ئەمریکا لەسەر سنووری تورکیا – رۆژئاوا خاڵی چاودێری دروست دەکات

جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریى ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر سنووری رۆژئاوا، کە دەوڵەتى تورک هەڕەشەى لێدەکات، خاڵی چاودێری دروست دەکەن.

جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریى ئەمریکا لە پنتاگۆن بۆ رۆژنامەنووسان قسەى کرد و ئیدعای کرد، تورکیا "نیگەرانیى" لەسەر سنووری سوریا هەیە. ئەو "نیگەرانییانە" دەبینن و بۆ ئەوەش لە چەند ناوچەیەک خاڵی چاودێری دروست دەکەن.

ماتیس ئەوەشى راگەیاند، خاڵەکانى چاودێری لەو هەرێمانەدا دروست دەکرێن کە ئەگەری ئەوەیە هەیە "هەڕەشەیەک" لە دژی تورکیای تیادا بێت و خاڵەکانى چاودێریش ئامانجیان ئاگادارکردنەوەیە.

دەوڵەتى تورک بۆ هێرشەکانى بۆ سەر عەفرین، کۆبانێ وهەرێمەکانى تر پاساوی ئەوەی دەهێنایەوە، کە 'لە سنوورەوە هێرش ئەنجام دەدرێن'، بەڵام هەموو پاساوەکانى بێ بنەمان و لە سنوورەکانەوە هیچ هێرشێک بۆ سەر تورکیا ئەنجام نەدراوە.

ماتیس ئەوەشى خستەڕوو، لەسەر بابەتى سنوور لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سوپاى تورکیادا چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن و وتیشی، خاڵەکانى چاودێری لە دیوی رۆژئاوا و لە شوێنێکى کراوەدا دەبن، کە سەربازانى تورک بتوانن بیان بینن.

ماتیس راشیگەیاند، بۆ ئەوەى کاریگەری لەسەر شەڕی دژ بە داعش دروست نەبێت ئەو خاڵە چاودێرییانە دروست دەکەن.

ماتیس باسی لە تێکۆشان لە دەشتی ناوەڕاستى فورات دا کرد و وتى، نایانەوێت شەڕڤانانى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) کە لەو هەرێمانەدا شەڕ دەکەن بکشێنەوە.

شەڕڤانانى قەسەدە لە دژی چەتەکانى داعش لە شەڕێکى قورسدان، دواى ئەوەى تورکیا هێرشی کردە سەر عەفرین و زۆرێک لە ناوچەکانى تر، شەڕەکانیان لە دژی چەتەکانى داعش راگرت و بەشێک لە هێزەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەى تورکیا کشاندەوە.

دەوڵەتى تورک ماوەیەک لەو پێشیش هێرشی کردە سەر کۆبانێ و گرێ سپی و قەسەدە لە دواى ئەو هێرشانەش رایگەیاندبوو، ئۆپەراسیۆنى هێزەکانى لە دژی چەتەکانى داعش بۆ ماوەیەک رادەگرێت. هاوکات لەگەڵ هێرشەکانى دەوڵەتى تورک دا چەتەکانى داعش هێرشیان کردبووە سەر شەڕڤانانى قەسەدە لە دێرەزۆر.

بەرپرسانى قەسەدە و باکووری سوریا دەڵێن، ئامانجێکی هێرشەکانى تورکیا بۆ ئەوەیە، کە رێگری لە سەرکەوتنى تێکۆشان و شەڕی دژ بە چەتەکانى داعش بکات.

ر.م