فه‌ڕه‌نسا لێكۆڵینه‌وه ده‌كات ده‌رباره‌ی ڕۆڵی میت له كۆمه‌ڵكوژیی پاریس
دۆسیه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی ٣ ژنه شۆڕشگێڕه‌كه‌ی كورد كه كانوونی دووه‌می ٢٠١٣ له پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا تێرۆر كران، گه‌یشته قۆناغێكی نوێ.
دۆسیه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی ٣ ژنه شۆڕشگێڕه‌كه‌ی كورد كه كانوونی دووه‌می ٢٠١٣ له پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا تێرۆر كران، گه‌یشته قۆناغێكی نوێ.
٩ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٣ له پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا سێ ژنه شۆڕشگێڕی كورد ساكینه جانسز ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ی په‌كه‌كه، فیدان دۆغان نوێنه‌ری كه‌نه‌كه و له‌یلا شایله‌مه‌ز ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی كورد تێرۆر كران. ده‌رباره‌ی ڕۆڵی میتی تورك له كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌دا فه‌ڕه‌نسا ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه كرد.
خانه‌واده‌ی ٣ شه‌هیده‌كه ئاداری ٢٠١٨ داواكارییان پێشكه‌شی ده‌زگه‌ی دادوه‌ریی فه‌ڕه‌نسا كردبوو و داوایان كردبوو لێكۆڵینه‌وه له كه‌س و لایه‌نانه بكرێت كه فه‌رمانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌یان داوه و هاوكارییان كردووه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌مه‌به‌ستی سه‌رله‌نوێ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه دادوه‌رێكی دژه‌تێرۆر ڕا‌سپێردرا. پارێزه‌ر ژان لویی مالتره به ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی ڕاگه‌یاند، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه كراوه‌ته‌وه و له‌مه‌وبه‌دوا لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی ڕۆڵی میتی تورك له كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌دا ده‌كرێت. گوتیشی، ده‌زگه‌ی دادوه‌ری قبووڵی كردووه لێكۆڵینه‌وه له‌م بابه‌ته‌دا بكات و هێشتا ڕوون نییه لێپرسینه‌وه‌كان چه‌ند ده‌خایه‌نێت.
مالتره ڕایگه‌یاند، دوای مردنی كوژه‌ری تۆمه‌تبار له زیندان ئێمه ڕامانگه‌یاندبوو كه ئه‌و كه‌سه ته‌نیا نییه به‌ڵكوو شانه نهێنییه‌كانی توركیا چه‌كیان پێداوه. له دۆسیه‌ی پێشوودا ته‌نیا ده‌رباره‌ی كوژه‌ر عومه‌ر گیونه‌ی لێكۆڵینه‌وه ده‌كرا، به‌ڵام له هه‌مان دۆسیه‌دا ڕۆڵی میت به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون ده‌ستنیشان كرابوو.
ڕووداوێكی مێژوویی
هاوكات پارێزه‌ر ئانتۆین كومت به ئاژانسی ڕۆژنامه‌وانی فه‌ڕه‌نسا (AFP)ی ڕاگه‌یاند، «ئه‌مه ڕووداوێكی مێژوییه. كۆتایی به سزانه‌دانی كوشتنی سیاسی له فه‌ڕه‌نسا ده‌هێنرێت كه به فه‌رمانی ده‌ره‌كی ده‌كرێن.»
تۆمه‌تباری كۆمه‌ڵكوژیی پاریس عومه‌ر گیونه‌ی دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه، له ساڵی ٢٠١٦ به‌شێوه‌یه‌كی گوماناوی له زیندان مرد. دۆسیه‌كه‌ی ناوبراو به كردار داخرابوو به‌ڵام خانه‌واده‌ی قوربانییان و كوردان ڕه‌تیان كردبوویه‌وه دۆسیه‌كه به‌م شێوه‌یه كۆتایی بێت. ١٢ی ئاداری ٢٠١٨ سه‌رله‌نوێ سكاڵایان له‌م باره‌یه‌وه تۆمار كرد.
s.m