بارودۆخی یاسایی لە تورکیا: هەموو ساڵێک خۆزگەم بە پار

پارێزەر سەڤەرال بالی کایا، سەردەمی دادوەریی ساڵەکانی ۲۰۱۷ و ۲۰۱۸ ی هەڵسەنگاند و وتی "ئێمە ساڵێکمان تێپەڕاند کە فشار و زۆرداریی تێیدا سەخت و قورس بوو".

لە ۲۰ ی تەموزەوە، دادگاکانی تورکیا دەست بە پشوو دەکەن هەتا ڕۆژی ۳۱ ی تەباخ. دادگاکانی تورکیا لەناو شەرت و  مەرجی باری نائاساییدا مۆری خۆیان داوە لە چەندین بڕیاری نایاسایی. لە پارێزەرانی پلاتفۆرمی یاساناسانی ئازادیخواز سەڤەرال بالی کایا، کارنامەی یاسایی ساڵێکی لە تورکیا هەڵسەنگاند.

بالی کایا وتی "ڕووداوە خراپەکان و ئەشکەنجە لە کاتی دەستگیرکردندا ڕوویان لە زیادبوون کردووە. ئاستەنگیی نایاسایی و بە ئارەزوو لە زیندانەکان و کردارە خراپەکانیش زیادیان کردووە. هەموو ساڵێک خۆزگەمان بە پار".

بالی کایا دەستنیشانی کرد کە ساڵانی ۲۰۱۷ و ۲۰۱۸ی دادوەریی لەلایەنی پێوەرە بنەڕەتیەکان و دەستکەوتی یاسایی، مافەکانی پاراستن و بەرگریکردن، بارودۆخ و سەربەخۆیی دەزگاکانی دادوەریی، مافەکانی تۆمەتباران و گومانلێکراوان و مافەکانی پارێزەران و چەندین ڕووداوی نەرێنیی ڕوویان داوە. بالی کایا ئاماژەی بە شەرت و مەرجی باری نائاسایی کرد و ڕایگەیاند کە لە ڕێگای چەندین بڕیارنامەوە لە حوکمی یاساکاندا، مافە بنەڕەتیی و سەرەتاییەکان پووچەڵ کراونەتەوە.

سەڤەرال بالی کایا سەرنجی ڕاکێشایە سەر گۆڕانکاریەکانی سەر پرسەکانی: دەستگیرکردن، گەڕان، مافەکانی ئازادی و ئاساییشیدا کە ئەنجام دراون و وتی "بە بەرفراوانکردن و زیادکردنی ئەرک و دەسەڵاتی هێزە ئەمنیەکان، ئەو ئەرک و دەسەڵاتانەی کە لەدەستی دادگاکاندا بوون، ڕادەستی هێزە ئەمنیەکان کراون. دەرفەتەکانی دادوەریی و کۆنترۆڵکردنیش کەم کراونەتەوە".

سەڤەرال بالی کایا، جەختیشی لەوە کردەوە، زۆر گرنگە کە دەزگا و ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ و بێلایەنانە کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن و وتیشی "لەبەرئەوەی کە سەربەخۆبوون و بێلایەنیی دەسەڵاتی دادوەریی لەناو براون، ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەرییش وەک ئەندامانی دەسەڵاتداریی بڕیار دەدەن، وەڵامی چاوەڕوانی دادوەریی و ئازادیەکان نادرێتەوە".

بالی کایا، پێشێلکردنی مافی پارێزەرانیشی بە بیر هێنایەوە و وتیشی "هەموو ساڵێکی دادوەریی کە تێیدەپەڕێنین، ئێمە بە هیوای گۆڕانکاریی ئەرێنیی ئەنجام بدرێت، دەست بە پشووی خۆمان دەکەین. مەخابن، هەموو ساڵێک لە ساڵی پێشووتر خراپتر دەبێت. بۆئەوەی بارودۆخێکی ئازاد و دیموکرات، ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە دەست بە سەرەتایەکی بە هیوا بکەین. بۆیە دەڵێین 'هەموو ساڵێک خۆزگە بە پار'”.