گیراوی سیاسی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ

حاتەم ئۆزدەمیر هاوڵاتی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گوێزراوەتەوە بۆ گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، حاتەم ئۆزدەمیر-ی هاووڵاتی باکوری کوردستان کە لە کۆتایی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو، بۆ لێکۆلینەوەی دووبارە، گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی (ئیتلاعات)ی ورمێ.

حاتەم ئۆزدەمیر پێشتر دوو مانگ لە گرتووخانەی (ئیتلاعات) لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و لە کۆتایی مانگی گەلاوێژدا گوازرابوەوە زیندانی ورمێ.

ئۆزدەمیر بە بیانووی ناردنە دەرەوە بانگ کرایە بنکەی پاسەوانی زیندانەکە، لەوێ ڕادەستی هێزەکانی ئاسایش کراوە. بە بڕیاری دادگای باڵای ورمێ، بۆ پرۆسەی لێکۆڵینەوە دووبارە ڕادەستی هێزەکانی ئیتیلاعات کراوەتەوە.

حاتەم ئۆزدەمیر لە ڕۆژی ٢ی تەمووزی ٢٠١٩/ ١١ی پووشپەڕ لە میانەی پێکدانانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە -PKK) و ئەندامانی بڕیارگەی حەمزە-ی سوپای داگیرکەر لە ناوچەی سنووری چالدێران لەلایەن هێزەکانی سوپاوە دەستگیر کرابوو. لە کاتی دەستگیرکردنەکەی بەهۆی بەرکەوتنی تۆپ بێهۆش کەوتبوو، دوای دەستگیرکردنەکە یەکسەر گواسترابوەوە بۆ زیندانی ئاسایش (ئیتلاعات)ی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران.

ک-ش