ئێشکگرانی ئەم هەفتەیەی ئازادی بۆ ئۆجالان ژنانی ئەندامی سەمەژێ-ن

٤٢٧هەمین هەفتەى ئێشکگری بۆ ئازادیی ئۆجالان لەلایەن ژنانی کوردی ئێزدیی ئەندامی چەتری ئەنجوومەنەکانى ژنانى ئێزدی (سەمەژێ - SMJÊ) بەڕێوەدەچێت. ئەندامانی سەمەژێ داوای خاوەنداریکردنیان لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد.

چالاکیی ئێشکگری بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنى ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. چالاکیی ئەم هەفتەیە لەلایەن ئەندامانی چەتری ئەنجوومەنەکانى ژنانى ئێزدی (سەمەژێ - SMJÊ) بەڕێوەدەچێت. نورێ ئالکش، زەرۆ ئال، جیهان هەوران، فیکرییە فەرحۆ و گولێ کورت ئێشکگریی ئەم هەفتەیەیان لە گروپێ پێشووتری ئێشکگر وەرگرت، کە لە شاری ئۆلدنبێرگی ئەڵمانیاوە هاتبوون و چالاکیی هەفتەى پێشوویان ئەنجامدابوو.

پەیامی یەکێتی لە دژی سیاسەتی پاکتاوکردن

فیکرییە فەرحۆ بە ناوی دەستە ئێشکگرییەکەى ئەم هەفتەیەوە وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، دەبێت گەلی کورد لە دژی سیاسەتی کۆمەڵکوژکردن یەکبگرێت. فەرحۆ راشیگەیاند، ئەو رووداوانەى روودەدەن نەک تەنها بۆ کوردانی ئێزدی، بەڵکو بۆ هەموو کوردان فەرمانی ٧٤هەمینە. فەرحۆ باسی ئەوەشیکرد، بە هەڵوێستێکى هاوبەش دەتوانن لە بەرامبەر عەقڵییەتی سڕینەوە و پاکتاوکردن بوەستنەوە.

فیکرییە فەرحۆ سەرنجی خستەسەر ئەو زوڵم، دوورخستنەوە و کۆمەڵکوژکردنە، کە بەسەر گەلی کورددا دەسەپێنرێت و وتی "لە دژی بانگەوازی رێبەرەکەمان بۆ ژیانێکی ئاشتییانە، هەموو رۆژێک بە ئەشکەنجە و زوڵم وەڵام دەدەنەوە".

فەرحۆ ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت دایکان زیاتر لە هەر کەسێک لە دژی سیاسەتی کۆمەڵکوژکردن بوەستنەوە و وتیشی "کاتی ئەوەیە گەلی کورد خاوەنداری لە رێبەرەکەى خۆی و شەهیدەکانی خۆی بکات".

ئەرک و بەرپرسیاریی ئەنجوومەنى ئەوروپا و سی پی تی بە بیریان هێنرایەوە

ژنانی سەمەژێ داوایان لە ئەنجوومەنى ئەوروپا و رێکخراوی پێشگرتن لە ئەشکەنجە (سی پی تی) کرد، کە بە ئەرک و بەرپرسیاریی خۆیان هەستن. راشیانگەیاند، بێدەنگی بەرامبەر بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە مانای هاوکاریکردنە لە تاوانەکانی سیاسەتی کۆمەڵکوژکردنی ژنان.

ئەندامانی سەمەژێ باسی ئەوەشیانکرد، ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد گەرەنتیی ژیانی ئاشتییانە و ئازاد و پێکەوە ژیانی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

رێکخراوەکانی ژنانی کورد بە گروپی سەربەخۆ بەشداری لە ئێشکگرییەکەدا دەکەن

ئێشکگریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنى ئەوروپا و سی پی تی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە. تاوەکو ئێستا سەدان ئەندام و بەڕێوەبەری رێکخراوە کوردییەکان لە ئەوروپا بەشداری چالاکییەکە بوون. لە ٤٢٧ هەفتەی چالاکییەکەدا زیاتر لە ٢ هەزار کەس ئێشکگرییان کردووە و زۆربەى ئێشکگران و گروپە بەشداربووەکانیش ژنان بوون. رێکخراوەکانی ژنانی کورد بە شێوەی سەربەخۆ بەشداری چالاکییەکە دەبن.

ژ.ت