دۆزی چالاکوانیکى کورد بەسەر پۆلیسی ئەڵمانیادا سەرکەوت

موستەفا توزاک لە رێپێوانێکدا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا جلێکى لەبەر کردبوو، کە وێنەى ئۆجالانی لەسەر بوو، بەڵام پۆلیس هێرشی کردە سەری و توندوتیژیی بەرامبەر ئەنجامدا و سکاڵایان لە دژ تۆمارکرد، بەڵام دواى زیاتر لە ساڵێک و لە ئەنجامدا تۆزاک سەرکەوت.

موستەفا تۆزاک لە دویسبورگی ئەڵمانیا لە کاتی چالاکییەکانی مانگرتن بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستی بە چالاکیی مانگرتن کردبوو و لە هەمان کاتدا بە جلێک، کە وێنەى ئۆجالانی لەسەر بوو بەشداریی لە رێپێوانی رۆژی ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ دا کردبوو.

 پۆلیسی ئەڵمانیا لەو رێپێوانەدا هێرشیان کردە سەر موستەفا تۆزاکی مانگرتوو و دەستگیریان کرد و لە دژی سکاڵایەکیشیان تۆمار کرد. دوای زیاتر لە ساڵێک دوا دانیشتنی ئەو دۆسیەیە دوێنێ ٢ی ئابی ٢٠٢٠ لە کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.

توزاکی مانگرتوو لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا لەلایەن پۆلیسەوە توندوتیژیی بەرامبەر ئەنجامدرابوو.

یەنەر سۆزەر پارێزەری موستەفا توزاک لەبارەى دانیشتنەکەى دادگاوە رایگەیاند، رێپێوانەکە بە گشتی یاسایی بووە و ئەو جموجوڵ و رەفتارەی پۆلیس بەرامبەر بە توزاک هیچ پاساوێکى یاسایی نەبووە.

پارێزەرەکەى توزاک راشیگەیاند "لە کۆتایدا دادپەروەری چەسپا و ئێمە دۆزەکەمان بەسەر پۆلیسی ئەڵمانیادا سەرخست".

ژ.ت