بکوژەکانى ئاپێ موسا تا ئێستاش بە ئازادی دەسوڕێنەوە

موسا عەنتەر رۆشنبیری کورد ٢٦ ساڵ لەوە پێش لەلایەن ژیتەمەوە تیرۆرکرا. سەرباری چەندین بەڵگە و شایەتحاڵ هێشتا بکوژەکانى بە ئازادى دەسوڕێنەوە. تاکە بکوژی دەستگیرکراوی دۆسیەى تاوانەکەى موسا عەنتەر ئازادکراوە. دواى ٤ ساڵی تریش دۆسیەکەى دادەخرێت.

٢٦ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنى رۆشنبیری کورد، پەیامنێر - نووسەر موسا عەنتەر لەلایەن دەزگاى هەواڵگریى جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (ژیتەم - JİTEM)ەوە تێدەپەڕێت، کە لە ناو کوردا بە ئاپێ موسا دەناسرێت. رۆژی ٢٠ی ئەیلولی ١٩٩٢ ئاپێ موسا بەشداری فێستیڤاڵی رۆشنبیری و هونەریى ئامەد بوو. لە فێستیڤاڵەکەدا کتێبەکەی بۆ شەیدایانى واژۆ کرد. ئێوارەى ئەو ڕۆژە لە گەڕەکى سەیران تەپە تەقەیان لێکرد و لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا کوشتیان.

ئۆرهان میر ئۆغڵو پەرلەمانتاری ئاکەپە کە رۆژی تیرۆرکردنى ئاپێ موسا، لەگەڵ ئاپێ موسادا بوو، دواتر دەرکەوت ئەندامى دەزگاى هەواڵگریى تورکیا (میت) بووە و ناوەکەشی لە ناو میت دا 'تایفون' بوو و بە برینداری لە دەستڕێژی گولـلەکان رزگارى بوو.

بۆ هەموو کەس روون بوو کە ئاپێ مووسا لەلایەن تۆڕی تاوانکاریى دەوڵەتى تورکیا ژیتەمەوە کوژراوە و بکوژەکەى نادیار نییە، بەڵکو بکوژەکەى دیارە. لە تورکیا بۆ ماوەى ٨ ساڵ لێکۆڵینەوە هیچ ئەنجامێک لە لێکۆڵینەوەکان دەرنەکەوت. لەبەر ئەوەش ساڵی ٢٠٠٠ بنەماڵەى عەنتەر لە دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا (DMME) سکاڵایەکیان تۆمار کرد.

تاوانەکە خرایە ناو راپۆرتى سوسورلوک

دواى ئەوەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا سکاڵاکەى قبوڵکرد، ئەو پارێزەرانەى کە بەرگرییان لە دەوڵەتى تورکیا دەکرد چوون سەردانى بنەماڵەى ئاپێ موسایانکرد و داوایانکرد لە بەرامبەر پێدانى ١٥ هەزار یورۆدا "رێککەوتن" بکەن. بنەماڵەى ئاپێ موسا ئەو پێشنیازەیان قبوڵ نەکرد و داوایانکرد لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوام بێت. لە ئەنجامدا ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦ تورکیا لەلایەن دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپاوە تاوانبار ناسێنرا. تورکیا لەبەر ئەوەى مافی ژیانی پێشێلکردووە بڕی ٢٨ هەزار و ٥٠٠ یورۆ سزاى بەسەردا سەپێنرا.

لە راپۆرتەکەى سوسورلوکدا ئەوە دەرکەوت کە ئاپێ موسا لەلایەن ژیتەمەوە بو بەشێوەیەکە بەرنامە بۆ دانراو کوژراوە. لە راپۆرتەکەدا لەبارەی مووسا عەنتەرەوە نووسراوە "ئەو کەسانەى کە لە دژی یەکێتى و یەکپارچەیى وڵات چالاکن و چالاکى ئەنجام دەدەن دەبێت قورسترین سزا بدرێن. دەوترێت موسا عەنتەر چالاکیى چەکدارى نەکردووە، بەڵکو زۆرتر کاری فەیلەسوفانەى کردووە و بەو کارانەوە سەرقاڵ بووە. کاریگەرییەکانى دواى کوشتنى زۆر زیاتر و گەورەتر بوون و بڕیاری کوشتنەکەى هەڵە بوو".

دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا: تورکیا تاوانبارە

عەبدولقادر ئایگان یەکێک لە بەرپرسانی باڵاى ژیتەم و یەکێک لە بکوژەکانى ئەو گروپە لە دواى چەندین ساڵ دانى بەو تاوانەدا نا کە بەرامبەر ئاپێ موسا ئەنجامیان داوە. ئایگان وتى، تاوانەکەى بەرامبەر ئاپێ موسا لەلایەن ژیتەمەوە پلانى بۆ دانرا. ئەحمە جەم ئەرسەڤەر دامەزرێنەرى ژیتەم، مەحمود یڵدرم بە ناوی کۆد یەشیل، مستەفا دەنیز ئەندامى ژیتەم، ساڤاش گەرڤرەکچی، عەلی ئۆزانسۆی و دانپیادانەر جەمیل ئیشک (هۆری) و حەمید یڵدرم تاوانبارانى کوشتنى ئاپێ موسان.

سەرباری بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا و دانپیادانانەکەى عەبدولقادر ئایگان دۆسیەی کوشتنى ئاپێ موسا بە بەردەوامى پشتگوێ دەخرێت. دواى ئەوەى ٢٠ ساڵ بەسەر تاوانەکەدا تێپەڕی لە رۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٢ بە دەستگیرکردنی حەمید یڵدرم لە شرنەخ دۆسیەى کوشتنى ئاپێ موسا لە "داخستن بەهۆی تێپەڕبوونی کاتەوە" رزگاری بوو. ئەو لێکۆڵینەوەیە، کە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٣ ئامادەکرابوو لەلایەن لقی حەوتى دادگاى سزا قورسەکانەوە قبوڵ کرا.

میرئۆغڵو، تایفونەکەى میتە

دۆسیەیى کوشتنى ئاپێ موسا لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن دادگاى سزا قورسەکانى ئامەدەوە قبوڵکرا، کە لەگەڵ دۆسیەى سەرەکیى ژیتەم دا بکرێت بە یەک دۆسییە، بەڵام بە پاساوى ئەمنى لە ساڵی ٢٠١٥دا دۆسیەکەیان برد بۆ ئەنقەرە. لە لقی ٦ی دادگاى سزا قورسەکانی ئەنقەرەدا ١٨ کەس کە لەناویاندا هەر یەک لە، مەحمود یڵدرم، ساڤاش  گەرڤرەکچی، عەبدولقادر ئایگان، حەمید یڵدرم، جەمیل ئیشک، موحسین گیول، محەمەد زەکی قەرەدەنیز و فاتیح چەتین هەبوون، بە تاوانى 'کوشتنى تەواوەتیى پیاوەکان' داواى سزای زیندانى قورسی هەتاهەتاییان بۆ کرا.

لە دۆسیەکەدا کە ماوەى چەندین ساڵی خایاندبوو، تاوانبارەکان هەموو تاوانەکانیان رەتکردەوە. لەسەر دانپیادانەکان بڕیاری زیندانیکردی مەحمود یڵدرم، فاتیح چەتین، عەبدولقادر ئایگان، موحسین گیول و جەمیل ئیشک دەرکرا. وەلی کوچوک و محەمەد ئەینور وەک شایتحاڵ وتەکانیان وەرگیران. کوچوک ژیتەم و هەموو شتەکانى رەتکردەوە. ئەینور وتى، ئۆرهان میر ئۆغڵو لەگەڵ ئاپێ موسا بوو، ناوی کۆدی ئۆرهان میر ئۆغڵۆ، "تایفون" بوو و کاری بۆ میت دەکرد و بۆ ئەوەى کوشتنەکەى ئاپێ موسا بخەنە ئەستۆى پەکەکە، ئەویان نەکوشت تاوەکو دواتر بڵێت پەکەکە ئەو کارەى کردووە.

تاکە بکوژی دەستگیرکراو ئازاد کرا!

