بنەماڵەى ئۆجالان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان سەردانى داواکارى گشتییان کرد

بنەماڵەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ٣ زیندانیى تر لە دوورگەی ئیمراڵی بۆ ئەوەى بڕۆن بۆ ئیمراڵی و چاویان بە ئۆجالان و زیندانییەکانى تر بکەوێت، سەردانى داواکارى گشتیى تورکیایان لە بورسا کرد.

محەمد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان، فاتمە ئۆجالان خوشکی عەبدوڵا ئۆجالان و پارێزەر مەزڵوم دینچ پارێزەری رێگەپێدراوى بنەماڵى ئۆجالان بۆ ئەوەى سەردانى ئیمراڵی بکەن لە رێگەى پارێزەرەکانیانەوە سەردانى داواکارى گشتیى کۆمارییان لە بورسا کرد.

هەروەها پۆڵات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم، عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار و سەبیحە ئاکتاش خوشکی ڤەیسەڵ ئاکتاش لە رێگەى پاریزەرەکانیانەوە داواى بینیى براکانیان کرد لە زیندانى ئیمراڵی.

دوایین چاوپێکەوتنى نێوان محەمەد ئۆجاڵان و عەبدوڵا ئۆجالان لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ / ٢١ی خەرمانان بوو. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا دەوڵەتى تورک رێگای بە هیچ یەک لە ئەندامانى بنەماڵەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد نەداوە، کە سەردانى ئیمراڵی بکەن و چاویان بە ئۆجالان بکەوێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە دەوڵەتى تورک لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ی خاکەلێوە رێگای بە هیچ یەک لە ئەندامانى شاندی ئیمراڵی نەداوە سەردانى ئۆجالان بکەن.

هەروەها پارێزەرەکانى ئۆجالان لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ / ٥ی گەلاوێژەوە بە پاساوی جۆراجۆر رێگرییان لێدەکرێت و رێگایان پێنادرێت سەردانى ئۆجالان بکەن. پاریزەرەکانى ئۆجالان تاوەکو ئێستا ٧٦٨ جار داواى بینیى ئۆجالانیان کردووە و سەرجەم داواکانیان لەلایەن  دەوڵەتى تورکەوە رەتکراوەتەوە.

ر.م