لە پارلەمانی ئەوروپا ۱٥ هەمین کۆنفرانسی کورد دەستی پێکرد

لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ۱٥ هەمین کۆنفرانسی کورد لە پارلەمانی ئەوروپا لە لایە کۆمسیۆنى یەکێتیى ئەوروپا و تورکیا، (کەنەکە)، ئەنستیتۆی کورد لە بروکسل و تۆڕی ئاکادیمیسییەنانی کورد دەستی پێکردووە و تێیدا تورکیا سەرکۆنە کرا.

ئەمڕۆ لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ۱٥ هەمین کۆنفرانسی کورد لە پارلەمانی ئەوروپا دەستی بەکارەکانی کردوە، کە بە هاوبەشی لە لایەن کۆمسیۆنى وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپا و تورکیا (EUTCC)، (کەنەکە - KNK)، ئەنستیتۆی کورد لە بروکسل و تۆڕی ئاکادیمیسییەنانی کورد (کورد ئاکاد - KURD-AKAD)ەوە بەڕێوەدەچێت و ۲ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ئەمساڵیش چەندین دامەزاروە و رێکخراو و حیزب و هێزى سیاسی و کۆمەڵایەتى پشتیوانى لەو کۆنفرانسەکە دەکەن. یەکێتیى چەپ / سەوزی یەکێتیى چەپی ئەوروپای باکوور (GUE/NGL)، هاوپەیمانیى پێشکەوتوخوازی سۆسیالیست – دیموکراتیک (S&D)ەوە پشیتوانى لە کۆنفرانسەکە دەکرێت.


هەروەها ژمارەیەک کەسایەتیی نێودەوڵەتیی پشتیوانى لە کۆنفرانسەکە دەکەن کە بریتین لە: دێسمۆند توتو براوەی خەڵاتى نۆبڵی ئاشتی و خەڵکى ئەفریقای باشوور، شیرین عێبادی براوەى خەڵاتى نۆبڵی ئاشتی و خەڵکی ئێران، بیانکا جاگر باڵیۆزی نیازپاکیى ئەنجوومەنى ئەوروپا و سەرۆکی ئەنجوومەنى مافی مرۆڤی بەریتانیا و خەڵکى نیکاراگوا، نوام چۆمسکی نووسەر و پرۆفیسۆری ئەمریکی، لەیلا زانا براوەى خەڵاتى ساخارۆڤ لە پەرلەمانى یەکێتیى ئەوروپا.

لە کۆنفرانسەکەدا، کە لە ژێر بە ناونیشانی "یەکێتیى ئەوروپا، تورکیا، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و کورد" ساز دەکرێت، لە چوارچێوەى بەشی "فاکتۆری کورد لە ناو سیاسەتى جیهانی، قەیران، کێشە و چارەسەری" گفتوگۆکان دەکرێن و چارەسەریەکان دەخرێنەڕوو.

ئەمڕۆش لە یەکەمین ڕۆژی کۆنفڕانسەکەدا لە ساتەکانی پێشنیوەڕۆ و نیوەڕۆ هەر یەکە لە: پارێزەری مافی مرۆڤ ئاکین بیرداڵ، گوڵسەنەر یۆڵەری هاوسەرۆکی لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆف (ĬHAD)، هاوسەرۆکی گشتیی کۆڵەی مافی مرۆف (ĬHAD) ئۆزتورک تورک دۆغان، ئیبراهیم بیلمەز پارێزەی ڕێبەر ئۆجالان، تۆماس سخێمید سکرتێری گشتیی یەکێتی حقۆقناسان بۆ مافی مرۆڤ و دیموکراسی لەئەڵمانیا، سکرتێری گشتی دادگای گەلیانی تۆگۆنۆنی ، لە بەشی یەکەم و دووەمی کۆنفڕانس وەک پانێلسیت ئاخاوتن. 

