راگەیاندراوی 'دەستپێشخەریی ئازادی بۆ ئۆجالان' لەبارەى گرابەرەوە

دەستپێشخەریی 'ئازادی بۆ ئۆجالان و ئاشتیش بۆ کوردستان' لەبارەى کۆچی دوایی دەیڤید گرابر چالاکوانی ئانارشیت و ئانترۆپۆلۆژیست و دۆستی کورد رایگەیاند "گرابر یەکێک لە گرنگتەرین ئینتلکتیولە شۆڕشگێڕەکانی سەردەم بوو".

دەستپێشخەریی 'ئازادی بۆ ئۆجالان و ئاشتیش بۆ کوردستان' راگەیاندراوێکى لەبارەی کۆچی دوایی دەیڤید گرابر بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "لە ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٠ دا هاوڕێ و دۆستی هێژامان دەیڤید گرابر لە ناکاو ژیانی لە دەستدا و ئێمە زۆر پێی نیگەران و خەمبار بووین. گیان لەدەستدانی بۆ ئێمە لە دەستدانێکى گەورە بوو. ئێمە خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵەکەى و هەڤاڵەکانی دەزانین.

گرنگترین تایبەتمەندیی دەیڤید گرابر ئەوە بوو، کە بە شێوەیەکى جیاواز سەیری ژیانی دەکرد. بەشێکی زۆر لەو رووداوانە کە بۆ ئێمە ئاسایی بوونەتەوە و گوێیان پێنادەین ئەو بە بەردەوامی بە بۆچوونێکى جیاوازەوە سەیری دەکردن و لێکدانەوەى بۆ دەکردن. خۆڵقکاربوونە بێهاوتاکانی وایدەکرد، کە هەم لە دیسیپلین دا جیاواز بێت و هەم لە هەموو کاتێکی جیاوازدا بەبێ دژواری و زەحمەتی کارەکانی بەڕێوەببات.

دەیڤید گرابر چ لە بزووتنەوەى 'وڵ ستریت داگیر بکەن' و چ بۆ شۆڕشی کوردستان بە تایبەتی رۆژئاوا، هەموو کات بە هەڵوێستێکى پێشبینیکراو و دووربینانەى شۆڕ شگێڕانەوە دەجوڵایەوە. هەر کات بندەستەکان دەستیان بە جموجوڵ و هەوڵ بکردایە و شتێکی نوێیان بئافراندایە، دەیڤید بە تیۆرییەکانی خۆی پشتگیریی لێدەکردن.

کاتێک ئەوەى دەکرد، هەندێکجار هەموو دونیا و هەندێکجاریش کۆمەڵگەى چەپ لە دژی دەوەستانەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ کورددا ئەوە بە باشی دەبینرا. دەیڤید ٥ ساڵ لەوە  پێش لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا کە بە گومانەوە لە شۆڕشی رۆژئاوا نزیک دەبوونەوە وتی 'نا، لەوێ شۆڕشێکی راستەقینە روودەدات'. فەلسەفەی سیاسیی عەبدوڵا ئۆجالانی شرۆڤە دەکرد و دەستیکرد بە دیالۆگی ناڕاستەوخۆ لەگەڵی".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دەیڤید گرابر هاوکارییەکی بەهێزی لە ناساندنی دونیای ئینتەلەکتویل (رۆشنبیرانی پێشەنگ)دا بە بزووتنەوەى ئازادیی کورد و لە ئاستی نێونەتەوەیی ئەنجامدا و ئەوەشیان راگەیاندووە، هاوکات بە شیکاری و شرۆڤە و ئانالیزەکانی بۆچوونەکانی ئەوانیشی بەهێز کرد.

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەو لە رۆژئاوا و لە هەموو شوێنێکدا، کە رۆحی مرۆڤەکانی تیادا ئازاد بێت، بە بەردەوامی یادی دەکرێتەوە".

ژ.ت