە ئەوروپایە.

ئیستەنبول

نووسەر تەمەل دەمیر-یش لە ئیستەنبول دەستگیرکرا.

هەروەها پۆلیس لەو ئۆپراسیۆنەیەدا ئاسلی بایرام ئۆغڵو و هەڤاڵ ئەلچی-یان دەستگیرکرد.

راگەیاندراوى وەزارەتى ناوخۆی تورکیا

وەزارەتى ناوخۆی تورکیا لەبارەى ئەو ئۆپراسیۆنەوە رایگەیاند "لە ئۆپراسیۆن لە ئێلح نیزامەدین تۆگوچ هاوسەرۆکى هەدەپە و ٧ کەس، لە ئاگری ٢٥ لایەنگری هەدەپە، لە ئەنقەرە ٥ کەس، لە موش ١ کەس و لە مێردین ١ کەس و لە رحا ٩ کەس، کە بە گشتى دەکاتە ٤٩ کەس، دەستگیرکراون".

ر.م