بزووتنەوەى شۆڕشگێڕی یەکگرتووی گەلان: تا دێت بەرخودانەکەى لەیلا گیوڤەن بەرفراوانتر دەبێت

بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گەلان (HBDH) رایگەیاند، خاوەنداری لە بەرخودانەکەى لەیلا گیوڤەن دەکەن، چونکە بە تێکۆشان داواکەى ئەو و هاوڕێ بەرخودێرەکانى تری بەدی دێت.

کۆمیتەى بەڕێوەبەریى بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گەلان (HBDH) رایگەیاند "رژێمى فاشیست لە دژی گەلانى تورکیا و کوردستان بێڕەحمانەترین و دڵڕەقانەترین شەڕی مێژوویی بەڕێوەدەبات. کرێکاران، رەنجدەران، ژنان و گەنجان و هەموو کەسێک کراونەتە ئامانجی هێرشە فاشیستییەکان. ئیتر ریز و بەرە و  لایەنەکان ئاشکرا دەبن، رژێمى فاشیستی هەوڵ دەدات لایەنگرانى دیموکراسی، ئازادی و یەکسانیخواز رادەستى خۆی بکات.

دەسەڵاتى فاشیست لەو هەلومەرجەدا لە زیندانى ئیمراڵی درێژە بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەدات. رژێمى ئەردۆغان دەیەوێت دەستکەوتەکانى گەلی کورد لە چوار پارچەى کوردستان لەناو ببات. یەکێک بناغەکانی ئەو هێرشانەش گۆشەگیرکردنى رێبەری گەلی کورد.

چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٨٢هەمین رۆژدایە. هاوارى ئازادیى لەیلا گیوڤەن ئێستا بووەتە هاواری سەدان بەرخودێر. لە پێش هەموانیشەوە زیندانییەکانى تر لە زیندانەکاندا، لە هەر چوارپارچەى کوردستان بەرخودانى نوێ بۆ ئامانجی خاوەنداریکرن لە داواکەى لەیلا گیوڤەن بەڕێوەدەبەن.

رژیمى فاشیست سیاسەتێکى بەرفراوان بۆ شەڕ بەڕێوەدەبات. شەڕی لە دژی چینى کرێکاران و بندەستان راگەیاندووە. بەردەوامە لە گوشار و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى لە باکووری کوردستان. لە هەموو کات زیاتر گوشار و زوڵم لە گەلی باکوور دەکات. چالاکییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن ئاستەنگ دەکرێن و چالاکوانەکان بە توندوتیژانە و بە ئەشکەنجەکردن دەستگیردەکرێن.  

رژێمى ئەردۆغانی فاشیست هەڕەشە لە شۆڕشی رۆژئاوا دەکات. دەیەوێت ئەو شۆڕشە بخنکێنێت، بەڵام نەیتوانى ئەوە بکات بۆیە دەیەوێت لاوازى بکات. ئەوە بووەتە سیاسەتى بنەڕەتیى رژێمى فاشیست. رژێمى ئەردۆغان بۆ ئەوەى شۆڕشی رۆژئاوا بخنکێنێت بە هەموو شێوەیەک باج بە هێزە ئیمپریالیستییەکان دەدات.

بەرخودان لە باشووری کوردستان هەڵوێستێکى گرنگە

هەموو کات بە ئۆپەراسیۆنى سەربازی و هێرشی ئاسمانى بۆ سەر باشووری کوردستان هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا دەکاتە ئامانج. نەک تەنها هێزە سەربازییەکان، بەڵکو گەلی باشووریش بوونەتە ئامانجی هێرشە سەربازییەکانى کۆماری تورکیاى داگیرکەر. ژن و منداڵ و گەلی باشووری کوردستان هەموو رۆژێک دەبنە ئامانجی تیرۆری فاشیست. بەرخودانى گەلی باشووری کوردستان لە دژی هێرشە ئاسمانییەکانى کۆماری تورکیا هەڵوێستێکى گرنگە.

رژێمى فاشیست  دوژمنى هەموو ئەو کەسانەیە کە لە خۆی نەبن. لەو هەلومەرجەدا ئەوەى دەکەوێتە سەر شانی کرێکاران، رەنجدەران و گەلە بندەستەکان ئەوەیە؛ لە هەموو ئاست و گۆڕەپانێکدا بەرخودان لە دژی فاشیزم گەش بکەن. بە ناوی بزووتنەوەى شۆڕشگێڕی یەکگرتووی گەلانەوە خاوەنداری لە بەرخودانى لەیلا گیوڤەن دەکەین. بەدەیهاتنی داواکانى ئەو و هاوڕێ بەرخودێرەکانى بە تێکۆشان دەبێت.

لە وڵاتەکەماندا، لە جوگرافیاى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئەستەمە بە بێ تێکۆشان، بەبێ شەڕ و بەبێ باجدان دیموکراسی، ئازادی و یەکسانى بەدی بێت. بۆیە بەرپرسیاریى مێژوویمان ئەوەیە، کە لە هەموو ئاست و گۆڕەپانەکاندا تێکۆشان و بەرخودان بەفراوانتر بکەین.

داواکەى لەیلا گیوڤەن بە بەرخودێرانى نوێ بەرفراوانتر دەبێت و ملیۆنەها مرۆڤ خاوەنداری لە داواکەى دەکەن. لەسەر ئەو بنەمایەش ئامانجی ئێمە ئەوەیە، کە لە دژی هێرشی هەمەلایەنەی فاشیزم، بەرخودانى هەمەلایەنە گەش بکەین و ساڵی ٢٠١٩ بکەینە ساڵی تێکشکاندنی فاشیزم و سەرکەوتنى تێکۆشانی شۆڕشی یەکگرتوو.

هاوارەکەى لەیلا گیوڤەن تا دێت بەفراوانتر و گەورەتر دەبێت. خاوەنداریکردن لەو تێکۆشانە ئەرکی هێزەکانى لایەنگری ئازادی، دیموکراسی و یەکسانییە.

بە ناوی بزووتنەوەى شۆڕشگێڕی یەکگرتووی گەلانەوە و بەو تێگەیشتنە مێژوییە ئیمە سڵاو بۆ لەیلا گیوڤەن و بەرخودانى هەموو بەرخودێران دەنێرین. دەبێت بە خێرایى داواى بەرخودێران قبوڵ و جێبەجێ بکرێت.

ئێمە دەزانین، سەرباری هەموو هێرشەکان رژێمى فاشیست لە لێواری هەڵوەشاندایە، بۆیە ئەرکمانە کە لە تورکیا و کوردستان تێکۆشانی شۆڕشی یەکگرتوو گەش بکەین".

ر.م