ئاکین بیرداڵ: تورکیا کراوەتە زیندان

پارێزەری مافی مرۆڤ ئاکین بیرداڵ، کە هەم پانێلیست و هەم بەڕێوەبەری پێشنیوەڕۆی کۆنفڕانس بوو، سەرنجی ڕاکێشایە سەر خرابی دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان و تورکیا و باسی لە پرسی کورد کرد و ڕایگەیاند: "پرسی کورد پرسێکە کە دەکرا لە جێدا چارەسەری بۆ بکرایە، بەڵام لە بەر ئەوەی چارەسەر نەکرا ئیدی پرسەکە بووەتە پرسێکی هەرێمی و دەرنجامیش ببێتە پرسێکی نێونەوتەوەیی. هەتاوەکو پرسەکەش بێچارەسەر بهێڵدرێتەوە دژوار و قورستر دەبێت. ئەمڕۆکەش بەهۆی سیاسەتی فاشیزمانەی ئاکەپەوە پرسی کورد قۆڵتر کراوەتەوە و بە پێشێلکردنی مافی کورد و مرۆڤ لە کوردستان و تورکیا ئیدی تورکیای کردووەتە زیندانێکی گەورە، بەشێوەیەک کە لە ئێستادا زیاتر لە ۲٦٤ هەزار کەس لە زیندانەکان دان".

یوڵەری: لە تورکیا مەترسی ئەشکەنجە لە سەر هەمووان هەیە

گوڵسەنەر یۆڵەری هاوسەرۆکی لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆف (ĬHAD)، باسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە تورکیا کرد و وتی: "لە تورکیا هەمیشە ئەشکەنجە هەبووە، بەڵام هەرگیز وەک ئەم ساڵانەی ئەم دواییە مەترسیدار و فراوان نەبووە. ئێستا وەک ساڵانی ۸۰ کان ئامێر و ئامرازەکانی ئەشکەنجەدان لە ئاستێکی فراوانتر و مەترسیدارتردا بەکار دەبرێنەوە. دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێکی وەها لە تورکیا مەترسی ئەشکەنجە لە سەر هەمووان هەیە. بەتایبەتی ژنان قوربانی یەکەمی ئەو دۆغەن و کوشتنیان هەڵکشانی زۆری بەخۆیەوە بینیوە".

یۆلەری باسی لە بەشوودان کچان لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا کردوە و سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر ڕێژەی زۆری منداڵان لە زیندانەکانی تورکیا و کێشەکانی کۆچبەران لەو وڵاتە. هاوکات سەرکۆنەی بڕیاری ڕژێمی تورکیای کرد، کە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای سەبارەت بە سەلاحەدین دەمیرتاش دابووی ڕەت کردوەتەوە و وتی: "لە تورکیا دەستوری بنەڕەتی سڕ کراوە، ئەو وڵاتەی لە یاسا و ماف لای داوە، زۆرێک لە بڕیاری گرتنەکان و قەدەغەکردنی ڕێکخراوەکان و چالاکییەکانیان بە گوێرەی یاساکانی تورکیاش نایاسایین و لەدەرەوەی حقوقن".

تورک دۆغان: ۸۰۰ هەزار کەس لە ئازادی بێبەش کراون

هاوسەرۆکی گشتیی کۆڵەی مافی مرۆف (ĬHAD) ئۆزتورک تورکدۆغان ئاشکرای کرد: "بەرخودان لە دژی ستەمێک کە ئێستە لە تورکیا هەیە ئیدی مافە، ئەمڕۆکە لە گرتووخانەکانی تورکیادا کە جێی ۲۱۱ هەزار بەندکرویان تێدا دەبێتەوە، ۲٦۰ هەزار بەندکراو هەن. بەندکراوان لە سەر یەک یان بە شێوەی نۆبەتی دەنون. بەگشتی لە ۸۰۰ هەزار کەس ئازادی ڕامان و کار و چالاکی قەدەغە کراوە. ئەوەش ڕەوشی خراپی تورکیا و دەسەڵاتداریەکەی نیشان دەدات".

تورکدۆغان ئاماژەی بە ڕوشی ڕێبەر ئۆجالانیش دا و وتی: "گۆشەگیری ئیمرالی هەموو تورکیای گرتووەتەوە. بەڵام ئەوەی بەسەر ئۆجالاندا سەپێنراوە لە سەروی گۆشەگیریەوەیە، واتە گۆشەگیری تێپەڕاندووە. لە تورکیا یاساکانی وڵاتیش جێبەجێ ناکرێن و پێشێل دەکرێن، دادگا و دادگەرەکان تەنها بینەرن، لە تورکیا بڕیارەکان کەیفین و بە حەز و خواستی کەسی و دەسەڵاتداران دەدرێن، ئەوەش زۆر مەترسیدارە".

