رێنەر: دەبێت گۆشەگیری کۆتایى پێ بهێنرێت

مارتینا رێنەر پەرلەمانتاری پارتى چەپی ئەڵمانیا (دی لینکە) بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانی مانگرتن سەردانى مانگرتوانى ستراسبۆرگی کرد و رایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ ئەوەى داواى چالاکوانانى مانگرتوو لە ئەڵمانیا و ئەوروپا قبوڵ بکرێن.

مانگرتنى بێسنوور لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٥١هەمین رۆژدایە و مارتینا رێنەر پەرلەمانتاری پارتى چەپی ئەڵمانیا (دی لینکە) و ئەندامی ئەنجوومەنى کاروباری ناوخۆیى پەرلەمانى فیدراڵی ئەڵمانیا لەگەڵ گۆکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری کورد لە پارتى چەپ سەردانى مانگرتوانیان کرد.

رێنەر لەکاتى سەردانی مانگرتووەکاندا لەگەڵ یوکسەل کۆچ و مانگرتووەکانى تردا گفتوگۆی کرد و گوێى لە داواى مانگرتووەکان بۆ مافەکانى کورد و نەهێشتنى گۆشەگیری کرد.

 

"ئێمە دەمانەوێت گۆشەگیری کۆتایى پێ بهێنرێت"

مارتینا رێنەر رایگەیاند، پشتیوانى لە داواى مانگرتووەکان دەکەن و پێویستە سیاسەتمەدارە کوردەکانى هەدەپە ئازاد بکرێن و گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کۆتایى پێ بهێنرێت.

مارتینا رێنەر سەرنجی خستەسەر هەڕەشە و هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا و راشیگەیاند، تورکیا هاوکاریى چەتە پاشماوەکانى داعش دەکات. بێدەنگیی حکومەتە ئەوروپییەکان دەبنە هۆی ئەوە کورد هەڕەشە و مەترسیى لەسەر دروست بێت، بەڵام پارتى چەپ لەگەڵ کورد دایە.

داواى کۆتایهاتن بە هاوکارییەکانى ئەڵمانیا بۆ دەوڵەتى تورک

مارتینا رێنەر پارلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا ئاماژە بەوەکرد، داواکانى کورد داواى ئەوانیشە و هەوڵیش دەدەن بە بەردەوامى ئەو داوایانە بخەنە رۆژەڤی پەرلەمانى فیدراڵەوە. پێویستە ئیتر چەک بە تورکیا نەفرۆشرێت، هاوکاریى سەربازی، پۆلیسی و هەواڵگری بۆ تورکیا کۆتایى پێ بهێنرێت. هاوکات بۆ ئەوەى نیشانى بدەین کە پشتیوانى لە گەلانى باکووری سوریا دەکەین، هاتووین بۆ ستراسبۆرگ.

"لە ئەوروپا زۆرێک لە شتەکان نابیرێن و بە نەبوو دەزانرێن"

لەبارەى بێدەنگی بەرامبەر بە گۆشەگیریى سەر ئۆجالان رێنەر وتى، ئەڵمانیا و زۆرێک لە وڵاتانى تری ئەوروپی بەهۆی سیاسەتى ناوخۆییانەوە وەک "رێککەوتنى پەنابەران" و بەهۆی جۆری سیاسەتى دەرەوەیان لە چوارچێوەى ناتۆدا، لە پاڵ رژێمەکەى ئەردۆغاندان.

مارتینا رێنەر وتیشی، داواکانى چالاکوانە مانگرتوەکان بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیری بەشێکە لە مافە گەردوونییەکانى مرۆڤە. ئەوروپا گوشاری سەر ئازادیى رۆژنامەنووسی لە تورکیا، دادگا سیاسییەکان و زۆریکیتر لە پێشێلکارییەکانى مافەکانى مرۆڤ نابینێت و بە نەبوویان دەزانێت.

"بەبێ ئەوەى درەنگ بێت، پێویستە هێزە دیموکراتیکەکان دەستبەکار ببن"

مارتینا رێنەر ئەوەشی وت، بۆ کۆتایهاتن بە بێدەنگیى راى گشتی لە ئەوروپا چوونەتە پاڵ مانگرتووەکان. بۆ ئەوەى باشتر تێگەیشتن لەسەر ئەوە دروست بێت، کە 'مرۆڤەکان بۆ لە ئەوروپا و تورکیا چالاکیى ئەنجام دەدەن' زیاتر هەوڵ دەدەن. پێویستە بەبێ ئەوەى درەنگ بێت، هەموو هێزە دیموکراتیکەکان دەست بە جموجوڵ بکەن.

نەک تەنها حیزبی چەپ

مارتینا رێنەر ئاماژەی بەوەشکرد، دی لینکە (پارتی چەپ) لە پەرلەمانى ئەوروپا لە زۆرێک لە دانیشتن و پلاتفۆرمەکان دا سەرنجەکان رادەکێشێتە سەر کێشەى کورد و ئەو کێشەیە دەخاتە بەر باس، حیزبە چەپەکان لە ئەوروپا دەیان ساڵە لەسەر ئەو بابەتە هەستیارن. لە زۆرێک لە وڵاتانى ئەوروپادا حیزبە چەپ – سۆسیالیستەکان لە دۆخی کەمینەدان، بۆیە ناتوانن دەنگی خۆیان وەک پێویست بەرز بکەنەوە. ئەگەر کەمیش بێت سۆسیال دیموکراتیکەکان، سەوزەکان و هەندێک لە حیزبە موحافیزکارە راستڕەوەکان هەڵوێستى باشیان لەو بوارەدا خستووەتەڕوو. بۆ نمونە پارتی یەکێتیى دیموکراتیکى کریستیان (CDU)، کە هاوبەشی دەسەڵاتە لە ئەڵمانیا بۆ رێگریکردن لە هێرشەکان بۆ سەر رۆژئاوا داواى دروستکردنى "ناوچەى دژە فڕینی کرد". هەوڵەکان بۆ کورد نابێت تەنها لەسەر شانی حیزبە چەپەکاندا بێت، بەڵکو پێویستە لایەنەکانى تریش لە هەوڵدا بن.

ر.م