لە ئیجە کەشتی پەنابەران ژێرئاوکەوت، هێزی دەریای تورک پەنابەرانی ڕزگار نەکرد

هێزە دەریاییەکانی یونان ٩٠ کەسیان ئازادکرد کە کەشتیەکەیان لە دەریای ئیجەدا ژێرئاوکەوتبوو. بەگوێرەی زانیاریەکان هێزە دەریاییەکانی تورک هەوڵیاندا ڕێگری لە ڕزگارکردنی پەنابەران بکەن.

باسی ئەوەکراوە کە کەشتیەکە ڕۆژی سێشەمە ژێرئاوکەوتووە، ئۆپەڕاسیۆنی ڕزگارکردنی پەنابەران ڕۆژی چوارشەمەش بەردەوام بوو.

پەنابەران رایانگەیاند کە لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێ کەوتوون.

بەپێی قسەی بەرپرسانی یونان لەناو کەسە ڕزگارکراوەکاندا ٣ بازرگانی مرۆڤیش هەن.

ڕاگەیەنرا تەندروستی زۆربەی کەسەر ڕزگارکراوەکان باشە و پەنابەران خەڵکی سوریا، عێراق و سۆماڵ و کوردن.

بەرپرسانی یونان ڕایانگەیاند کە هێزەکانی تورک هاوکاری پەنابەرانیان نەکردووە.

وەزارەتی بازرگانی دەریایی یونان ئاشکرای کرد کە هێزی تورک هەوڵیداوە ڕێگری لە ئۆپەڕاسیۆنی ڕزگارکردنی پەنابەران بکات و دەوریەی تورک بەپێی پەیمانی نێودەوڵەتی ناجووڵێتەوە.

ف.ق