پرسی ئیمرالی چارەسەر نەکرێت هی زیندانەکانی دیکەش چارەسەر ناکرێن

هاوسەرۆکی گشتیی کۆڵەی مافی مرۆف (ĬHAD) ئۆزتورک تورکدۆغان ئاشکرای کرد: "پارلەمانتاری زیندانیکراوی هەدەپە، لەیلا گویڤەن لە زیندان لە دژی گۆشەگیری ئیمرالی مانی لە خواردن گرتووە، کەچی دەسەڵات وەک نەدیو لێی دەڕوانێت. ئەگەر لە وڵاتێک پارلەمانتارێک بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاساکانەوە مان بگرێت، ئەوا ئەو کات شتێک بۆ مرۆڤ نامێنێتەوە تا باسی بکات و بەخۆی دەرخەری دۆخی خراپی ئەو وڵاتە نیشان دەدات. من تێناگەم و هۆکار چییە سەرەڕای ئەوەی دۆخەکە خراپە و داخوازی هەیە، بەڵام دیسان کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (CPT) سەردانی ئیمرال ناکات؟ باشە ئەگەر کێشە لە ئیمرالی هەیە، دەبێت چارەسەر بکرێت. هەتا پرسی ئیمرالی چارەسەر نەکرێت، هی زیندانەکانی دیکەش چارەسەر ناکرێن".

لە ئیمرالی ماف و حقوق بونیان نییە و گۆشەگیر ڕەها هەیە

بەڕێوەبەری بەشی دووەمینی کۆنفڕانسەکە پارێزەر هەیکە گەیسویدە، لە بەشی دووەم  نیوەڕۆدا مافی ئاخاوتنی دایە ئیبراهیم بیلمەز پارێزەر ڕێبەر ئۆجالان. بیلمەز ڕایگەیاند: "لە ئیمرالی دابڕاوین، لەوێ هیچ شتێک باش بوونی نییە. ئیدی تورکیا دەوڵەتێکی حقوقی نییە، هەموو ڕووداوەکان گرێدراوی دۆخی ئۆجالانن. ناحقوقی لە ئیمرالی بە گەلەکۆمەی ساڵی ۱۹۹۹ دەستی پێکردوە. هەلومەرجی ڕاگرتنی ئۆجالان لە زیندان و دادگایی کردنی لە دەرەوەی یاسا و دادگەری و حقوقن. ئۆجالان ساڵانێکە نەیتوانیوە کەس بیبینێت. لە ئیمرالی گۆشەگیریەکی ڕەها هەیە. لە ئیمرالی ماف و حقوق بوونیان نییە".

پارێزەر بیلمەز، ڕەخنەی لە دامودەزگاکانی ئەوروپا گرت و وتی: "ئەگەر ڕەخنە لە ترکیا دەگرن، دەبێت لە کاتی خۆیدا بێت. نەک لە پاش ئەوەی ئاکەپە و ئەردۆغان سیستەمی خۆیان ئاوا کرد بیێتو ڕەخنە بگری، ئەوکات ئیدی ڕەخنەگرتن بێ سود و واتایە".
 
تۆماس سخێمید سکرتێری گشتیی یەکێتی حقوقناسانە بۆ مافی مرۆڤ و دیموکراسی لەئەڵمانیا، یەک لە پانێلستەکان بوو و ئاماژەی بە پێشێلکردنی فراوانی مافی مرۆڤ لە تورکیا کرد و ڕاگەیاند:  "دەمانەوێت پەیامێکی بەهێز بدەینە تورکیا و یەکێتی ئەوروپا. دیوانی دادی ئەوروپا پەکەکەی لە تەرۆر بێبەری کرد، بەڵام بۆچی یەکێتی و کۆنسە و پارلەمانی ئەوروپا ئەو بڕیارە نابینن".

هەر لە بەشی دووەمی پانلێەکانی کۆنفڕانسەکەدا، سکرتێری گشتی دادگای گەل لە دمایمی گەلیانی تۆگۆنۆنی وەک پانێلسیت ئاخاوت و ڕوو بە ئەردۆغان وتی: "تۆ دکتاتۆری، لە مژاری کوردان دا دەبێت خۆسەری بەفەرمی بناسرێت، ئیدی تورکیا بۆ ئەوروپا بۆتە کێشەیەکی ژیئپۆلەتیک، مەخابن ڕووداوگەلێک کە لەوێ ڕوودەدەن لە ئەوروپا و جیهان گوێیان پێ نادرێ و نا بینرێن. بەڵام ئێمە بۆیە لێرەین تا هەمووان لەو ڕووداوانە وریا بکەینەوە و کاردانەوەیان پێنیشان بدەین و سنورێکیان بۆ دابنێین".

هـ.هـ