سەردانى بنەماڵەکان بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجالان رەتکرایەوە

دوێنێ بنەماڵەى ئۆجالان و ٣ زیندانیى تر بۆ ئەنجامدانى دیدار لەگەڵ ئۆجالان سەردانى داواکارى گشتیى کۆمارییان لە بورسا کرد، بەڵام سەردانەکەیان بۆ دیدار رەتکرایەوە.

دوێنێ بنەماڵەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ٣ زیندانیى تر لە زیندانى جۆرێ ئێفی ئەمنیى ئاست بەرزی ئیمراڵی دا بە مەبەستى ئەنجامدانى دیدار و رۆیشتنیان بۆ ئیمراڵی سەردانى داواکاری گشتیى  کۆمارییان لە بورسا کردبوو. سەردانى بنەماڵەکان لەلایەن داواکارى گشتیى بورساوە رەتکرایەوە.

محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، مەزڵوم دینچ وەسیى ئۆجالان بۆ ئەنجامدانى دیدار لە ئیمراڵی سەردانى داواکاری گشتیى کۆمارییان لە بورسا کرد. هەروەها پۆڵات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم، ئەمین کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار و سەبیحە ئاسلان خوشکی وەیسی ئاکتاش-یش بۆ هەمان مەبەست سەردانى داواکارى گشتیى کۆمارییان لە بورسا کردبوو.

سەردانى بنەماڵەکان بۆ ئەنجامدانى دیدار لەگەڵ ٣ زیندانییەکەى تریش دا رەتکرایەوە.

داواکاری گشتی بڕیاری دادگای لە رۆژی ٢٢ی نیسانی وەک پاساو بۆ رەتکردنەوەى سەردانى بنەماڵەکان خستبووە ڕوو و سەردانەکەى رەتکردبووە.

عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش لە کاتى پرۆسەى ئاشتی و لە رۆژی ١٥ی ئاداری ٢٠١٥ / ٢٤ی رەشەمە بۆ ئەنجامدانى کاری سکرتاریەت بۆ ئۆجالان چووبوونە ئیمراڵی و حامیلی یڵدرمیش رۆژی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٥ / ٢٤ی پووشپەڕ چووە ئیمراڵی. بنەماڵەکان لە دواى تێکشکاندنى گۆشەگیری و بۆ یەکەمجار لە ٥ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ١٥ی جۆزەردان دا چوون بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا.

ر.م