كەسوكاری بێ سەروشوێنکراوەکانی كەركووك داوای چارەنووسی کەسوکاریان دەکەن

لە بەردەم بیانی پارێزگای كەركووک كەسوكاری بێسەروشوێنکراوان كەركووک گردبوونەوە و داوای چارەنوسی منداڵەکانیان لە ئیدارەی پارێزگاری كەركوک کرد.

كەسوكاری ئەو هاوڵاتیانەی کەرکووک کە لەدوای هاتنی داعش بێسەوشوێنکراون، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای دیاری کردنی چارەنووسی ئەو کەسانەیان کرد کە بێسەروشوێن کراون.

لە گردبوونەوەكەدا، كە سەرجەم ئامادەبووان لە نەتەوەی عەرەب  پێكهاتبوون و حكومەتی هەرێم و ئاسایشی یەكێتی و پارتی و حەشدی شەعبی-یان بە دیار نەمانی كەسوكاریان تۆمەتبار دەكرد.

عەلی حوسێن، نوێنەری كەسوركاری بێسەروشوێنکراوەکانی كەركوك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا بەیانامەی کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکانی خوێندوە کە تێیدا هاتبوو:" بۆ پارێزگاری كەركوك بەو پێ-یەی بەرزترین دەسەڵاتی لەم شارە، داوا لە بەڕێزتان دەكەین سەرجەم پەیوەندیەكان بخەیتە گەڕ بۆ دیاری کردنی چارەنووسی هاوڵاتییە بێسەروشوێنکراوەکان، بە تایبەت دوای ئەو بەیانامەیەی هەرێم، كە دەڵێت هیچ كەسێك بە بیانووی سیاسی لە زیندانەكانی هەرێمدانین، كەوایە چارەنووسی نەوەكانی ئێمە كوا، ئەمە دەرخەری ئەوەیە، كە چارەنووسی نەوەكانمان مەترسیدارە."

لەدرێژەی بەیاننامەکەدا داوا لە حزبە سیاسیە كوردییەكان وە دەزگا ئەمنیەكان کرابوو، کە چارەنووسی نەوەکانیان ئاشکرا بکەن، هەروەها هاتبوو: دوا لە هێزی چەسپاندنی یاسای كەركوك و سەرجەم بەرپرسەكان دەكەین، كە ڕۆڵەكانمان لە زیندانەكانی هەرێم دەربخەن كە بە بێ هیچ هۆكارێكی یاسایی لە زیندانەكانی هەرێمن، بۆیە داوا دەكەین گەر تاوانبارن نەوەكانمان ئەوا ڕادەستی هێزە ئەمنیەكانی كەركوكیان بكەنەوە."

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: پێویستە نەتەوەیەكگرتووەكان و  مانگی سوری نێودەڵەتی ڕێكخراوی خاچی سور بێنە دەنگ لەسەر ئەم بابەتە و دەستێوەردانی خێرا بكەن بۆ ئاشكرا كردنی چارەنووسی نەوەكانمان، ئەگەر كەس و لایەنەكان لەسەرمان نەیەنە دەنگ ئەوا ئێمە ڕێگای جەماوەری عەشایەری بەكار دەهێنین."

دایکی یەکێک لە بێسەروشوێنکراوان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد ووتی: "کورەکەم منداڵە و قوتابیە کاتێک کە پەریەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی لە ناوچەی مەکحول لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبیەوە کورەکەم بردرا و بێ سەروشوێن کرا لە ٦ی مانگی ئاب-ی ٢٠١٧."

هەروەها محەمەد برای کەسێکی بێ سەروشوێنە بەناوی حەوام تەها عومەر کە پیشەی پارێزەر بووە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: '' ٢٦ی مارس-ی ساڵی ٢٠١٧کاتژمێر ٢ی شەو هێزیکی کوردی لە سلێمانیەوە هاتن براکەمیان برد."

هەروەها برای حەوام تەها ووتی: " هەتا ئیستا نازانین براکەم لە کوێیە و چی بەسەر هاتووە، داوا لە لایەنە ئەمنیەکانی هەرێم دەکەین کە چارەنووسی کەسوکارەکانمان یەکلایی بکاتەوە لە دادگا تا ئەوەی بێ تاوانە ئازاد بکرێ ."

بەپێی وتەی ڕاکان جبوری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک، لە دادگای کەرکوک، نزیکەی ٣ هەزار سکاڵا هەیە، کە لەلایەن ئەو هاوڵاتیانەوە تۆمارکراوە کەسوکاریان بێسەروشوێن کراوە.

ک-ش