"تورکیا هەوڵ دەدات ئاڵۆزیەکە قوڵتر بکاتەوە و لەسەر مێزی رێکەوتنەکان جێگای خۆی بکاتەوە"

هۆشیار ئۆزسوی پەرلەمانتاری هەدەپە تیشکی خستە سەر سیاسەتە ئاڵۆزکاریەکانی تورکیا کە لە سەر بابەتی سۆنداژ لە دەریای سپی لە دژی یونان وەستاوەتەوە و راشیگەیاند، ئامانجی تورکیا لەم سیاسەتە بەدەستهێنانی پشکە.

 هۆشیار ئۆزسوی پەرلەمانتاری هەدەپە، کە هاوکات ئەندامی کۆمیسیۆنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیایە لە بارەی دەستوەردانەکانی تورکیا لە دەریای سپی و کاروباری ناوخۆی لیبیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد وتی:"پرسی رۆژهەڵاتی دەریای سپی، شەڕی دابەشکردنی سەرچاوەکانی هیدرۆکاربۆنە. لە نێوان ئیسرائیل، یونان و باشوری قوبرسدا، ماوەی ١٠ ساڵە قۆناغێک لە ئارادایە. پەیمان لەسەر سەرچاوەکانی غازی سروشتی ئیمزا کراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە باشوری قوبرس ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە. بۆیە یەکێتی ئەوروپا لەناو ئەم پرسەیەدایە. تورکیاش، بەسەر باشوری قوبرسەوە دەیەوێت داوای مافێک بکات و هەوڵ دەدات بەشێکی لێدەست کەوێت. پێشتر تورکیا لە دەرەوەی پرسی دابەشکردن لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی، هێڵرابووەوە. ئێستاش بە قوڵکردنەوەی ئاڵۆزیەکان هەوڵ دەدات لە دەوری بابەتەکە بکەوێتە ناو دانوستان و مامەڵەوە. بەڵام وەکو دیارە بارودۆخەکە پێچەوانە بووەوە و تورکیا زیاتر پشتگوێخرا.

ئوزسوی هاوکات تیشکی خستە سەر دەستوەردانی دەوڵەتی تورک لە کاروباری لیبیا و وتی:"لە لیبیا حکومەتی سەڕاج داوای ئاگربەستی بێمەرجی کرد. بەڵام ٣ مانگ بەر لە ئێستا، دەیانوت، 'ئێمە تا دواجار لە دژی تیرۆرستان دەجەنگین'. هەم تورکیا هەم حکومەتی سەڕاج لە دژی خەلیفە حەفتار زەمینێکیان بەدەست هێنا. راستیەکە، تورکیا کاتێک چووە ناو خاکی لیبیا، هیچ ئامانجێکی نەبوو کە لیبیا بە تەواوەتی کۆنتڕۆل بکات و هەموو دژبەرانی سەڕاج لەناو بەرێت. تورکیا حسابێکی وەهای کردبوو کە دەرباسی گۆڕەپانەکە ببێت، ئەوان ناچار بکات بە ئاگربەست و کاتێک ئاگربەستەکە راگەیێنرا لە سەر مێزی گفتوگۆ دانیشێت و بەشێکی دەستکەوێت. بۆیە دەبێت مرۆڤ گوێ لە زۆر قسە نەگرێت. تورکیا ئەگەر بە دەنگێکی بەرزیشەوە لە دژی ئیسرائیل بووەستێتەوە، ئامانجی ئەوەیە کە لەسەر مێزی دانوستانی نێودەوڵەتی جێی خۆی بکاتەوە. چونکە لەسەر مێزەکانی رۆژهەڵاتی دەریای سپی لە بارەی غازی سروشتیەوە، تورکیا شوێنی نەماوە.

بە بەرزکردنەوەی فشارەکان و بە دروستکردنی کێشە و ئاڵۆزی و میلیتاریزەکردن، دەڵێت جێگای منیش لەسەر مێزی دانیشتنەکان بکەنەوە. چونکە ئەردۆغان کەوتووەتە ئەوەی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت ئەگەر لەسەر مێزی گفتوگوکان بەشداریان پێنەکەن و بە نارەوایان پێناسە دەکات. ئەمەش بەو واتایە دێت کە 'بە بێ من ئێوە ناتوانن هیچ پەیمانێک ئیمزا بکەن'.

ئوزسوی وتیشی:" تورکیا تا لە دەستی دێت فشار دروست دەکات و بەم شێوەیە هەوڵ دەدات بچێتە چوارچێوەی گۆڕەپانی رێکەوتنەکانەوە. ئەگەرنا لە بارودۆخێکی وەها بەهێزدا نیە کە بتوانێت لە رووی سەربازیەوە لە دژی یونان یان فەرەنسا بوەستێتەوە. نە بواری ئابوری و نە سەربازی رێگە بەمە نادات."

ز.ش