لە پاوە و سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ۲ کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا

لە دەڤەری کەپرانی شاری سەردەشت کۆڵبەرێک بە دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی ئێران کوژرا و لە شاری پاوەی هەرێمی هەورامان-نیش کۆڵبەرێک بەکەوتنەخوارەوە گیانی لەدەستدا.


بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی هرانای ئێران، سەعات ٠٦:٠٠ی سەر لە ئێوارەی دوێنێ هەینی، لە سنوری نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک بەناوی "سەبور قادری" تەمەن ٤٧ ساڵان خەڵکی شاری پاوەی هەرێمی هەورامانی بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرزاییەکەوە کەوتوەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.

ئاژانسەکە ئاکراشی کردووە،  شەوی ٥ شەممەی ڕابردووش، لە دەڤەری  کەپرانی شاری سەردەشتی پارێزگای ورمێ، هێزەکانی ئێران دەستڕێژی گوللەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردوە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی ئەسکەندەر کوژراوە.

ئاژانس هرانا ڕایشیگەیاندوە، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٧ی پارەوە تا  مانگی نیسانی ئەم ساڵ ۲۰۱۸، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  ٤٦ کۆڵبەر بە گوللەی هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە کوژراون و ٥٨ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.

هـ.هـ