ئێشکگرانى ئەم هەفتەیەى ئازادی بۆ ئۆجالان ئەندامانى تەژەکە ئەوروپان

ئێشکگرتن بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری  گەلی کورد لە بەردەم بینای ئەنجوومەنى ئەوروپا بەردەوامە. چالاکوانانى ئەم هەفتەیەى ئێشکگرتن بۆ ئازادیی ئۆجالان دەستەیەکن لە ئەندامانى کۆمیتەى کۆمەڵایەتیى تەژەکەى ئەوروپا (TJK-E).

ئێشکگرتنی "ئازادی بۆ ئۆجالان" ماوەى ٦ ساڵ و نیوە لە بەردەم بیناى ئەنجوومەنى ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. چالاکوانانى هەفتەى پیشوو کە لە مارسیلیاوە هاتبوون بۆ ئێشکگرتنى ئازادی بۆ ئۆجالان، چالاکییەکەیان بە دەستەیەکی نوێ لە چالاکوانان سپارد، کە ئەندامى کۆمیتەى کۆمەڵایەتى تەڤگەری ژنانى کورد لە ئەوروپا (تەژەکە – ئەوروپا - TJK-E)ن.

ئەندامانى تەژەکە ئەوروپا راگەیاندراوێکیان لە کاتى وەرگرتنى چالاکییەکەدا بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، بۆ ئازادیى ئۆجالان بە بەردەوامى لەو گۆڕەپانەدا دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

سی پی تى و ئەنجوومەنى ئەوروپا بە ئەرک و بەرپرسیارێتیى خۆیان هەڵنەستاون

لە راگەیاندراوەکەى تەژەکە ئەوورپادا هاتووە، ئەنجوومەنى ئەوروپا و رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی - CPT) لە بابەتى ئۆجالاندا بە ئەرک و بەرپرسیارێتیى خۆیان هەڵنەساون.

راشیانگەیاند "ئێمە نیگەرانین بۆ دۆخی تەندروستیى رێبەرەکەمان. قەدەغەکردنى چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پاریزەران بابەتێکە کە قبوڵ ناکرێت".

لە راگەیاندراوەکەدا داوا لە ئەنجوومەنى ئەوروپا و سی پی تى کرا بە خێرایى بە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانى خۆیان هەستن.

بانگەوازیان بۆ خاوەنداریکردن کرد

ئەندامانى تەژەکە ئەوروپا داوایان لە ژنانى کورد، شۆڕشگێڕان، دیموکراسیخوازان و لایەنگرانى مافەکانى مرۆڤ لە ئەوروپا کرد، کە بۆ ئازادی و ئاسایشى ئۆجالان و بۆ خاوەنداریکردن لە ئۆجالان دەست بە ئەنجامدانى چالاکى بکەن.

چالاکوانانی ئەندام لە تەژەکە ئەوروپا تاوەکو رۆژی یەکشەممە ئێشکگری دەکەن بۆ ئازادیى ئۆجالان و دواتر چالاکییەکە رادەستى گروپێکى تر لە چالاکوانان دەکەن. تەژەکە ئەوروپا و پێکهاتەکانى لە مانگێکدا یەکجار بەشداری لە چالاکیى ئێشکگرتنی "ئازادی بۆ ئۆجالان" دەکەن.

ر.م