دادگای تورکیا: داعش تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام نەداوە

دادگای تورکیا ڕەتیکردەوە ئەندامانی داعش، ئەوانەی کە هێرشیان کردبوویە سەر هەدەپە لە ئامەد. بە 'تاوان لە دژی مرۆڤایەتی' سزا بدات.

١٣هەمین دانیشتنی دادگای دووەمی سینجان کە دادگای سزا قورسەکانە لە ئەنقەرە، لەبارەی دۆسیەی هێرشکردنە سەر میتینگی جەماوەریى هەدەپە لە ئامەد بە ڕێوەچوو. ئەو هێرشە لە ٥ ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دژ بە میتینگی هەدەپە لە شاری ئامەد ئەنجام درابوو.

تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە ئۆرهان گۆندەر لە هۆڵی دادگادا ئامادە بوو. تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکانى تر بە ناوەکانی مستەفا کلنچ و ئیسماعیل قۆرقماز-یش لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری دانیشتەکەی دادگایان کرد. بورهان گۆک تۆمەتبارى دەستگیرنەکراوە، لە رێگەى ئینتەرنێتەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری دانیشتنەکەی دادگا بوو.

هەروەها هەریەک لە لیسا چالان کە لە هێرشەکەدا هەردوو قاچەکانی لەدەستدابوو، بریندارانی کۆمەڵکوژییەکەی گۆڕەپانی ئەنقەرە لە ١٠ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥دا و نوێنەرانی نووسینگەی پارێزەران و یاساناسانی ئامەد، پەرلەمانتارانی هەدەپە هەریەک لە کەمال پەکۆز و سەلچوک مزراکلی، بەشداری دانیشتنەکەی دادگایان کرد.

"بە شێوەیەکی ڕێکخراو هێرشەکەیان ئەنجام داوە"

پارێزەری قوربانیەکان ئۆزگیور ئەرۆل لە دانیشتنی دادگادا جەختی لەوە کردەوە، دەبێت تۆمەتباران بە 'تاوان لە دژی مرۆڤایەتیی' سزا بدرێن و وتیشی "ئەنجامدەرانى ئەم رووداوە کەسانى بەرپرس و سەرەکیى داعشن و بە کۆمەڵ هێرشیان کردووەتە سەر جەماوەر. سەرەتا ئۆرهان گۆندەر و پاشان ئەوانی تر پێکەوە، بە شێوەیەکی ڕێکخراو و پیلان بۆ داڕێژراو، هێرشەکەیان ئەنجامداوە".

ئۆزگیور ئەرۆل ئەوەشى وت "ئەو هێرشە لە دژی میتینگی هەدەپە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتایی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ. لەو هێرشەدا کورد و جەماوەری هەدەپە کرابوونە بە ئامانج. لەبەر ئەوە دەبێت تۆمەتباران بە تاوان لە دژی مرۆڤایەتیی سزا بدرێن. هێرشەکانی سووروچ (پرسوس) و ئەنقەرەش لەسەر هەمان بنەما ئەنجام دراون. لەو چالاکییانەدا کەسانی مەدەنیی کراونەتە ئامانج. هەربۆیە ئەو هێرشە لە دژی مرۆڤایەتیی ئەنجام دراوە".

دەستەی دادگا: تاوانی دژ بە مرۆڤایەتى نییە

دەستەی دادگا، بڕیاریان دا کە تۆمەتباران لە چوارچێوەی 'تاوان لە دژی مرۆڤایەتیی'دا سزا نەدرێن و داوای پارێزەری قوربانیەکانیان ڕەتکردەوە.

دانیشتنی دادگا بۆ ڕۆژی ٤ ی ئەیلولی ئەمساڵ دواخرا.

ر.م