محەمەد ئۆجالان: دەبێت لەدژى گۆشەگیرى ڕاپەڕین!

محەمەد ئۆجالان داوایکرد، گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد قبوڵ ناکرێت و پێویستە بکەوینە جموجوڵ. ئۆجالان هۆشداریى دا "رەنگە سبەى درەنگ بێت".

محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لەبارەى گۆشەگیری و باردۆخى ئۆجالانەوە وتى، تاوەکو ئێستا داواکانیان بۆ سەردان و بینینى ئۆجالان قبوڵ نەکراوە و پاساوەکانیشیان بۆ رێگریکردن لەسەردانەکان راست نین.

محەمەد ئۆجالان بۆ ئاژانسى هەواڵى میزۆپۆتامیا (MA) وتى "لە ئیمرالی بارودۆخێکى جیاوازتر و سەرتر لە گۆشەگیرى هەیە. ئەو دۆخە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و دەبێت سەرەتا گەلی کورد و بە گشتی گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری لە ئیمراڵی بە بێ پسانەوە تێبکۆشن".

"دەبێت ئۆجالان رۆڵى خۆى بگێڕێت"

ئۆجالان رایگەیاند، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چەندین کێشەى تیادایە و گەورەترین کێشەش کێشەى کوردە و وتیشی "ئەگەر هێزە سەردەستەکان بیانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت ئەوا پێویستە رێگاى چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان بکرێتەوە. تەنها ئۆجالان دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. بۆ ئەوەى ئۆجالان رۆڵى خۆى بگێڕێت پێویستە دۆخەکە باشتر بکرێت".

"دڵی کورد لە ئیمراڵییە"

ئۆجالان راشیگەیاند، گوێ، چاو و دڵی گەلی کورد لە ئیمراڵییە و ئەوەشى وت "چاو و دڵ و گوێى گەلی کورد لە ئیمراڵییە. تاوەکو دێت گەل زیاتر بێ ئومێد دەبێت. بێهیوابوون بە مانای ئەوەیە، کە تورکیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەرەو رێگایەک دەڕون، کە گەڕانەوەى بۆ نییە".

"رەنگە سبەى درەنگ بێت"

ئۆجالان باسى ئەوەشیکرد، دەبێت سیاسەتمەدارانی کورد و گەلی کورد بۆ نەهێشتنى گۆشەگیرى لەسەر رێبەرەکەیان بەشێوەیەکى چڕوپڕ تێبکۆشن و پێویستە سیاسەتمەداران زیاتر سیاسەتەکان لەسەر گۆشەگیرییەکەى ئیمراڵى بێت.

محەمەد ئۆجالان براى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە کۆتایى قسەکانیدا وتى "بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ ناکرێت کە ئۆجالان لە دەرەوەى رۆژەڤ بهێڵدرێتەوە. پێویستە گەلی کورد بە خێرایى راپەڕێت. ئەگەر ئەوە ئەمڕۆ روو نەدات رەنگەى سبەی زۆر درەنگ بێت. ئێمەیان کوێر، کەڕ و لاڵکرد. دەبێت ئەوە قبوڵ نەکرێت. باجی ئەوەى چى دەبێت با ببێت ئامادەم بیدەم. دەبێت هیچ کەس لەو باجە نەترسێت کە دەیدات تاوەکو گۆشەگیریى ئیمراڵى لادەبرێت، پێویستە بەبێ پسانەوە تێکۆشان بکەین".

ر.م