شەپۆلی دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" لە بەرلین دەنگ دەداتەوە

خۆپیشاندانى جەماوەریى بەرلین بە بۆنەى ٢٥هەمین ساڵی قەدەغەى پەکەکە لە ئەڵمانیا سەرباری رێگری و هۆشداریى پۆلیسى ئەڵمانیا کە دەڵێن "ئەوە دروشمی قەدەغەکراوە" دیسانەوە خۆپیشاندەران بێ وەستان دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەڵێنەوە.

رێپێوانى هەزاران کەسی لە شاری بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا لە دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی ئالێکساندەر پلاتز دەستپیپێکردووە و بە جۆش و خرۆشانێکى گەورەوە بەردەوامە.

لە رێپێوانەکەدا بە دروشمی "ناکریت داواى ئازادیى قەدەغە بکرێت، تێکۆشانی هاوبەش لە دژی یاسای پۆلیس و قەدەغەى سەر پەکەکە و نەژادپەرستی" سیاسەتى دەوڵەتى ئەڵمانیا بۆ تەریککردن و گۆشەگیرکردنى تێکۆشانی ئازادیى کورد ئیدانە دەکرێت.

لە رێپێوانەکەدا قەدەغەکاریى دەوڵەتى ئەڵمانیا لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رەتکرایەوە. چەندین پۆستەری ئۆجالان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەرزکرایەوە و بەبێ وەستان دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەوتێیەوە.

لەسەر وتنەوە و بەرزکردنەوەى ئەو دروشم و پۆستەرانە ژمارەیەک پلیس هەوڵیاندا رێپێوانەکە رابوەستێنن و بۆ ئەوەش هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران. پۆلیسە تێکدەرەکان بەلانیکەمەوە ٣ خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد. بەهۆی هەڵوێستى پێداگرانە و لەسەرخۆی خۆپیشاندەران رێگری لەو هەوڵە تێکدەرانەیەى پۆلیس کرا.

هۆشدارییەکانى پۆلیس بە زمانى تورکی جێگاى سەرنج بوو. بەرخودانى خۆپیشاندەران لە دژی پۆلیسەکان بەردەوامە.

هەروەها لە خۆپیشاندانەکەدا چالاکوانان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادیى کورد دەربڕی. بۆ ئەوەش خۆپیشاندەران چەندین لافیتە و پۆستەر، کە لەسەریان نووسرابوو "ئێمە هەموومان جەمیل بایکین"، "ئێمە هەموومان موراد قەرەیلانین" و "ئێمە هەموومان دوران کاڵکانین" بەرزکردبووە.

ر.م