لە پەرلەمانى ئەڵمانیا کۆنفرانسێک لەسەر کێشەى کورد رێکدەخرێت

ئەمڕۆ هەینی لە پەرلەمانى فیدراڵی ئەڵمانیا کۆنفرانسێک لە ژێر ناوی "رێنوێنی و دەرفەتە رۆژانەییەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" بەڕێوەدەچێت.

لەم کاتەدا، کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتى لە سوریا و رۆژئاواى کوردستاندا رووداوی قەیراواناوی و کارەساتبار روودەدەن، پەرلەمانى فیدراڵی ئەڵمانیا ئەمڕۆ میوانداریی کۆبوونەوەیەکى گرنگ دەکات. کۆبوونەوەکە کۆنفرانسێکە لە بینای 'ماریە ئەلیسابس لودێرز هاوس - Marie-Elisabeth-Lüders-Haus' لە پەرلەمانى فیدراڵ بە ناو ناونیشانی "رێنوێنی و دەرفەتە رۆژانەییەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" بەرێوەدەچێت.  

هاوکات لەگەڵ بەشداریى چەندین سیاسەتمەدار و پسپۆڕ لە تورکیا و کوردستانەوە، چەندین کەسیش لە ئەڵمانیاوە بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن، کە بڕیارە کاتژمێر ١٠:٠٠ی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت و تاوەکو ئێوارە بەردەوامیى هەبێت.

چەندین کەس بەشداریی پانێلەکانی کۆنفرانسەکە دەکەن

هێلین ئەڤریم سۆمێر پەرلەمانتاری پارتی چەپ، د. بۆریس کانزلیتەر لە وەقفی رۆزا لوکسەمبورگەوە لە کۆنفرانسەکە وتە پێشکەش دەکەن. کۆنفرانسەکە بە پێشەکیی "هۆکار و پشتپەردەی کێشەى کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" دەستپێدەکات و ئەو پێشەکییەش لەلایەن مێژووناس ئیسماعیل کوپەلی-یەوە پێشکەش دەکرێت.

دواى ئەوەش بە بەشەداریى کلودیا رۆس جێگری سەرۆکی پەرلەمانى فیدراڵی ئەڵمانیا، د. دانیەل دی ریدەر جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانی فیدراڵ و ستیفان لیبیچ وتەبێژی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى چەپ پانێلێک رێکدەخرێت.

 هاوکات لەگەڵ ئەندامانی پارتی چەپ بۆ ژمارەیەکیش لە کەسایەتییەکانى حیزبی سەوزەکان و حیزبی سۆسیال دیموکراتەکانى ئەڵمانیا پانێلێک بە ناوی "سیاسەتى ئەڵمانیا و کێشەى کورد" رێکدەخرێت.

دواى نیوەڕۆش پانێلێک بە ناوی "باشووری کوردستان لە نێوان هەوڵی سەرنەکەوتوانەى سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیى هەرێمی"دا رێکدەخرێت. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانى هەرێمى فیدراڵی کوردستان و پرۆفیسۆر د. ڤۆڵکەر پیرتز بەرێوەبەری وەقفی زانستیى و سیاسیی لە پانێلەکەدا قسە دەکەن.

دواى ئەوەش پانێلێکى تر بە ناوی "باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەر و مەترسیی خۆبونیاتنانەوەى رژێمى ئەسەد دا"  بەرێوەدەچێت. لەو پانێلەدا ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنى سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) و نووسەر ئانیتا ستارۆستا وتە پێشکەش دەکەن.

دوا پانێلی کۆنفرانسەکەش بە ناوی "تورکیای ئەردۆغان لە نێوان گوشار و تێکۆشانی دیموکراسی دا" بەرێوەدەچێت و تیایدا پرۆفیسۆر د. میدحەت سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتاری جەهەپە د. سەزگین تانری ئۆکلو و د. دیلەک کوربان قسە دەکەن.

ژ.ت