دادگا سەرباری وتەى شایەتحاڵەکان، بەڵگەکانى ناو دۆسییەکە، بڕیارەکەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا و دانپیادانانەکان، حەمید یڵدرم تاکە بکوژی دەستگیرکراوی دۆسیەکەى ئازاد کرد. جەم ئەرسەڤەر، مستەفا دەنیز، کوتلو ساڤاش و نەڤاڵ بۆز کە ناویان لە دۆسیەی کوشتنى ئاپێ موسادا بوو کوژران. عەبدولقادر ئایگان لە سوید دەژی. کەس نازانێت یەشیل چیى بەسەر هاتووە. ١١ی تەمووزی ٢٠١٨ لە دوایین دانیشتنى دۆسیەى تاوانى کوشتنى ئاپێ موسادا بڕیاردرا ئیسماعیل حەقی پەکین، کە سەرۆکى پێشووى بەشی هەواڵگریى سەرۆکایەتیى ئەرکانى سوپاى تورکیا بووە و دەڵێت یەشیل هیچی لێنەهاتوە، دەبێت گوێى لێ بگیرێت. بۆیە بڕیارە دانیشتنى داهاتووی دادگا لە ١٤ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨دا بەڕێوە بچێت.  

 ٢٦ ساڵ بەسەر تاوانى کوشتنی موسا عەنتەردا تپێەرێ و ئێستا هەوڵ دەدرێت وەک تاوانەکانى ترى "بکوژ نادیار" دۆسیەکەى دابخەن. لە سەردەمى ئاکەپەدا سەرباری ئەوەى دەزانرێت کێ لە پشت تاوانی دۆسیەکانى "بکوژ نایادرن" بکوژەکان ئازاد دەکرێن و خەڵات دەکرین لەسەر دۆسییەکانى تاوانى "بکوژ نادیار". ئەگەر دۆسیەى موسا عەنتەر بەمشێوەیە درێژەى پێ بدرێت ئەوە دوای ٤ ساڵی تر دۆسیەکە بەهۆی تێپەڕبوونى کاتەوە دادەخرێت.

ژیانى لە زیندان و دوورخستنەوەدا تێپەڕی

ئاپێ موسا ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی زونگ لە ناوچەیى سیتلیل لە نسێبینى مێردین لە دایکبوو. هەموو ژیانیشی لە زیندان و دوورخستنەوەدا تێپەڕی.

ئاپێ موسا دواى ئەوەى لە ساڵی سێیەمدا دەستى لە خوێندن لە کۆلێژی یاسای زانکۆى ئیستەنبول هەڵگرت دەستیکرد بە  نووسین بۆ رۆژنامەى پۆستەى شەرق و دیلجە. بەهۆی بڵاوکردنەوەی شێعری "قمل – Qimil" لە رۆژنامەی ئیلەری یورت دا لە ساڵی ١٩٥٩دا لە چوارچێوەى "دۆسیەى ٤٩" دا سزای لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنرا. ئاپێ موسا لە دواى کودەتاکەى مانگى ئایار ئازاد کرا بەردەوامبوو لە نووسین بۆ رۆژنامە و گۆڤارەکانى دەنگ، بارش دونیاسی و یۆن.

یادی بەرز رادەگیرێت

لە ساڵی ١٩٦٣جا و دیسانەوە لە چوارچێوەى "دۆسیەى ٢٣"دا زیندانیکرایەوە. لە ساڵی ١٩٦٧دا دووریان خستەوە. لە کودەتاکەى ئەیلولدا بە تۆمەتى "پڕوپاگەندەى کوردایەتى" زیندانیکرایەوە. بە گشتى ١١ ساڵ و ٥ مانگ لە زینداندا بوو. بۆ زۆرێک لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک ئازادیا وڵات، یەنی ئولکە، ئۆزگیور گیوندەم، رەوشەن وتەلۆ بابەتى دەنووسی و بڵاویدەکردنەوە. کتێبێکى بەناوی برینى رەش، قمل و هەروەها فەرهەنگی کوردی – تورکیى ئامادە کرد. بۆ بەرنامەکانى وقایع نامە، فرات مارمارا ئاکار و چنارا من بابەتى نووسی.

ئەمڕۆ ساڵرۆژی کوشتنی ئاپێ موسایە و یەکەم مەراسیمى یادکردنەوەى لە کاتژمێر ١١:٣٠دا لە سەیران تەپە، واتە ئەو شوێنەى تیایدا کوژرا بەڕێوەدەچێت. دواى نیوەڕۆش لەسەر گۆڕەکەى لە نسێبین لە ناوچەی سیتلیل و لە کاتژمێر ١٥:٠٠ مەراسیمى بەرز راگرتنى یادى بەڕێوەدەچێت.

ر.م